هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی شاری مەڵگشایان لە پارێزگای ئیلام دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژی ٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، فەرشاد مەهدەوی تەمەن ٢٥ ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ڕۆژێک پێشتر، نادر ڕابە تەمەن ٥٤ ساڵ کە ئەویش خەڵکی مەڵگشایە، لەلایەن هەمان هێزەوە دەستبەسەر کرابوو. باس لەوە دەکرێت نادر ڕابە لە کاتی دەستگیرکردنیدا ڕانی بریندار بووە، ئەمەش نیگەرانیی لای خێزانەکەی و چالاکوانانی مافی مرۆڤ دروست کردووە.
تاوەکو ئێستا دەسەڵاتدارانی ئێران هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمییان لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەم دوو هاووڵاتییە کراون بڵاونەکردووەتەوە. هەروەها شوێنی ڕاگرتنیان و باری تەندروستییان بە نادیاری ماوەتەوە، کە ئەمەش ناڕوونیی لە چارەنووسیان دروست کردووە.