رفتن به محتوای اصلی

سەرۆکی مۆساد: دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەستپێناکاتەوە

سەرۆکی مۆساد: دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەستپێناکاتەوە
posted onDecember 17, 2025
noدیدگاه

سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) رایگەیاند، ئەرکی وڵاتەکەیەتی بە هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا "دڵنیا ببنەوە" لەوەی ئێران جارێکی دیکە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کارا ناکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی تاران دانی بەوەدا نا دامەزراوەکانی زیانی جیدییان بەرکەوتووە.
دەیڤد بەرنیا، سەرۆکی مۆساد رۆژی سێشەممە لە رێوڕەسمێکی دابەشکردنی خەڵات بەسەر کارمەندانی دەزگاکەیدا لە ئۆرشەلیم گوتی: "ئێمە بەرپرسیارێتیمان لەسەرشانە، بە هەماهەنگیی نزیک لەگەڵ ئەمریکییەکان، دڵنیابینەوە لەوەی ئەو پڕۆژە ئەتۆمییەی کە زیانی زۆری بەرکەوتووە، هەرگیز جارێکی دیکە کارا نەکرێتەوە".
بەرنیا بانگەشەی ئەوەی کرد کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هێشتا بیرۆکەی "پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی"ـیان لەسەرە، هاوکات گومانی خۆیشی لە هەر چەشنە چارەسەرێکی دیپلۆماسی لەگەڵ تاران نیشاندا و جەختی کردەوە؛ ئیسرائیل رێگە بە هیچ "رێککەوتنێکی خراپ" نادات، چونکە تاران "باوەڕی وایە دەتوانێت جارێکی دیکە جیهان هەڵخەڵەتێنێت".
لێدوانەکانی بەرپرسی یەکەمی مۆساد دوای ئەوە دێن کە لەماوەی جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا، سوپای ئەمریکا بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سێ وێستگەی سەرەکیی ئەتۆمیی ئێرانی بۆردوومان کرد. ترەمپ رایگەیاندبوو، بەو بۆردوومانانە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەنێوبراوە.
لای خۆیەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا کە رۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە، دانی بە قەبارەی زیانەکاندا نا و گوتی: "ئەمریکا لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان سەرکەوتوو بووە و دامەزراوەکانمان زیانی جیدییان بەرکەوتووە". عێراقچی لێدوانەکانی ئیسرائیلییەکانی لەو بارەیەوە بە "جەنگی دەروونی" ناوبرد.
ماوەیەکی درێژە هێزە رۆژئاواییەکان تاران بە هەوڵدان بۆ دەستگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی تۆمەتبار دەکەن، بەڵام بەرپرسانی ئێران بەردەوام ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە و دەڵێن بەرنامەکەیان ئاشتییانەیە.