رفتن به محتوای اصلی

دیموکراسی خەیاڵی لە حزبی پادگانی

دیموکراسی خەیاڵی لە حزبی پادگانی
AvaToday caption
posted onFebruary 21, 2021
noدیدگاه

هەورامان چیا*

 

لەوانەیە هیچ رێکخراوێک لە رۆژهەڵاتی ناوین نەبێت کە وەک پەکەکە بانگەشەی دەستەواژەی دیمۆکراسی، ئازادی و یەکسانی لە میدیاکانی بکات، بەڵام پرسیار ئەمەیە رێکخراوێک کە هەمیشە باس لە ئازادی و دیمۆکراسی بۆ نەتەوەی کورد دەکات ئایا توانیویە لانی کەم ئەم چەمکانه لەنێوخۆیدا کرداری بکات؟ گەر وایە هۆکاری کەمبوونەوەی رۆژ لە دوای رۆژی هێزەکانی چییە؟ ئایا کەسانێک کە بۆ دیتنی دروشمە جوانەکانی پەکەکە دەڕۆنە شاخ، بەس بۆ سەیرانە کە لەم حزبە جیا دەبنەوە یا ئەوەی کە راستییەکی گەورەیان بینیوە، راستییەک گەورە بەنێوی هەڵخەڵەتاندن!

پەکەکە لە کاتێکدا بەردەوام باسی دیمۆکراسی و ئازادی بۆ نەتەوەی کورد دەکات کە لە نێو ئەم حزبەدا باسێک لەم چەمکانە نییە. ئەم رێکخراوە لەکاتێکدا باسی کۆنگرە و هەڵبژاردن لە دۆخی شەڕدا دەکات کە هیچ یەک لە کۆنگرەکانی لە کەشێکی دیموکراتیکدا بەڕێوەناچێت بەجۆرێک کە تەنانەت یەک کۆنگرەش لەنیو ئەم حزبەدا بەڕێوە نەچێت هیچ شتێک روونادات. تەنیا بەیەک هۆکار دەسەڵات لەدەستی چەند کەسێکە لە نێو پەکەکە کە قۆرۆخ کراوە و کردارەکانی دیکە فۆرمالیتەیە، هەموو ئەندامان پێش ده‌نگدان له لایه‌ن ئەندامانی جێگای متمانەی سەرکردەکانی پەکەکە هەڵدەبژێردرێن تا کێشەیەک لە بەرنامەی گشتی (په‌سه‌ندی په‌که‌که) ئەم رێکخراوەدا روو نەدات. 

ئەم سیاسەتە بە جوانی لە نێو پەژاکدا واتە باڵی پەکەکە بۆ کوردانی رۆژهەڵات دەبیندرێت، ئەندامانێک کە جەمیل بایک و دەوران کاڵکان و موراد کەرەیلان بڕوایان پێیە لەنێو پژاکدا هەموو شت بەدەستیانەوەیە جۆرێک کە بچووکترین دژایەتی سەرکووت دەکەن و هەوڵ دەدەن تا پژاک بە پێی دەستوووری راستەوخۆی کەجەکە بەڕێوە ببەن، فواد بێریتان و مەزڵووم هەفتەن وەک که‌سانی متمانەپێکراوی پەکەکە لەنێو پەژاکدا دەوریان هەیە.

کەسانێکی بژاردە لەلایەن ئەم کەسانەوە هەڵدەبژێردرێن و دواتر لە هەڵبژاردنێکی رووکەشدا لە کۆنگرە دەناسێندرێن. ئەنجامی ئەم کارەش لەسەرەتاوە دیارە، لەنێوان دەیان کەس کە خۆیان هەڵبژاردووە هەرکەسێک کە هەڵبژێردرێت ئەنجامەکە هەر ئەوە دەبێت کە بەدڵی پەکەکە دەبێت. هەموو ئەو کەسانەی خۆیان دەپاڵێون و دواتر پێیان دەگوترێت پەرلەمانی پژاک یا ئەندامی مەجلسی کۆدار، لەنێوان سێ توێژی خوارەوە هەڵدەبژێردرێن:

یەکەم: کەسانێک کە بە دوای هزری سیاسی سەربەخۆوە نەبن واتە بەس لێکدانەوەی کەجەکە لە قسەکانی ئۆجالان و رووداوەکانی رۆژ دووبارە بکەنەوە.

دووەم: ئەوانەی دەرفەتخوازن و بۆ گەیشتن بە پلەی رووکەشی و رەنگکراو نێو حزب دووڕوویی دەکەن بۆ سەرکردەکانی پەکەکە و نوێنەرەکانیان و خۆیان ڕادەستى تەواوەتى دەستوورەکانیان دەکەن. 

سێیەم: گرووپی سێیەم کە زۆرینە لە کۆنگرە بەدەست دەخەن کەسانێکن کە لەڕاستیدا هیچ پەیوەندییەکیان بە کوردانی رۆژهەڵاتەوە نییە و نەتەنیا ئێران بەڵکوو رۆژهەڵاتیش ناناسن، ئەمانە کەسانێکن کە ئەندامی باکوور و رۆژئاوان لەنێو پەکەکەدا، لەلایەن کەجەکەوە هەنێردراوەن بۆ نێو پژاک تا هەرجۆرە دژایەتی شیمانەکراوەی ئەندامانی پژاک لەگەڵ دەستوورەکانی پەکەکە دڵنیا بن چوونکە یەکێک لە گریمانه‌کانی هەمیشەیی کەجەکە لەبارەی ئەندامانی رۆژهەڵات ئەمەیە کە هیچ کات نابێت متمانەیان پێ بکرێت. 

