رفتن به محتوای اصلی

چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بەندکراوی سیاسیی کورد چەنگیز قەدەم خەیر نووسینەوەی: ژیان ژاڵە

چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بەندکراوی سیاسیی کورد چەنگیز قەدەم خەیر    نووسینەوەی: ژیان ژاڵە
posted onMarch 17, 2022
noدیدگاه

لەدایکبووی ١٦ی بەفرانباری ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوییە و لە یەکێک لە گوندە پەراوێزخراوەکانی کامیاران لە دایک بووە. دەگێڕێتەوە "لە ماڵێکی شەش کەسی دا بووم لەگەڵ باوک و دایک و دوو خۆشک و برایەک"، کە ناوی براکەی دێت داڵغەی دەڕواتە کۆن و دەڵێت "ڕاستە وەک هەموو کوردێک چەوسانەوە و زۆڵم و زۆر وای لێکردم وێڵی کوردبوون و شۆڕش بم؛ بەڵام لێدانی براکەم لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی دوابڕیارمی مسۆگەر کرد و چوومە ڕیزەکانی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان". تەمی بێدەرەتانی و تووڕەیی، دەنگی دەگرێت و دەڵێت "ئەو ڕۆژە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بە شوێن پێشمەرگەکان هاتبوونە دێیەکەمان و لە براکەم کە منداڵ بوو سۆراخی پێشمەرگەکانیان کردبوو ئەویش زاری لە یەک نەترازاندبوو و وشەیەکیشی نەدرکاندبوو ئەوەندە لێیان دا تا کەوتە گیانەڵا و لەسەر زەوی لە نێو خوێن و کەفێک کە هەڵیهێنابوویەوە، لە هۆش چوو، ئیتر ئەو هەموو زوڵمە بێتاقەتی کردم و ئۆقرەم نەبوو بۆیە ساڵی ٨٩ بوومە ئەندامی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان".

ناوى (چەنگیز قەدەمخەیر)ە و مەحکومە بە چل ساڵ بەندکران، زیاتر لە دەیەیەکى بڕیوە و ئێستا ڕایکردووە. وەک ئاڤاتودەى پێی دەڵێم "بریا ڤیدیۆم لێت هەڵگرتبایەوە"، کەچى گوتى "دادە، بنەماڵەم لە مەترسیدان، لێگەڕێ من باسی ڕۆژگارە ڕەشەکەی بەندکراوانی سیاسیت بۆ بکەم و تۆش بینووسە، با جارێ وا بڕوات.."

 

 

چۆنیەتی دەستبەسەرکردنی:

ساڵێک لە حیزب دابووم، من و چوار کەسی دیکە (ناوەکان لای ئاڤاتودەی پارێزراوە) و بۆ جموجۆڵی فەرهەنگی و ناساندنی حیزب گەڕاینەوە بۆ ئێران.لەو عەمەلیاتە من بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار کرام و دوو گوللەم بەرکەوت ، یەکیان لە گورچیلەی چەپم و ئەوی دیکەیان لە کەلەکەم، خوێن بوو لێم دەچۆڕی پاش نیوساعەت لە هۆش چووم

 

وەزارەتی ئیتلاعاتی شاری سنە:

