رفتن به محتوای اصلی

مەولەوی عەبدولحەمید: گەورەترین ئاڵنگاریی ئێران ناڕەزایەتیی خەڵکە

مەولەوی عەبدولحەمید: گەورەترین ئاڵنگاریی ئێران ناڕەزایەتیی خەڵکە
posted onJanuary 31, 2026
noدیدگاه

مەولەوی عەبدولحەمید ئیسماعیل زێهی، پێشنوێژی سوننەکانی زاهیدان ڕایگەیاند، هەرچەندە مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگ هەڕەشەیەکی جیدییە، بەڵام گەورەترین ئاڵنگاریی بەردەم دەسەڵاتدارانی تاران "ناڕەزایەتیی بەرفراوانی خەڵکە".

ئیسماعیل زێهی لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، شەرعییەتی کۆماری ئیسلامی لە دەنگی گەلەوە وەرگیراوە و "پێویستە ئێستاش پرسیار لە خەڵک بکرێت کە چییان دەوێت".

ناوبراو بە تووندی ڕەخنەی لە سەرکوتکردنی خوێناویی خۆپێشاندەران گرت و ڕایگەیاند، نابێت ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ئەو خەڵکەدا بوەستێتەوە کە بە دەنگی ئەوان هاتووەتە سەر کار.

پێشنوێژی سوننەکانی زاهیدان جەختی لەوە کردەوە کە چەندین ساڵە داوای لە دەسەڵاتداران کردووە گوێ لە داواکارییەکانی خەڵک بگرن و لەگەڵیاندا دیالۆگ بکەن، بەڵام پشتگوێ خراون. گوتیشی: "لە ڕاپەڕینی ئەم دواییانەدا، کە هەموو جیهان دەیزانێت، خەڵکێکی زۆر بوونە قوربانی."

ئەم گوتانەی مەولەوی عەبدولحەمید لە کاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا شاری زاهیدان چەندین جار بووەتە مەیدانی خۆپێشاندان و هەفتەی ڕابردووش دوای نوێژی هەینی، بەشداربووان بە دروشمی دژ بە دەسەڵات و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ڕژانە سەر شەقامەکان.