دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، دوو کەسی دیکەی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل و هاوکاری لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی "مۆساد" لەسێدارە داوە.
ئاژانسی هەواڵی "میزان"ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بڵاویکردەوە، هەریەکە لە "یەعقوب کەریمپوور" و "ناسر بەکرزادە" بە تۆمەتی "کۆکردنەوە و ناردنی زانیاریی هەستیار" بۆ ئەفسەرانی موساد سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.
بەپێی زانیارییەکان، ناسر بەکرزادە گەنجێکی کوردی تەمەن ٢٦ ساڵ بووە و ماوەی سێ ساڵ بووە لە زینداندا بووە. باوکی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا جەختی لە بێتاوانیی کوڕەکەی کردبووەوە و ڕایگەیاندبوو کە سزاکەی پێشتر دوو جار لەلایەن دیوانی باڵاوە هەڵوەشێندرابووەوە، بەڵام جارێکی دیکە لەژێر کاریگەریی بارودۆخی سیاسیی ناوچەکەدا سزاکە سەپێندرایەوە.
هاوکات یەعقوب کەریمپوور، خەڵکی میاندواو و پێڕەوی ئایینی یارسان، تۆمەتبار کراوە بەوەی لە کاتی پێکدادانە سەربازییەکاندا زانیاریی بۆ ئیسرائیل ناردووە.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ ترساندنی کۆمەڵگە بەکاردەهێنێت. ئێران لە ڕیزی ئەو وڵاتانەدایە کە بەرزترین ڕێژەی لەسێدارەدانیان لە جیهاندا هەیە.
مەترسییەکی جیدی لەسەر ژیانی زیندانییەکی دیکە بە ناوی میحراب عەبدوڵڵازادە هەیە، کە یەکێکە لە دەستگیرکراوانی خۆپێشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"