چاوم کردەوە نەمدەزانی لە کوێم، هێشتا نیوە شەو بوو، زمانم لە گەرووم نەدەجووڵا، هەستم دەکرد جێگەی گۆشت بووەتە دارێک یان بەردێک، وشکی وشک بوو، گەرووشم وشک بوو و هەناسەکێشانم زەحمەت بوو. لە نێو خەو و بێداریدا بووم، جوان ئاگام لە دەوروبەرم نەبوو. دەستم جووڵاندەوە هەر دوو دەستمیان بە دەستبەند بە دەوری میلەی ئاڵاکەیان بەستبووەوە، هەر دوو لاقیشمیان بە پێبەند بەستبووەوە. کە زانیان چاوم کردووەتەوە دەستبەجێ چاومیان بەست ئەوەندە توند بەستیان کە هەستم دەکرد گلێنەی چاوم دەتەقێت. پێلاقەیەکیان لە گورچیلە بریندارەکەم دا و گوتیان بە خێرهاتییەوە بۆ ئێران! کاتم لێ دیار نەبوو بەڵام بە هۆی دەنگ و تیشکی خۆر زانیم بەیانییە، هێشتا لە شوێنی خۆم فڕێ درابووم و هێزم هیچ نەمابوو. شەڕی مان و نەمانم دەکرد و  بە خۆم دەموت تۆ تەنیا ٢١ ساڵتە، خوێنی دونیاشت لێ بچێت بەرگە دەگری. تیشکی خۆر گەرم داهات، زانیم نزیک دە و یازدەی بەیانییە. چەند کەس لێم نزیک بوونەوە دەستمیان کردەوە و فڕەیان دامە سەر قەرەوێڵەیەک، یەک وشەشیان نەدەوت نەمدەزانی کێن و بۆ کوێ دەمبەن..

 

نەخۆشخانەی تەوحید:

لە بیستنی قسەکان زانیم لە نەخۆشخانەم یا شوێنێکی وام. دەنگی دکتورەکە هات: پێویستی بە نەشتەرگەرییە، دڵخۆش بووم و بە خۆم وتم ئێستا ئێشت دەسرەوێت، نەمدەزانی پاش ١١ ساڵیش ڕێگەی نەشتەرگەریم پێ نادەن. تەنیا پانسمان کرام. پێم خۆشە ئەوەش بڵێم، دکتورەکە زۆری لێدەکردم دەبێ خۆت لە سەر قەڕەوێلەکە هەستییەوە یا ڕاکشێی هەر چەندە من نەمدەتوانی و تینم نەبوو بە جنێو و سووکایەتییەکی زۆرەوە باسی دەکردم و زۆر بە ڕەقییەوە جووڵایەوە لەگەڵم.

 

بنکەى تەندرووستیی وەزارەتی ئیتلاعاتی سنە:

دوازدە شەو لە بنکەى تەندرووستى بووم. لە ژوورێک، یاساکان وابوو ئەگەر کەسێک تەنانەت دکتوریش هاتبایە، چاومیان دەبەست و دەست و پێشم بە قەرەوێڵەکە بەسترابووەوە. ئەو دوازدە ڕۆژە هەر ڕۆژ دوو لێپرسەر، لێپێچینەوەیان لێدەکردم و دەستبەجێ زانیم چییان لە گیانم دەوێت. ئەوان دەیانویست من بڵێم "بەهرام ڕەزایی" فەرماندەی چەکداری ئەو کاتە کە ئێستا شەهید کراوە، منی بۆ ئۆپۆراسیۆنی تیرۆر ناردووە و ئەرکم ئەوە بووە کە بەرپرسەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی تیرۆر بکەم. سەیربوونەکەش لەوەدا بوو گرینگ نەبوو کێ بێت و بە ئاشکرا دەیانوت هەر کەسێک دەتوانی ناو ببەی بڵێ فەرماندار یا بەرپرسی ئیتلاعات یا هەر کەسێکی دیکە، قەرار وابووە ئەوان تیرۆر بکەم.. منیش دەموت من تەمەنم ئەوە نییە، تەنانەت بیانەوێت تیرۆری واش بکەن من هەڵنابژێرن، بەڵام بە  مشت و پێنووسەکەیان زامی گورچیلەمیان دەکولاندەوە، لێپرسەکانم یەکیان بە نەرمی و ئەوی دیکەیان بە هەڕەشە دەجووڵانەوە لەگەڵم ، بەڵام مەبەستی هەردووکیان یەک شت بوو: ددانپێنان بە تاوانێک کە هەرگیز نەمکردبوو. خواردنم تەنیا نیسک و لۆبیا بوو و هەرگیز میوە و سەوزە کە بۆ تەندروستی گورچیلەم پێویست بوو" پێیان نەدەدام.

