بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

تاران بۆ کواڵیتی ژیان لە پلەی ١٩٩ دونیادایە

تاران بۆ کواڵیتی ژیان لە پلەی ١٩٩ دونیادایە
AvaToday caption
posted onMarch 16, 2019
noبۆچوون

 

ڕاپۆڕتی ساڵانەی کۆمپانیای مێرسێر کە ڕۆژی چوارشەمە ٢٢ ڕەشەمە بڵاو بووەتەوە بۆ دەیەمین ساڵی، بەردەوام ڤییەنی وەک باشترین شاری خاوەنی ئیمکاناتی بەرزی ژیانی ناساند.

 

جیا لەوەی پێتەختی ئوتریش (نەمسا) یەک دەیەیە لە ڕووی ئاستی بەرزی ژیانەوە پلەی یەکەمی ڕاپۆڕتی ساڵانەی مێرسێر بەدەست دێنێت لۆکزامبورگ لە ڕاپۆڕتی ئەوساڵدا لە ڕووی ئەمنیەتەوە وەک ئەمنترین شار ناسێندراوە. لە لیستەکەی ڕاپۆڕتی مێرسیدا تەنیا ناوی یەک شاری ئێران هاتووە ئەویش تارانە بە پلەی ١٩٩.

لە لێکۆڵینەوەی مێرسێر سەبارەت بە چۆنیەتی کوالێتی شارە جیاوازەکان پاریس لە پلەی ٣٩، لەندەن ٤١، نیۆیۆڕک ٤٤، تۆکیۆ ٤٩، لۆس ئانجلێس و میامی ٦٦، دوبەی ٧٤، پیکەن ١٢٠، ئیستانبول ١٣٠، دێهلی نۆ ١٦٢ و مۆسکۆ لە پلەی ١٦٧ دایە.

کواڵیتى ژیان

لە لێکۆڵینەوەی کۆمپانیای مێرسێردۆخی ژیان لە شارە جیاوازەکان لەسەر بنەمای ٣٩ تایبەتمەندی هەڵسەنگاندیان بۆ دەکرێت کە بریتین لە: ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ژینگەی ئابووری، ژینگەی کۆمەڵایەتی- فەرهەنگی، تەندرووستی و پزیشکی، قوتابخانەکان و پەروەردە، خزمەتگوزاری گشتی و هاتوچۆ، خۆشگوزەرانی، کاڵاکانی تایبەت بە بەکارهینان، خانوو و ژینگە.

لە ڕووی پێنوێنی گشتی کواڵێتی و بەرزى ئاستەکانی ژیان دوای ڤییەن، زوریخ لە سویس لە پلەی دووەمدا و ڤەنکۆڤێری کانادا، مۆنیخی ئاڵمان، ئۆکلەند لە نیوزلەند بە هاوبەشی لە پلەی سێیەمدان. جیا لە سویس کە بە بوونی زوریخ، ژێنۆ و بازێل لە لیستەی دە شارەی بە کواڵێتیدا ئاڵمان بە بوونی مۆنیخ، دۆسێلدۆرف و فڕانکفۆرت لەو ئاستەدایە. لە هەڵسەنگاندنی ئەو ساڵدا پلەبەندییەکی جیا لە بواری ئەمنیەت ڕاگەیەندراوە کە سەقامگیری نێوخۆیی شارەکان لەسەر بنەمای ئاستی تاوانکاری، جێبەجێکردنی یاسا، گوشارەکان لەسەر ئازادییە تاکەکەسییەکان، پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکە و ئازادی ڕاگەیاندن لە خۆ دەگرێتەوە.

لە ڕاپۆڕتی مێرسێردا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەمنیەتی تاکەکەسی بەردی بناغەی سەقامگیری هەر شارێکە و بە بێ ئەمنیەتی تاکەکەسی کاسبی و کار و تواناییەکان مەجالی پێشکەوتن پەیدا ناکەن. لە ڕووی ئەمنیەتی تاکەکەسی دوای لۆکزامبورگ کە وەک ئەمنترین شاری دونیا ناسێندراوە، هێلسینکی پایتەختی فینلاند و شارەکانی بازێل، بێرن و زوریخ لە سویس بە هاوبەشی لە پلەی دووەمدان.

باشى ژیان

کۆمپانیای ڕاوێژکاری مێرسێر ساڵانە لە زیاتر لە ٤٥٠ شاری دونیا هەڵسەنگاندن دەکات و ڕاپۆڕتی ئەو ساڵی بیست و یەکەمین ڕاپۆڕتی بە ئەژمار دێت. شایانی باسە مێرسێر لە ساڵی ١٩٤٥ زایینی پێک هێنراوە و ناوەندی سەرەکیشی لە نیۆیۆرکە و خاوەنی ١٨٠ نوسینگەیە لە ٤٠ وڵات و زیاتر لە ٢١ هەزار فەرمانبەر بە داهاتی چوار ملیار دۆلار لە بواری نێودەوڵەتیدایە و لە زیاتر لە ١٣٠ وڵاتدا چالاکی هەیە. ئەو کۆمپانیایە بە گەورەترین کۆمپانیا لە بواری سەرچاوە مرۆییەکانى دونیا بە ئەژمار دێت.