کۆنگرەکانی پەکەکە و پژاک بەمجۆرە بەڕێوە دەچن و پەکەکە لە کۆتاییدا دەگاتە ئارمانجی خۆی، دوای هەر کۆنگرەیەکیش دەیان دروشم بە ئۆجالاندا هەڵدەچێندرێت (بۆ پیرۆزکردنی) و هەمووشیان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆنگرە خۆیان فریو دەدەن، کەسانی ناڕازی و ئەوانەی کە دژی سیاسەتەکانیانیشن لەلایەن نوێنەرانی پەکەکە لەنێو پژاکدا واتە فواد بێریتان و مەزڵووم هەفتەن لەبازنەی دەسەڵات دەسڕدرێنەوە و دەنێردرێن بۆ باکور و رۆژئاوا بۆ شەڕکردن، رێگای گەڕانەوە بەم کەسانە نادرێت و بە بیانووی جیاوازەوە ئاستەنگ لەسەر رێگای گەڕانەوەیان دروست دەکەن، دەیان کەس لەمانە کە هەموویان ئەندامی رۆژهەڵاتی پژاک بوون ئێستا لەپژاکەوە بۆ باکور و باشور و رۆژئاوا دوور خراونەتەوە و لەنێو باڵەکانی دیکەدا دەتوێندرێنەوە، بۆ نموونە دەتواندرێت ئاماژە بە مازیار کارن، ئاراس کاردۆخ، رونیا ئاویەر، رێناس سەقز، مانی ئاویەر، رێزان جاوید، هیوا ئارگەش و دەیان کەسی دیکە بدرێت کە بە دەستووری راستەوخۆی پەکەکە لەبازنەی دەسەڵاتی پژاک سڕاونەتەوە و دوور خرانەتەوە، بۆ کەسانی زلتریش وەک رێوار ئابدانان پۆستێکی رووکەشی لەنێو رێکخستنی کەجەکە (پەکەکە) دادەنێن تا  لە رواڵەتدا پیشان بدەن کە نوێنەری رۆژهەڵاتیش لەنێو کەجەکەدایە، هەڵبەت ئەم رواڵەتە بەو واتایەیە کە رێوار ئابدانان گەر بشیهەوێ ناتوانێت لەبەرانبەر جەمیل بایک، موراد کەرەیلان و دەوران کاڵکان و ... بوەستێتەوە. 

لەم دۆخ و مەرجەدا کە پەکەکە هەر رۆژەى لە میدیاکانی، چەمکی دیمۆکراسی و ئازادی پیس و پڵۆخ دەکات پرسیار ئەمەیە کە مەبەستی پەکەکە لە دیمۆکراسی ئەوەیە کە باس کرا؟ ئایا نەتەوەی کورد وەها دیمۆکراسییەکی لا پەسەندە؟! وادیارە  پەکەکە هێشتا لە نێو خەونی چل ساڵەی خۆیدا ون بووە و وا بیردەکاتەوە کە دەتوانێت کوردانی رۆژهەڵات بە دروشمی رەنگین فریو بدات و بۆ درێژەی سیاسەتەکانی خۆی یارییان پێ بکات. 

پرسیاری دیکە ئەوەیە کە تا چ کات پەکەکە دەتوانێت لەپشت پەردەوە لەگەڵ رژیمی ئێران گفتگۆ بکات بەڵام لە نمایشی پیس و دژەنەتەوەی خۆی گەنجانی کوردی رۆژهەڵات لەنێو درۆیەکی ئاشکرا بانگهێشتی شەڕ لەگەڵ رژیم بکات؟ تا چ کات دەتوانێت بە جێگرتن لەنێو دەوری مامەڵەگەر و دەرفەتخواز، کاولکاری پێگەی کۆمەڵایەتی حزبە ریشەدارەکانی رۆژهەڵات بێت؟ 

بڕوام وایە بەم زووانە پەردەکە دادەکەوێت و رووخساری راستەقینەی حزبە بنکەییەکان، ئۆپۆرتۆنیست و خەڵکخەڵەتێنەر بۆ هەمووان ئاشکرا دەبێت و ئەو رۆژە دێر نییە. 

 

 

*نووسەر: بۆ ماوەی یازدە ساڵ لەنێو پەکەکەدا ئەندام بوومە و لە گەریلایەکی سادە تا فەرماندەی تاقمم کردووە بەڵام لەئەنجامدا لەشەڕی نێوان راستی و هەڵخەڵەتاندن، راستیم هەڵبژارد.

 

 

تێبینى: ئەم وتارە نیشاندەرى هزر و تێڕوانینى تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى نییە بۆ پرسى نێوخۆیی و حزبی پەکەکە، بەڵکو بۆچوونى نووسەرەکەیەتى.