 

ژووری تاکەکەسیی:

پاش دوازدەی شەو بردمیان بۆ ژووری تاکەکەسی. کۆڕیدۆرێکی ٦٠ مەتری بوو کە پێنج بەندی بوو و لە هەر بەندێک پێنج ژوور و لە هەر ژوورێکدا یەک کەس. ژورێکی تەنگی ڕەساسی، سێ بەری دیوار بوو و درگایەکی ئاسنی کە لە خواری درگاکە دەلاقەیەکی چکۆلە دەکرایەوە بۆ نان و ئاو. مافی قسەکردن لە گەڵ هاوبەندەکانت نەبوو لە پاسەوانەکانیش هیچ پرسیارێک یا داواکارییەکیش نەدەبوو بکرایە. ڕێگە نەدەدرا گۆرانییەک کە سرتەکەی بگاتە ژووری پەنا دەستەکەت بیڵێتەوە. تەنیا پێنجشەممان درگای ژوورەکەیان دەکردەوە و بۆ ئەوە هەوای ژوورەکە بگۆڕدرێت، ئێمەش دەمانتوانی لەبەر درگاکان بوەستینەوە لەوێ زانیم هەموو بەندکراوەکان کورد بوون و سیاسی: لە دیواندەرە، مەریوان و کرماشانیش بوون کە ئەوەم زانی ورەم بەرز بووەوە، هەستم کرد ئەوەش نیشتمانێکی چکۆلەیە کە بە دەستی داگیرکەرەوەیە، لەسەر دیوارەکان دەستنووسی بەندکراوە پێشوەکانم دەخوێندنەوە کە لە سێدارە درابوون، وەک شەهید ئیحسان فەتاحیان، شێرکۆ مەعاریفی. هەستم بەوە دەکرد ئەرکێکی قورس لەسەر شانمە و ئەوەش خیانەتنەکردنە، چونکە چارەنووس منی لە شوێنی قارەمانەکانم دانابوو.

هەموو شەوێک کاتژمێر ٣:٣٠ نیوەشەو زریکەی فیتویەکی ترسهێنەر بەرز دەبوو کە لە قریشکە و چریکاندن دەچوو و لە گوێدا دەنگی دەدایەوە و کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لەسەر ڕۆح و ڕەوانت دادەنا. هەمو ڕۆژێک کاتژمێر ٤ی بەیانی دەیانبردی بۆ ژووری لێپرسینەوە، چاو و دەست و پێم بەسترا بوون، بەڵام من لەبەرم کردبوو کە ٤٨ پلیکان بەرەو خوارەوەیە و ژێرزەوییە. لەوێ منیان فڕێ دایە نێو ژوورێک. چاومیان کردەوە کەسم نەبینی تەنیا ژوورێکی ڕەش و ڕووت بوو کە لە گۆشەی ژوورەکە تەختێکی ڕووت و قامچییەکى سێ کابڵی بوو، لە ناوەڕاست ژوورەکەش مێزێک و دوو کورسی هەبوون. پاش نیو کاتژمێر دیسان چاومیان بەست و گوتیان تۆ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەی، بیستوومانە جگەرە دەکێشێت؟ وایە؟ تۆ جگەرەکێشی؟ بە تووڕەییەوە نەڕاندی.. گوتم: نا من جگەرە ناکێشم. بە جنێو قێڕاندی: چۆن درۆ دەکەی.. و ئیتر بارانی مشت و لەقە بەسەرما بارى و بە پێڵاوەکانی لە گورچیلەی دەدام. گوتی: دەزانی تووخمەسـ.. تۆمان بە برینداری دەستکەوتووە و کەس نازانێت ماوی یا زیندووی؟ زۆر بخایەنی دەڵێین هەر لەوێدا تۆپیوە. وازى لە لێدانم هێنا و وامزانی تەواو بوو کە لە پشت سەرمەوە بە کابڵێک بەسەر سەرمیدا کێشا و دەستبەجێ سەرم شەقی خوارد و خوێن فیچقەی کرد.. ئینجا ڕووی تێ کردم و گوتی: ئەمە تەنیا بۆ ئەوە بوو بزانی نابێت جگەرە بکێشیت.

