رفتن به محتوای اصلی

دێوەزمەی بێکاری ژیانی لە خەڵکی ئێران هەڵگرتووە

دێوەزمەی بێکاری ژیانی لە خەڵکی ئێران هەڵگرتووە
posted onOctober 9, 2018
noدیدگاه

کارناسی ئابووری و مامۆستای زانکۆ، وەحید شەقاقی شەهری دەڵێ دۆخی ئەمڕۆی ئێران ناکرێ وەک قەیرانێکی کاتی چاو لێکرێت و سانا بەسەری دا دەرباز بین. پێویستە هەموو لایەک هەوڵ بدەن نرخی دۆلار بێتەوە خوارێ و پێچەوانەی ئەوە کارەساتی گەورە ڕوودەدات.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەڵێ هیچ ئامارێکی ورد و دەقیق بوونی نییە و کەس ناتوانێ خەمڵاندن لەسەر ئەوە بکات چ کارەساتیک بەسەر بەشی بەرهەم هێنانی ئێمەدا هاتووە. ئەوەی کە بەسەر ئابووری ئێران هاتووە تا ئێستاش قوڵایی کارەساتەکەمان هەست پێ نەکردووە. کارگەکان دەرگەکەیان دادەخەن تەنانەت ئەو کارگە ماڵیانەش کە سەرمایەیەکی کەمیان بەدەستەوە بوو لێکەوتوون.

 

بێکاری رۆژ لەگەڵ رۆژ لە ئێراندا پەرە دەستێنێ

 لە دوای گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئەمەریکا بەرهەمی نێوخۆیی ئێران داماوە لە دابین کردنی کەرەسەی خاو و ڕێگەی هاوردەکردنیشی لێگیراوە، ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی دەرگای ناوەندە بەرهەمهێنەرەکان داخرێن و لە لایەکی دیکە کۆمپانیا نێودەوڵەتی هەمدیسان بە هۆی گەمارۆکان ناوێرن سەرمایەگوزاری لەو وڵاتەدا بکەن. ئەنجامی ئەو دۆخە ئەوەیە بێکاری ڕۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر بێت و بنەماڵە کرێکارییەکانی ئێران پتر سێبەری نەگبەتیان بەسەردا داکشێ.

ئابووری ئێران بەرگەی دۆلاری حەوت هەزاری ناگرێ و نرخی ئەمڕۆی دۆلار سەرووی ١٥هەزار تمەنە.

وەحید شەقاقی باوەڕی وایە ئابووری ئێران بەرگەی دۆلاری حەوت هەزار تمەنی ناگرێت و ئەگەر ئەو سنورە دەربازکرێت کە لە مێژە دەرباز کراوە لافاوی قەیرانمان بەسەردا دەباریت.

یەکێک لەو قەیرانانە داماوی لە ڕووی دابین کردنی کەرەسەی خاوە کە بووەتە هۆی ئەوەی تەنانەت پڕئەزمونترین بەرهەمهێنەرەکانیش بەرهەم هێنانی خۆیان بوەستێنن یا خوود بە ڕێژەیەکی بەرچاو دایبەزێنن.

ئەم ئابووری ناسە ئاماژە بە دۆخی خراپی ئابووری شاری قەزوین دەکات و دەڵێت: قەزوین یەکێک لە شارە کرێکاری و پیشەسازییەکانی ئێرانە کە بە هەبوونی چەندین شوێنی پیشەسازی وەک ئابیەک، شارەکی پیشەسازی ئەلبورز، شارەکی پیشەسازی ئەلوەند، لیا و کاسپیەن یەکێک لە پێشەنگانی ئابووری ئێران بووە و ئێستا بە هۆی ناسەقامگیری نرخی ئەرز کۆمپانیاکانی ئەو شارە ناتوانن هیچ پلانێک بۆ بەرهەمهێنان دابڕیژن.

عەید عەلی کەریمی بەرپرسی بەشی جێبەجیکاری ماڵی کرێکاری قەزوین دەڵێ سەرەڕای ئەوەی کە کۆمپانیاکان ناتوانن هاوردەی کەرەسەی خاو بکەن بەڵام مانگرتنی بارهەڵگران قورسایی کێشەکەی چەند بەرامبەر کردووە، کۆمپانیاکان کێشەی هاتوچۆیان هەیە و نە دەتوانن بار بێنن و نە دەتوانن بەرهەمەکانیان لە کۆگاکانیان ببەنە دەرەوە.

کەریمی دەڵێ، ٦٠ بۆ ٧٠ لەسەدی یەکە بەرهەمهێنەرەکانی پارێزگای قەزوین سڕ بوون و ئەو ٣٠ لەسەدەی دیکەش بە زەحمەت خۆیان پاراستووە.

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ تەنیا لە مانگی خەرماناندا لە پارێزگای قەزوێن و لە کۆمپانیای ئابیک ٢٤٨ کەس، لە شارەکی پیشەسازی ئەلبورز ٣٢٦ کەس، لە بۆنی زارا ٤٤ کەس، لە تاکستان ١٥١ کەس و لە قەزوێن ٢١٢ بێکار بوون کە بە گشتی دەبێتە ٨٨١ کەس.

ئەو ژمارانە تەنیا کرێکارانی بێکار بووی یەک مانگن و لە شەش مانگی ڕابڕدودا ٥٠٠٠ کرێکار تەنیا کە ساری قەزوێن بێکار بوونە.

 

هێڵی هەژاری ڕێژەیی لە تاران لەسەرەوەی ٥میلیۆن و نیوە

میانگینی داهاتی ئێرانیەکان نیزیک دوو میلیۆن تمەنە و پێناسەی هەژاری ڕێژەیی هەبوونی لانیکەمی ئیمکاناتی ژیانی ئابڕومەندانەیە. ئەوە لە کاتێکدایە هەژاری ڕێژەیی لە تاران میانگینەکەی ٥ میلیۆن و نیوە و شارستانەکان ٣ میلیۆن و نیو، ئەوش بە سرنجدان بەوەی ئەو ڕیژەیە لە دۆلاری ٨٠٠٠ تمەنی بە دەست هاتووە.