رفتن به محتوای اصلی

دوو کورد بۆ پۆستی پارێزگاری حەسەکە و جێگری وەزیری بەرگری سەریا پێشنیاز کران

دوو کورد بۆ پۆستی پارێزگاری حەسەکە و جێگری وەزیری بەرگری سوریا پێشنیاز کران
posted onFebruary 1, 2026
noدیدگاه

ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دوای ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ حکومەتی سووریا، دوو کەسیان بۆ پۆستی پارێزگاری حەسەکە و جێگری وەزیری بەرگریی سووریا دەستنیشان کرد.

بەپێی زانیارییەکان، ئەمشەو ئەندازیار نورەددین عیسا ئەحمەد، ناسراو بە (ئەبو عومەر خانیکا)، بەفەرمی وەک پارێزگاری نوێی حەسەکە دیاری کراوە. برای ئەندازیار نورەددین هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، بڕیارە سبەی یەکشەممە ناوبراو سەردانی دیمەشق بکات بۆ ئەنجامدانی سوێندی یاسایی و وەرگرتنی پۆستەکەی.

نورەددین عیسا کە خەڵکی گوندی خانیکای سەر بە قامیشلۆیە، لە ساڵی 1969 لەدایکبووە و پێشتر چەندین پۆستی حکومیی هەبووە، کە دوایینیان بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی حەسەکە بووە. ناوبراو بە یەکێک لە کەسە نزیکەکانی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە دادەنرێت و چەند ئەندامێکی خێزانەکەشی لە شەڕی دژ بە داعش و ڕژێمی پێشووی سووریادا گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات، سەرچاوەیەک لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، فەرماندەیی گشتیی ئەو هێزە بڕیاریداوە "چیا کۆبانێ"، یەکێک لە فەرماندە باڵا و دیارەکانی هەسەدە، بۆ پۆستی جێگری وەزیری بەرگریی سووریا کاندید بکات.

چیا کۆبانێ، کە ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هەسەدەیە، بەپێی هەندێک سەرچاوە بەرپرسیارێتیی بەشی هەواڵگریی ئەو هێزانەشی لە ئەستۆدایە.

ئەم گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییانە دوای زنجیرەیەک گفتوگۆ و ڕێککەوتنی گشتگیر لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی ناوەندیی سووریا دێت، کە ئامانج لێی گەیشتنە بە قۆناغێکی نوێی هاوکاری لە رۆژئاوای کوردستان و بەڕێوەبردنی پارێزگای حەسەکە.