ئەمە یەکەمین لێپرسینەوەم بوو

دوو مانگی ڕەبەق ئەشکەنجە کرام و  دەیانویست هێرشێکی تیرۆریستی لە ئەستۆ بگرم، کەوتمە بیر قسەی باوکم کە هەر کات کوردێک لە سێدارە دەدرا، دەیگوت ئەوە بە شوێن کەسێک بۆ سێدارەدانی گەڕاون، کێ لە کورد هەتیوتر؟ زانیم ئەیانەوێت لە سێدارەم بدەن، من دەمویست بژیم  و زیندوو بمێنمەوە. نەمدەویست ملکەچی ئەم وەحشیانە بم، بە خۆم دەموت با ئەوان بمکوژن من خۆم ڕادەست ناکەم

لێرەدا وەستا و گوتی: گەنجی و هێزم یارمەتیمی دا، دەزانی دادە بەندیخانە گەورەترین مامۆستایە زۆر شتت فێر دەکات خۆڕاگرت دەکات، نەتەوەییتر، دڵسۆزتر، بڕوا دێنی دەبوایە شەڕی ئەم دەسەڵاتەت بکردبایە و ڕێگەکەت پیرۆز دەکات لە پێش چاوت.

 

دادوەر نازر:

زۆرم پێ خۆشبوو سۆراخێک لە دایک و باوکم بکەم، بەڵام بەزەیی و ڕۆحمم لە یەک کەسیان نەدەدی کە تەنانەت بپرسم دایک و باوکم ئاگادارمن یانە؟ دیسان ٤ی بەیانی بردمیان بۆ لێپرسینەوە، ئەمجارەیان دادوەر نازر بوو، چاومیان کردەوە و زوو بە مێشکم هات لە دادوەرەکە سۆراخی دایک و باوکم بکەم. دیسان پرسیارە دووبارەکان و زۆر هێنان بۆ ددانپێدانان. لێپرسەکانم بێشەرم و بێشاردنەوە لە پێش چاوی دادوەرە نازرەکەم وەک جارانی پێشوو قاچاکانمیان فەلەک کرد لە ٤ نۆبەتی هەر جار ١٥ قامچی کە سەرجەم ٦٠ قامچیان لە ژێر پێم دا، دیسان زمانم گەست و سۆراخی دایک و باوکم لەو وەحشیانە نەکرد. لێرەدا گوتی لێگەڕێ با باسەکە کورت بکەمەوە، ئێستاش ئێشی ئەشکەنجەکان لە گیانم ماوەتەوە. بەرپرس و ئەشکەنجەدەرەکانم خۆیان نەدەناساند، بەڵام لە ڕووی زارەوەیان هیچیان کورد نەبوون.

 

پاراستنی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی سنە

پاش دوو مانگ ڕادەستی پاراستنی ئیتلاعاتی پاسدارانی سنە کرام.، دەست و لاق و چاوم بەسترابوونەوە، دەست و لاقمیان کردەوە و بۆ بەستنی دووبارەی دەست و پێم دەستبەند و پێبەندی پاراستنی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانیان بەکار هێنا. چاومیان کردەوە و تەلیسێکیان دامێ و گوتیان بیکە بە سەرتدا، نە تەنیا نەمدەبینی بەڵکو هەناسەشم بۆ نەدەکێشرا. ئینجا بەرمیان دا و گوتیان: ڕاست ڕاست بڕۆ.. ئێستا بە چەپ ... بوەستە ئاگات لێبێت لەو دیوارە نەدەی... بڕۆ بە ڕاست ....دانیشە پشوویەک بدە ... ڕاست ڕاست بڕۆ، ئەوە گەیشتینە ژوورەکە. کە هەنگاوم هەڵێنایەوە، لە بەرزاییەکى بەرز بەربوومەوە. لە ژوورەکەدا دیسان تەلیسەکەیان لە سەر چاوم لابرد کەسى تێدا نەبوو، وەک ژووری ئیدارەی ئیتلاعات بوو، بەو جیاوازییەی دەزگایەکی نینۆک کێشانى تێدا دانرابوو و نینۆک و خوێنە بەستووەکانیان پێوە پاک نەکردبووەوە. لەسەر ئەرزیش خوێن ڕژابوو و دیسان بۆ دوو کاتژمێر لەوێ وێڵ کرام. پاشام دیسان تەلیسەکەیان کردەوە سەرم.

