مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی گشتگیر بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی و یەکخستنی دامەزراوە سەربازی و کارگێڕییەکان.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، سوپای سووریا لە حەسەکە و کۆبانی دەکشێتەوە و تەنیا هێزێکی "سیمبولیی" ئاسایشی ناوخۆی سووریا دەچنە ناو قامیشلۆ و حەسەکە. عەبدی جەختی کردەوە کە بەڕێوەبەری ئاسایشی ناو شارە کوردییەکان هەر کورد دەبن و چوار لیوای کوردیش وەک بەشێک لە سوپای سووریا لە حەسەکە و کۆبانی جێگیر دەبن.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاشکرای کرد کە پۆستی جێگری وەزیری بەرگریی سووریای بۆ پێشنیار کراوە، بەڵام ئەو ڕەتی کردووەتەوە و گوتوویەتی: "لەناو خەڵک و شەرڤانان دەمێنمەوە."
مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوەش کرد، دۆناڵد ترەمپ پەیامی بۆ سەرۆکی سووریا ناردووە کە نابێت کۆمەڵکوژی دژ بە کورد بکرێت، هەروەها ستایشی ڕۆڵی فەرەنسا و سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستانی کرد لە پشتیوانیکردنی دۆخەکە. عەبدی ڕایگەیاند کە ئەرکی سەرەکیی ئەو لەمەودوا یەکخستنی ناوماڵی کورد دەبێت لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوەی وەک یەک بەرە مامەڵە بکەن.