رفتن به محتوای اصلی

لە ماوەی سێ هەفتەدا ٣٩ هاونیشتمانیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون

لە ماوەی سێ هەفتەدا ٣٩ هاونیشتمانیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون
posted onDecember 17, 2025
noدیدگاه

هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا پێنج هاونیشتمانیی کوردیان لە شارەکانی شنۆ و پیرانشار دەستبەسەر کردووە؛ بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سێ هەفتەی ڕابردوودا لە ناوچە کوردنشینەکان دەستبەسەر کراون، گەیشتە ٣٩ کەس.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٢٤ـی سەرماوەزی ١٤٠٤لە پیرانشار چوار هاونیشتمانی بە ناوەکانی تاهیر باپیران، سیامەند ئیسماعیلی، هەژار تورەجی و ڕزگار خوانپایە بەبێ بڕیاری دادگا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران. ڕۆژێک پێشتریش لە شاری شنۆ، هاونیشتمانییەک بە ناوی شاهۆ هاشم‌پوور دەستبەسەر کراوە.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو شەپۆلی دەستبەسەرکردنە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتڵاعاتەوە بەڕێوەدەچێت و لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا شارەکانی مەریوان، بۆکان، ورمێ، پیرانشار، مەشهەد، کرماشان، مەهاباد، شنۆ و نەغەدەی گرتووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، زۆربەی دەستبەسەرکراوەکان بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە و لە مافی هەبوونی پارێزەر و پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بێبەش کراون. تەنیا دوو کەس لە دەستبەسەرکراوەکان گواستراونەتەوە بۆ زیندانی مەهاباد و چارەنووسی ئەوانی دیکە هێشتا نادیارە.