دەنگی دوو کەس دەهات، ئەویان بەوی تر گوت:

ـ ئەرێ بۆ چەکت هەڵگرت؟

ـ بۆ نیشتمان

ـ نیشتمان لە کوێیە؟

ـ کوردستان

ـ ئێ بۆ نەهاتی چەک لە خۆم وەربگریت، خۆ نیشتمان بە دەست جاشەکانە.

ئێنجا پێ دەکەنین و دیسان لەگەڵ خۆیان قسەیان دەکردەوە:

ـ هەموو دونیا بە ئێمە دەڵێت سوپای تیرۆریست.

ـ بەڵی حاشا ناکەین و کەس وەک ئێمە لە ئازاردان نازانێت، وا نییە؟ باشە ئەم منداڵەیان بۆ گرتووە؟

ـ بۆ نیشتمان

دیسان پێکەنینەوە.

ئینجا بۆ یەکەم جار ڕووی قسەی لە من کرد و گوتی: من بەرپرسی سوپای پاسدارانی سنەم، خەڵکی ئیسفەهانیشم، تۆش کوڕە هەژارێکی کامیارانیت کە حوکمی لە سێدارەدانت دەرکراوە، هاوکاری بکە با لە پەتی سێدارە ڕزگارت کەم. ئەمە یەکەم لێپرسینەوەم لەو دەزگایە بوو.

پاش ئەوە ناردیانم بۆ ژووری قەبر، شوێنێک بوو کە تەنیا دەتوانی بەسەر پێوەوە بوەستى. کونێکی چکۆلەی بۆ هەناسەدان تێدابوو و دیوارەکان لە هەمو لایەکەوە دەیانگوشیت، پێنج بۆ شەش کاتژمێر لەوێ بوم.

 

سیناریوی لێپرس هەواڵنێر:

چوار مانگ تێپەڕی، منیان بانگهێشت کرد. ڕەحیمی بەڕێوەبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیارانم بینی. کە منی بینی خۆی تووڕە کرد و گوتی ئەم کوڕە بۆ حەمام نەکراوە، ئەو هەموو ڕیشە چییە؟ بردمیان بۆ حەمام و ڕیشیان تاشیم و سمێڵیکیان هێشتەوە بۆم . دیسان گەڕاندمیانەوە بۆ لای ڕەحیمی. وتی دایک و باوکت لێرەن، زۆر دڵخۆش بووم، منیش لێرەم یارمەتیت بدەم. ئەم دوو ڕۆژنامەنووسەشم هێناوە میدیاییت بکەین و زوو لە دەست ئەمانە ڕزگارت بکەم. ئێمە هاووڵاتین و من ئاگام لێت دەبێت، چیتر خەم مەخۆ.. تەنیا بڵی بەهرام ڕەزایی ئێمەی ناردبوو بۆ تیرۆر. بڵی منیش کەسم نەکوشتووە، هەر ئەوەندە لەگەڵیان بووم و تەواو. فیلمێکی کورت دەگرن کەس نایبینێت، هەر بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتە و بەس. بنەماڵەیەکیان هێنا بوو، برای کوژراوەکە دەیوت ئەمە نەبوو جەناب سەروان، کەچی ئەوان دەیانوت ئێمە سوپای پاسدارانین ئێمە دەزانین یا تۆ؟ دایک و باوکم دەگریان و دەیانوت ڕۆڵە قبووڵ کە، باوکم دەیوت بەخوا ناردوویانم بۆ تورکیا بۆ نێو پەکەکە و بۆ قەڵای دیموکرات و بۆ تاران و سنە و کامیاران، شوێن نەماوە بە شوێنتدا سەری پێدا نەکەم،  قبووڵ بکە و خۆت ڕزگار بکە. پێشتر هاوبەندە سیاسییەکانم هۆشدارییان دابوو لەبارەی ئەم سیناریۆیانە (لێرە قەوسێکی کردەوە تەڵەیەک کە شەهید حەیدەر قوربانی تێکەوت) خۆم تووڕە کرد و قیڕاندم: من بێگوناهم  و ئەو کات تەنیا شەق و زلەی ڕەحیمی بوو کە پێم دەکەوت. دیسان گەڕامیاندەوە بۆ پاراستنی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران.

