رفتن به محتوای اصلی

هرانا: بەڵگە هەیە بریندارانی خۆپێشاندانەکانی ئێران لە کاتی چارەسەری پزیشکیدا کوژراون

هرانا: بەڵگە هەیە بریندارانی خۆپێشاندانەکانی ئێران لە کاتی چارەسەری پزیشکیدا کوژراون
posted onJanuary 21, 2026
noدیدگاه

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هرانا" ڕایگەیاند، کۆمەڵێک پسپۆڕی پزیشکی گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی لە ئێران ژمارەیەک لە بریندارانی خۆپێشاندانەکان دوای دەستپێکردنی چارەسەری پزیشکی، یان کوژراون و یان چاودێری نەکراون تا گیانیان سپاردووە.

ئەم گرووپە پزیشکە کە لە دەرەوەی ئێران نیشتەجێن و ڕاپۆرتەکانیان لەلایەن "هرانا"وە بڵاوکراوەتەوە، لە بەیاننامەیەکی شیکاریدا ئاماژەیان بەوە کردووە کە پشکنینی وێنە و ڤیدیۆکانی ئەم دواییەی ناوخۆی ئێران، "نموونەی مەترسیداری پێشێلکردنی بنەما سەرەتاییەکانی پزیشکی، پزیشکی داد و مافەکانی مرۆڤ" نیشان دەدەن.

بەپێی بەیاننامەکە کە پشت بە هەڵسەنگاندنی سەربەخۆی پزیشکان و کارمەندانی ناوەندە تەندروستییەکان دەبەستێت، بەڵگەی زۆر هەن نیشانی دەدەن کە بەشێک لە قوربانییەکان پێش مردنیان لەژێر چارەسەری پزیشکیدا بوون. بوونی ئامێرەکانی هەناسەدانی دەستکرد، "کانیولا" (آنژیوکت) و ئامێری چاودێریی لێدانی دڵ لەسەر تەرمەکان لە دەرەوەی نەخۆشخانە، ئەو گومانە بەهێز دەکەن کە بریندارەکان دوای دەستپێکردنی چارەسەر کوژراون، ئەمەش بە پێشێلکردنی ئاشکرای "بێلایەنیی پزیشکی" دادەنرێت.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە لە وێنە بڵاوکراوەکانی پزیشکی دادی "کەهریزەک"، تەرم گەیشتوونەتە ئەوێ کە هێشتا نیشانە زیندەییەکانیان تێدا بووە، یان بریندارانی گوللە بەبێ چارەسەر و فریاگوزاری ماونەتەوە.

پسپۆڕەکان دەڵێن شێوازی بڕینی جەستە لە کاتی توێکارییەکاندا لەگەڵ پڕۆتۆکۆڵە زانستییەکانی پزیشکی داد ناگونجێت. هەروەها بەڵگەی توندوتیژیی جەستەیی توند، شێواندنی تەرم، بڕینەوەی سەر و گواستنەوەی بەکۆمەڵی تەرمەکان بینراون. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە نیشانەی سووتانی کیمیایی و تێکچوونی تەرمەکان بەهۆی گەرمییەکی زۆرەوە بینراوە، ئەمەش وای کردووە پشکنینی سەربەخۆ بۆ تەرمەکان زۆر ئەستەم بێت.