بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

 گاردیەن: ئێران بە قاچاخ و لە ڕێگەی دەریای خەزەر و فڕۆکەی دەوڵەتییەوە چەکی بۆ ڕووسیا ناردووە

 گاردیەن: ئێران بە قاچاخ و لە ڕێگەی دەریای خەزەر و فڕۆکەی دەوڵەتییەوە چەکی بۆ ڕووسیا ناردووە
AvaToday caption
posted onFebruary 13, 2023
noبۆچوون

سەرچاوە ئاگاداری ئێرانی بە ڕۆژنامەی "گاردیەن"ـی گوتووە کە "تاران بە سوودوەرگرتن لە پاپۆڕ و کۆمپانیایەکى فڕۆکەوانى دەوڵەتى، چەندین جۆرى نوێى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی دوور مەودای بە قاچاخ و لە ڕێگەى کەشتی و هێڵی ئاسمانی دەوڵەتییەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا ناردووەتە ڕووسیا.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ، دوای سەردانێکی تایبەتی ئەفسەر و تەکنیککارانی ڕووسیا لە مانگی نۆڤەمبەر ڕابردوو بۆ تاران کە لەوێ "تەواوی تەکنەلۆجیای سەربازیی ئێران"ـیان بینیوە. لانیکەم ١٨ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی ئێرانی ڕادەستی هێزی دەریایی ڕووسیا کراون.

شاندەکەی ڕووسیا کە لە ١٠ کەس پێک هاتبوون، ٦ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی موهاجریان هەڵبژارد کە مەودای فڕینیان نزیکەی ٢٠٠ کیلۆمەترە کە تواناى هەڵگرتنى دوو مووشەکیان هەیە لە ژێر هەر باڵێکیان. هەروەها ١٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهد ١٩١ و شاهد ١٢٩ـیان هەڵبژاردووە کە هەمان توانای هێرشی ئاسمان بۆ زەوییان هەیە.

زۆرێک لە ئۆکرانیا نیگەرانن لەوەی ڕوسیا لە یەکەمین ساڵیادی دەستپێکردنی هێرشەکەی، هێرشێکی گەورە ئەنجام بدات.

هەروەها مۆسکۆ چاوی لە کڕینی مووشەکی بالیستیکی ئێرانە، هەرچەندە بە گوێرەی زانیارییەکانى گاردیەنی بەریتانیا، هیچ بەڵگەنامەیەکی ڕوون نییە کە نیشان بدات تاران ڕازی بووە بە ناردنی ئەو مووشەکانە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە پێشکەوتووانەی کە ڕووسیا لە ئێرانی وەرگرتوون، بەراورد دەکرێن بە فڕۆکەی (TB-2)ی تورکیا. ڕووسیا ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە پێشکەوتووانەی ئێرانی بۆیە دەوێت، چونکە ئۆکرانیا توانای لەناوبردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بچووکتری لە کاتى هێرشەکان زۆرە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، زۆربەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ڕەوانەی ڕووسیا کراون، بە نهێنی لە ڕێگەی کەشتییەکی ئێرانییەوە و لە بنکەیەکی کەناراوەکانی دەریای خەزەر گواستراونەتەوە بۆ سەر بەلەمێکی هێزی دەریایی ڕووسیا. ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەکەن کە چەکەکانى تر و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بە هێڵی ئاسمانی دەوڵەتی ئێران ڕەوانە کراون.

ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئێران لە کارگەیەکیی سەربازی لە ناوەڕاستی شاری ئیسفەهان بەرهەم هێنراون کە لەم دواییانەدا لە لایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کرایە سەر. ئەو هێرشە بۆ ئیسرائیل دەگەڕێنرێتەوە. پێدەچێت دوایین باری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانى ئێرانى بۆ ڕوسیە، لە ٢٠ی ئەم مانگە بەسەر ئاسمانی ئۆکرانیا بووبێت. پێش هێرشکردنە سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئیسفەهان، چاوەڕوانی خواست و فڕۆکەى زیاتر دەکرا.

ڕۆژنامەی گاردیەنی بەریتانیا دەنووسێت: "هێرشکردنە سەر ناوەندی سەربازیی ئیسفەهان زیانی بە بەرهەمهێنانی پێشکەوتووترین سیستەمی چەکی کۆمارى ئیسلامى گەیاندووە، لەوانە مووشەکی ئاراستەکراوى وردبین و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. کۆماری ئیسلامی ئەو بانگەشەیەی ڕەت کردەوە کە گوایە ئەم ناوەندە زیانی گەورەی بەرکەوتووە.

ڕۆژنامەی گاردیەنی بەریتانیا باس لەوە دەکات کە سوپای پاسداران لە پێشەنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکانییەتى لەگەڵ ڕووسیا و خەلیل محەمەدزادە، سلێمان حەمیدی و عەلی شەمخانی ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە هەناردەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا.

ڕۆژنامەی گاردیەن نووسیویەتی، سەرچاوەکانی ئەو کەسانەن کە زانیاری ڕاستەوخۆیان لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و توانا و تایبەتمەندییەکانی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەیە.

ڕۆژنامە بەریتانییەکە باس لەوە دەکات کە ڕووسیا لە مانگی نۆڤەمبەر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی موهاجر-٦ی وەرگرتووە. ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە دەتوانێت بۆ ماوەی ٦ کاتژمێر لە ئاسمان بمێننەوە و کارەباییە. هەروەها دەتوانێت بۆمبی ٤٠ کیلۆگرامی هەڵگرێت و سیستەمی وێنەگرتن و کردنەئامانجی ورد\  تەواوى هەیە.

شاهد ١٢٩ توانی هەڵگرتنى بارێکی قورسی ٦٠ کیلۆیی هەیە، بەڵام دەتوانێت تەنیا چوار کاتژمێر لە ئاسمان بمێنێتەوە.

شاهد ١٩١ـیش دەتوانێت بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر بفڕێت و ٧٠ کیلۆگرام هەڵگرێت.

دەوترێت هەردووکیان بە بەکارهێنانی بزوێنەرێکی دەستکاریکراو دەفڕن، کە لە بنەڕەتدا لە ئەڵمانیا دروست کراوە. ئەم سەرچاوانەى گاردیەن باسیان لەوە کردووە کە بۆ ڕووسیا، توانای فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران زۆر گرنگە بۆ زاڵبوون بەسەر سیستەمی تێکدانى ئەلیکترۆنیک.