رفتن به محتوای اصلی

وۆڵ ستریت ژورناڵ: ئەمریکا نزیکەی ٦ هەزار ئامێری ستارلینکی رەوانەی ئێران کردووە

وۆڵ ستریت ژورناڵ: ئەمریکا نزیکەی 6 هەزار ئامێری ستارلینکی رەوانەی ئێران کردووە
posted onFebruary 12, 2026
noدیدگاه

رۆژنامەی وۆڵ ستریت ژورناڵی ئەمریکی، رۆژی پێنجشەممە لە زاری بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ نزیکەی شەش هەزار ئامێری ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی "ستارلینک"ی رەوانەی ناو ئێران کردووە. ئەم هەنگاوە دوای سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی مانگی رابردووی ئەو وڵاتە دێت.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئامانجی سەرەکیی واشنتن لە ناردنی ئەو ئامێرانە، گەرەنتییکردنی بەردەوامیی پەیوەندیی نەیارانی حکومەت و خۆپێشاندەران بووە بە جیهانی دەرەوە، بەتایبەتی لە کاتی بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت لەلایەن تارانەوە. وۆڵ ستریت ژورناڵ ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە ئیدارەی ئەمریکا بە فەرمی نکۆڵی لە هاندانی نائارامییەکان لە ئێران دەکات، بەڵام ناردنی ئەم کەرەستە تەکنیکییانە نیشانەی پشتگیریکردنی نهێنیی واشنتنە لە هەوڵە دژبەرەکانی حکومەتی ئێران.

لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا، ستارلینک بووەتە یەکێک لە کەمترین رێگەکانی پەیوەندیی ناوخۆی ئێران بە دەرەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە پەرلەمانی ئێران، دوای هێرشەکانی ئیسرائیل لە هاوینی رابردوودا، یاسایەکی تووندی پەسند کرد. بەگوێرەی ماددەی پێنجەمی یاساکە، بەکارهێنان، کڕین و فرۆشتن، یان گواستنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیی بێ مۆڵەت، بەتایبەتی ستارلینک، بە تەواوی قەدەخەیە. سەرپێچیکاران نەک تەنیا ئامێرەکانیان دەستی بەسەردا دەگیرێت، بەڵکو رووبەڕووی سزای بەندکردنیش دەبنەوە.

ئەم هەوڵەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، تاران هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی فەزای ئینتەرنێت و رێگریکردن لە گەیشتنی زانیارییەکان چڕکردووەتەوە.