رفتن به محتوای اصلی

لە بۆکان ڕێز لە مامۆستایانی خۆبەخشی زمانی کوردی گیرا

لە بۆکان ڕێز لە مامۆستایانی خۆبەخشی زمانی کوردی گیرا
posted onFebruary 20, 2026
noدیدگاه

ڕۆژی چوارشەممە، ئەنجوومەنی فەرهەنگی، هونەری و ئەدەبیی بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، ڕێوڕەسمێکی تایبەتی بۆ ڕێزلێنان لەو مامۆستایانە ڕێکخست کە بەشێوەی خۆبەخش خزمەت بە زمانی کوردی دەکەن.

چالاکییەکە لە هۆڵی مەستوورەی کوردستانی و بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران، شاعیران و چالاکوانانی کولتووری بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر گرنگیی زمانی دایک وەک "ناسنامەی نەتەوەیی" کرایەوە و ڕێز لە هەوڵەکانی مامۆستایانی زمان و ئەدەبی کوردی گیرا.

هادی خودایی، یەکێک لە گوتارخوێنانی ڕێوڕەسمەکە، ئاماژەی بە ڕۆڵی کاریگەری مامۆستایانی زمانی دایک کرد و ڕایگەیاند: "پاراستنی زمان، پاراستنی بوونی ئێمەیە." هاوکات هەریەکە لە قادر ئازمەند، سەرگوڵ ڕەحیمی و دکتۆر مستەفا ئیلخانیزادە، چەند تەوەری جیاوازیان لەسەر "مێژوو و داهاتووی زمانی کوردی و گرنگیی وانەبێژیی زمان" پێشکەش کرد.

لە کۆتاییی چالاکییەکەدا، خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە دکتۆر مستەفا ئیلخانیزادە بۆ تەمەنێک خزمەتی بە ئەدەبی کوردی، هەروەها رێز لە ژمارەیەک مامۆستای دیکەی وانەبێژ گیرا. ڕێوڕەسمەکە بە پێشکەشکردنی چەندین حەیران و گۆرانی لەلایەن هونەرمەند عەلی فروتەن کۆتایی پێهات.