رفتن به محتوای اصلی

مەولەوی عەبدولحەمید: کوشتاری خۆپێشاندەران "کۆمەڵکوژییەکی ڕێکخراو" بوو

مەولەوی عەبدولحەمید: کوشتاری خۆپێشاندەران "کۆمەڵکوژییەکی ڕێکخراو" بوو
posted onJanuary 25, 2026
noدیدگاه

مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژ و گوتارخوێنی سوننەکانی زاهیدان، سەرکوتکردنی توندی خۆپێشاندەرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە "کۆمەڵکوژییەکی ڕێکخراو" ناو برد و دەڵێت: درزێکی قووڵ لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا دروست بووە.

مەولەوی عەبدولحەمید لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) ڕایگەیاند، بڵاوبوونەوەی وێنەی زیاتری "کوشتاری دڵتەزێن و بێبەزەییانەی خۆپێشاندەران" لە پارێزگا جیاوازەکان، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ هەبوونی "کۆمەڵکوژییەکی ڕێکخراو". عەبدولحەمید پێیوایە ئەم کارەساتە "درزێکی قووڵ و قەرەبوو نەکراوەی لە نێوان خەڵکی ئێران و دەسەڵاتدا دروست کردووە."

پێشنوێژەکەی زاهیدان پێشتریش چەندین جار هۆشداریی دابووە دەسەڵاتداران و ڕایگەیاندبوو: "هەر جۆرە توندوتیژییەکی کوشندە بەرانبەر بە خۆپێشاندەران، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان تاوانە و لە ڕووی شەرعیشەوە کارێکی حەرام و پاساوهەڵنەگرە."

مەولەوی عەبدولحەمید لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر بارودۆخی دارایی هاووڵاتییان و گوتی: "ژیان و بژێویی خەڵکی ئێران گەیشتووەتە بنبەست." جەختیشی لەوە کردەوە کە خەڵک مافی ڕەوای خۆیانە خۆپێشاندانی ئاشتییانە بکەن و نابێت هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بە توندوتیژی بەرەوڕوویان ببنەوە.