 

دوازدە ڕۆژی کۆتایی پاراستنی ئیتلاعاتی سنە

لەو دوازدە ڕۆژەدا هیچ خەبەرێک لە لێدان و ئەشکەنجە نەبوو، لە لای خۆم وتم تەمام دیارە لە سێدارەم دەدەن کە کەس کاری بەسەرمەوە نییە، بەڵام وانەبوو منیان گواستەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی سنە و لەبەر ئەوە ئاسەواری ئەشکەنجە لەسەرم نەمێنێتەوە ئەو دوازدە ڕۆژە ئازاریان نەدام و واژۆشیان لێ ستاندم کە لەم چوار مانگەدا هیچ ئەشکەنجەیەک نەدراوم و بێڕێزیان پێ نەکردووم.

 

بەندیخانەی ناوەندی سنە

دە ڕۆژی سەرەتا لە قەرەنتینە کرام. دەپرسم قەرەنتینە وەک ژووری تاکەکەسییە؟ دەڵیت نا، هەموو تاوانبارێکی تێدایە لە ماڵی و سیاسی و مادەسڕکەرەکان هەمووی تێدایە و باشترین شوێنە بۆ بازرگانی شیشە و مادە سڕکەرەکان و خودی پاسەوانەکان مامەڵەی پێوە دەکەن. لە درێژەدا دەڵێت: منیان ناردە بەندی پاکی ٢، ١٢٠ کەس بەندکراوی تێدابوو و  ٦٠ بۆ ٧٠ کەسی سیاسی بوون و باقی ماڵی. سیاسییەکان هەموویان کورد بوون. پاشان لەبەر یەکگرتنەوەمان بۆ مانگرتنەکان هەمووی سیاسییەکانیان هەڵوەشاندەوە و پێنج کەس پێنج کەس بەسەر بەشەکانی دزی و مادە سڕکەرەکان بڵاومانیان کردەوە. من ساڵێک و شەش مانگ لەو بەندیخانە بێ دادگاییکردن و بێئەوە تۆمەتە پاڵدراوەکانم لە خۆم ڕوون بێتەوە ڕاگیرام. هەموو ئەم ماوەیە بە دەست گورچیلەم ئەوگار بووم و داوام دەکرد دەرمانم بکەن کە لە وەڵامم دەیانوت جارێک دۆسییەی تۆ دیار نییە چی دەبێت؟

 

دادگاییکردن:

پاش دوو ساڵ کاتی دادگاییکردنم گەیشت، دادوەری دۆسییەکە بابایی بوو و پارێزەرەکان هەردووکیان کورد بوون. یەکیان کرێگیراو و ئەوی دیکەیان خۆبەخش. پارێزەرە خۆبەخشەکە کە ویستی قسە بکات دادوەر بابایی گوتی: برام باسی چ دەکەی؟ لێرە منیش بڕیار نادەم چ بگاتە تۆ. کاتی هیچمان مەگرە، من تەنیا لێرەم حوکمی وەزارەتی ئیتلاعاتیان پێ ڕابگەینم. ئێمە چوار کەس بووین و ١٢٠ ساڵ بەندکرانیان بۆمان بڕێبووەوە کە من حوکمی ٤٠ ساڵ بەندکران لە تەبعید (مەسجد سولەیمان) بەسەرم سەپا. من بەمە ناهۆمید نەبووم، بەڵکو زۆر دڵخۆش بووم بۆئەوە خۆمم بۆ مردن ئامادە کردبووم، هەموو ئەو دووساڵە بە منیان گوتبوو: تۆ حوکمت ئێعدامە و بەس.

