رفتن به محتوای اصلی

لە دوو هێرشی چەکداریدا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران چوار کەس کوژران

لە دوو هێرشی چەکداریدا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران چوار کەس کوژران
posted onDecember 17, 2025
noدیدگاه

میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی هێرشی چەکدارانی نەناسراو بۆ سەر خاڵێکی پشکنین لە پارێزگای کرمان، چوار کەس کوژران، هاوکات لە پارێزگای سیستان و بەلووچستانیش هێرش کراوەتە سەر هێزە ئەمنییەکان.
سوپای پاسداران و پۆلیسی کرمان لە دوو راگەیێندراوی جیاوازدا پشتڕاستیان کردەوە، لە هێرشەکەی سەر خاڵی پشکنینی شارۆچکەی (فەهرەج) لە کرمان، سێ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتییەکی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی قەرارگای قودسی هێزە وشکانییەکانی سوپای پاسداران، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکدا بوون بۆ پاراستنی ئاسایشی ڕێگەکان کاتێک کراونەتە ئامانج. پۆلیس دەڵێت لێکۆڵینەوە و ئۆپەراسیۆن بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەستیپێکردووە.
لە ڕووداوێکی دیکەدا، پۆلیسی سیستان و بەلووچستان ڕایگەیاند، لە شارۆچکەی ئێرانشەهر چەکدارانی نەناسراو بە دوو ئۆتۆمبێلەوە هێرشیان کردووەتە سەر مەفرەزەیەکی پۆلیس، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی بەر هێزە ئەمنییەکان نەکەوتووە.
تاوەکو ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتی ئەو دوو هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە.
شارۆچکەی فەهرەج دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای کرمان و نزیکە لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان. ئەم ناوچەیە کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی سوننە مەزهەبن، ساڵانێکە یەکێکە لە ناوچە هەژارنشینەکانی ئێران و زۆرجار دەبێتە مەیدانی پێکدادانی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان و باندەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان.