رۆژی شەممە، دەستگیرکردنی "یەعقووب محەممەدی"، کەسایەتییەکی ناسراوی فەرهەنگی و مامۆستایەکی پێشوو لە شاری ئاودانان، شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی و پێکدادانی لەنێوان هاووڵاتییان و هێزە ئەمنییەکان لێکەوتەوە.
بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، زیاتر لە 20 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییە دەمامکدارەکان بەبێ مۆڵەتی یاسایی هەڵیانکووتاوەتە سەر ماڵی محەممەدی و بە توندوتیژی دەستبەسەریان کردووە. محەممەدی کە پێشتر زیندانیی سیاسی بووە، یەکێکە لە کەسایەتییە خۆشەویستەکان لە ئاودانان. بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکانی کاتی دەستگیرکردنەکەی، کە تێیدا هێزە چەکدارەکان بە کڵاشینکۆفەوە دەردەکەون، خەڵکی شارەکەی ڕژاندە سەر شەقامەکان.
خۆپێشاندەران لەبەردەم بنکەی پۆلیسی شارەکە کۆبوونەوە و دروشمی توند و ناڕەزایەتییان بەرز کردەوە. هێزە ئەمنییەکان بە تەقەی راستەوخۆ وەڵامی خۆپێشاندەرانیان دایەوە، کە بەهۆیەوە گەنجێک بریندار بوو.
بەپێی راپۆرتەکان، هێزێکی زۆری ئەمنی رەوانەی ئاودانان کراوە و خێرایی ئینتەرنێتیش بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکراوەتەوە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان و فراوانبوونی خۆپێشاندانەکان.