رفتن به محتوای اصلی

تاڵیبان: دانوستان لەگەڵ ئەمریکا گەیشتۆتە بۆمبەست

تاڵیبان: دانوستان لەگەڵ ئەمریکا گەیشتۆتە بۆمبەست
AvaToday caption
posted onMay 6, 2019
noدیدگاه

 

ڕۆژی دوشەممە ١٦ بانەمەڕ هەواڵدەری فەڕانسە لە زمان سوهەیل شاهین وتەبێژی تاڵیبان ڕاپۆڕتێکی بڵاو کردۆتەوە کە نوێترین خولی دانوستانی ئەمریکا و تاڵیبان لەسەر ئاشتی لە ئەفغانستان کە لە دوحە بەڕێوە دەچێت بێ ئاکام ماوەتەوە و تا گەیشتن بە ئاشتی مەودایەکی زۆریان ماوە.

 

بە گووتەی شاهین مەرجی بنەڕەتی تاڵیبان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا دیاری کردنی جەدوەلێکی زەمەنییە بۆ چوونە دەری هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان. زالمای خەلیلزاد نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئەفغانستان کە سەرپەرشتی وەفدی ئەمریکایی دەکات لە ڕۆژی یەکەمی دانوستانەکان خوازیاری ئاگربەست ببوو. خەلیل زاد پێشتر چەند مەرجی بۆ چوونە دەری هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان دانابوو بە تایبەتی ڕاگەیاندنی ئاگربەست، گارانتی پێویست بۆ ئەمنیەتی درێژماوە لە لایەن تاڵیبان و دەستپێکردنی دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان ئەفغانستان و تاڵیبان.

دانوستانەکانی دوحە ڕۆژی دوشەممە بە هۆی دەستپێبوونی مانگی ڕەمەزان ڕاگیرابوو و وا بەڵینە ڕۆژی سێشەممەی درێژەی هەبێت.

 

 تووندوتیژییەکان بەردەوامن

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی وتووێژەکان لە نێوان تاڵیبان و ئەمریکا تێکهەڵچوونی خوێناوی لە ئەفغانستان قوربانی لێدەکەوێتەوە. ڕۆژی یەکشەممە بە هۆی هێرشی تاڵیبان بۆ بنکەیەکی پۆلیس لە باکوری ئەفغانستان لانیکەم ١٣ کەس کوژران و دەیان کەس بریندار بوون. دەوڵەتی ئەفغانستان داوای لەو گرووپە کردووە لە مانگی ڕەمەزاندا خۆی ببوێری لە شەڕی چەکداری بەڵام تاڵیبان ئەو داوایەی ڕەت کردۆتەوە.

لە لایەکی دیکە شەڕی پڕش و بڵاو لە نێوان تاڵیبان و داعش لە ئەفغانستان بەردەوامە، بە گووتەی دەسەڵاتدارانی ناوچەیی لە ویلایەتی نەنگهار شەڕی ئەو دوو گرووپە بۆتە هۆی ئاوارەیی هەزاران کەس لە دانیشتووانی ئەو ویلایەتە. شەڕ لە نێوان تاڵیبان و داعش دوای کۆنتڕۆلی ٦ گووند لە لایەن داعش لە ویلایەتی نەنگهار دەستی پێکرد، ئەڕتەشی ئەفغانستان هەوڵی داوە بە بۆردومانی ئاسمانی هێزەکانی هەردوک لا ناچار بە پاشەکشێ لەو ناوچە بکات.