 

جێبەجێکردنى حوکم

بە دوو ئۆتۆمبێلى سۆرن و سەمەند بە ڕێ کەوتین. تا شاری خوڕەم ئاباد  کە پێنج کاتژمێر ڕێگە بوو سەرمیان لە سەر ئەژنۆم دانابوو دەستمیان کەلەپچە کردبوو و لاقم بەسترابوونەوە. لە خۆڕەم ئابادەوە هەتا مەسجد سولەیمان هێشتیان سەرم بەرز بکەمەوە و ١٤ کاتژمێر لە ڕێگەدا بووین تا بگەینە بەندیخانەی ناوەندی مەسجد سولەیمان.

 

بەندیخانەی مەسجد سولەیمان:

بەندیخانەیەکی  زۆر چکۆلە  و پەراوێز، منیان ڕاگواستەوە بۆ بەندی گشتی کە ٢١٠ کەس بووین  و ٦٠ تەختی نووستن،٣  تواڵت و ٢ حەمام. خواردن هەمیشە لوبیا و نیسک بوو و ئەگەر بتویستبا گۆشت یا مریشک بخۆی دەبوایە پارەت دابوایە پاسەوانان، ئینجا چاوت بە گۆشت و میوە دەکەوت. یەک کوردی تێدا نەبوو و ئەگەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ماڵمان نەبوایە زمانی دایکیشم لە بیر دەکرد. . کتێبخانەیەکی بچووک بوو کە پڕ کرا بوو لە ریسالەی خومەینی، جارێکیان کتێبێکی مافی نێودەوڵەتیم دۆزییەوە باسی مافی بەندکراوانی دەکرد بۆ هاوڕێکانم دەمخووێندەوە و تێر پێکەنین. لەوێ کەوتمە شوێنی دەرمان کردنی گورچیلەم بەڵام لەو ساڵانەى کە لەوێدا بووم گورچیلەی چەپم بە گشتی لە دەست دا و گورچیلەی ڕاستیشم تووشی لاوازی بووەوە. زانیم بێهۆدەیە و هەرگیز دەرمانم ناکەن و ئەوەندە حەبی ئێشم خواردبوو تووشی یەک دونیا کێشەی دیکە ببووم. لە ساڵی ٩٧ بڕیارم دا بە بەردەوامی وەرزش بکەم و خۆم یارمەتی خۆم بدەم کەچی چەندینجار بانگهێشت کرام کە نابێت وەرزش بکەم و من لە وەڵامدا زیاتر وەرزشم دەکرد و هەر بە هۆی نافەرمانیم لات و چەقۆکێشەکانی بەندیخانەیان بە گژمدا دەکرد و قۆڵمیان بریندار کرد و چەقۆیان لێم وەشاند و تا کۆتایی ئەو ڕۆژە لەوێ بووم کێشەیان بۆ دروست دەکردم.
 

بەندیخانەی شێبانی ئەهواز

ساڵی ٩٩ بە هۆی تێکچوونی بارودۆخی سەلامەتیم گەیاندمیانە نەخۆشخانەی ٢٢ی بەهمەنی ئەهواز و لەوێ گواستمیانەوە بۆ بەندیخانەی شێبان. منیان ناردە بەندی سیاسییەکان. "عادل کیانپور" کە بەندکراوێکی سیاسیی کورد بوو بەهانامەوە هات و زۆری ئاگای لێم بوو (لێرەدا دەنگی زۆر غەمگین بوو). مرۆڤ نازانێت چ بڵێت، عادل لە مانگرتندا گیانی لە دەست دا. جەستەى تەندرووست و ئیمانبەرز بوو ، زۆر کەس وتیان لە ژێر شکەنجەدا گیانی لە دەست داوە. بە ڕێنماییی هاوبەندە سیاسییەکانم توانیم لە دادستانی مەسجد سولەیمان بۆ بەڕێوەبەری هێزی دادوەریی نامە بنووسم و باسی لەدەستدانی گورچیلەیەک و مەترسی لەدەستدانی ئەوی تریان بکەم کە هەرگیزاوهەرگیز وەڵامم نەدرا. لەبەر  ئەوە سێ جار مانم لەخواردن گرت و زۆری خایاند پاش یازدەساڵ مانگێک پشوودەمانیان دامێ و منیش لە ژێر مەترسی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەڵاتم.