رفتن به محتوای اصلی

یەکیەتیی ئەورووپا سزای لەسێدارەدانی جەمشید شارمێهدی بە توندى مەحکووم کرد

یەکیەتیی ئەورووپا سزای لەسێدارەدانی جەمشید شارمێهدی بە توندى مەحکووم کرد
AvaToday caption
posted onFebruary 25, 2023
noدیدگاه

یەکیەتیی ئەورووپا بە توندی ڕەخنەی لە حوکمی لەسێدارەدانی جەمشید شارمێهد، هاووڵاتییەکی ئەڵمانی ـ ئێرانی و زیندانیکراوی کۆمارى ئیسلامى گرت و بە "قبووڵنەکراو"ـى ناو برد. ئەم حوکمە بووەتە هۆى مشتومڕی زیاتر لە دەرەوەی ئەڵمانیا و ئێستا گواستراوەتەوە بۆ یەکیەتیی ئەوروپاش.

 

نەبیلا میسرالی، وتەبێژی جۆزێپ بۆریل، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئەوروپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی فێبریوەرى (٤ی ڕەشەمە) ڕایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا بە توندی ئیدانەی لە سێدارەدانی جەمشید شارمێهد دەکات.

ـمیسرالی پێداگرى لەوە کردەوە کە پێویستە مافى دەستڕاگەیشتن بە کونسوڵگەری بدرێتە ئەم هاووڵاتییە ئەڵمانییە ـ ئێرانییە و زیندانیانی دیکەی ئەوروپی. هەروەها ڕایگەیاند، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا لە پەیوەندیدایە و یەکیەتیی ئەوروپا هەموو شتێک دەکات و بەرگری لە هەوڵەکان دەکات بۆ ئەوەی دادپەروەرانە و بە گوێرەی ڕێوشوێنی مافە یاساییەکان دۆسیەکە کارى لەسەر بکرێت.

پێشتر ئۆلاف شوڵتس، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، بە بڵاوکردنەوەی تویتێک کاردانەوەی بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدانی جەمشید شارمێهد دەربڕی و ڕایگەیاند، سزای لەسێدارەدان بۆ شارمێهد قبوڵکراو نییە و ئەڵمانیا بە توندی ئەو حوکمە شەرمەزار دەکات. شوڵتس داوای لە "ڕژێمی ئێران" کرد سزای لەسێدارەدانی شارمێهد هەڵوەشێنێتەوە.

یەکیەتى ئەوروپا و ئێران

چەند کاتژمێرێک بەر لە بڵاوبوونەوەی تویتەکەی شوڵتس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە دوو دیپلۆماتکاری ئێرانی وەک "کەسى نەخوازراو" ناسێنراون و دەردەکرێن. گرژیی نێوان ئەڵمانیا و ئێران ڕەهەندی فراوانتری بە خۆیەوە بینیوە و وای لە یەکیەتیی ئەورووپا کردووە کە هەڵوێستی هەبێت لەو بارەیەوە.

وتەبێژی بۆریل بیری هێنایەوە کە یەکێتی ئەوروپا لە هەر بارودۆخێکدا دژی سزای لەسێدارەدان دەوەستێتەوە. میسرالی باسی لەوە کرد کە زیادبوونی ژمارەی هاووڵاتیانی یەکیەتیی ئەورووپا لە زیندانەکانی کۆمارى ئیسلامى، زۆر جێگەی نیگەرانییە.

دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی، لانیکەم ١٧ کەسی بە پاسپۆرتی ڕۆژئاواییەوە دەستبەسەر کردووە کە زۆربەیان دوو ڕەگەزنامەیان هەیە کە لەوانەش دوویان ڕەگەزنامەی ئەڵمانی و پێنجیان فەڕەنسی و یەکیان بەلژیکی و یەکیشیان بەریتانی و چواریان ئەمریکی و دوویان نەمسایی و دووی تریشیان سویدیان هەیە.

کۆماری ئیسلامی بە ڕاگرتنی هاووڵاتیانی ڕۆژاوایی لە نێو زیندانەکانى، هەوڵ دەدات گوشار بخاتە سەر وڵاتانى ڕۆژئاوایی و یەکیەتى ئەوروپا بۆ نەهێشتنى گەمارۆکانى سەر خۆى.