رفتن به محتوای اصلی

فرۆشتنی بەنزینی سوپەری هاوردەکراو لە ئێران دەستیپێکرد؛ هەر لیترێک بە ٨٠ هەزار تمەن

رۆشتنی بەنزینی سوپەری هاوردەکراو لە ئێران دەستیپێکرد؛ هەر لیترێک بە ٨٠ هەزار تمەن
posted onDecember 26, 2025
noدیدگاه

کۆمپانیای نیشتمانیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران، دەستپێکردنی فرۆشتنی "بەنزینی سوپەری هاوردەکراو"ی لە ڕێگەی وێستگە گەڕۆکەکانەوە ڕاگەیاند، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی سوبسید و کۆنترۆڵکردنی کورتهێنانی سووتەمەنی.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیا فەرمییەکانی ئێران، نرخی هەر لیترێک لەم جۆرە بەنزینە بە ٨٠ هەزار تمەن دیاریکراوە. جگە لەم نرخە، بەهۆی ئەوەی بەنزینەکە لە ڕێگەی وێستگەی گەڕۆکەوە دابەش دەکرێت، بۆ هەر جارێک سووتەمەنی وەرگرتن بڕی ٢٥٠ هەزار تمەن وەک "کرێی خزمەتگوزاری" لە شۆفێران وەردەگیرێت. لە ئێستادا تەنیا پێنج ئۆتۆمبێلی گەڕۆکی سووتەمەنی کە بە ڕەنگی سەوز و نیشانەی "E+95" ناسراون، لە تاران دەستیان بە کار کردووە و بڕیارە بەم زووانە لە شارەکانی دیکەش دەستبەکار بن.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە ٢٢ ی سەرماوەز حکومەتی ئێران سیستەمی "بەنزینی سێ نرخی" جێبەجێ کردووە، کە تێیدا:
بەنزینی سهمیەیی (کارتی کەسی): ١٥٠٠ تمەن.
بەنزینی نرخی دووەم (کارتی کەسی): ٣٠٠٠ تمەن.
بەنزینی نرخی سێیەم (کارتی وێستگە): ٥٠٠٠ تمەن.

مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ڕایگەیاند، دەوڵەت هەر لیترێک بەنزین بە ٦٠ هەزار تمەن دەکرێت و بە ١٥٠٠ تمەن دەیداتە هاووڵاتییان، ئەمەش زیانی گەورە بە بودجەی گشتی دەگەیەنێت. پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کرد کە داهاتی بەدەستهاتوو لە گرانکردنی بنزینی ئۆتۆمبێلە حکومییەکان و ناوچە ئازادەکان بۆ خزمەتی گشتی بەکاردێت.
بەپێی ئامارەکان، پاڵاوگەکانی ئێران ڕۆژانە ١٠٧ ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنن، لە کاتێکدا ئاستی بەکاربردن گەیشتووەتە ١٢٧ ملیۆن لیتر لە ڕۆژێکدا. پەرلەمانتارانی ئێران هۆشدارییان داوە کە حکومەت ناچارە ساڵانە نزیکەی ٤ ملیار دۆلار بۆ هاوردەکردنی بەنزین خەرج بکات تاوەکو ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە.