Ana içeriğe atla

ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان فراوانتر دەبێت؛ کوژراو و بریندار هەن

ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان فراوانتر دەبێت؛ کوژراو و بریندار هەن
posted onDecember 31, 2025
noyorum

بۆ چوارەمین ڕۆژی لەسەریەک، شەپۆلێکی فراوانی ناڕەزایەتی شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە. خۆپێشاندانەکان کە دژی گرانی و دۆخی بژێوییە، لە چەندین شار بۆتە هۆی پێکدادان و بەپێی ئامارە فەرمییەکان، کوژراو و بریندار لە ڕیزەکانی هێزە ئەمنییەکاندا هەن.
ناڕەزایەتییەکان کە لە چوار ڕۆژ پێش ئێستاوە دەستیان پێکردووە، ئێستا بۆ زیاتر لە ١٢ پارێزگا پەرەیان سەندووە. سەرەڕای ئەوەی حکومەت بەهۆی سەرماوە زۆربەی دامەزراوە حکومی و پەروەردەییەکانی پشوو کردووە، بەڵام گردبوونەوەکان لە تاران، هەمەدان، ئەسفەهان و شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن.
جێگری سیاسی و ئەمنیی پارێزگاری لوڕستان ڕایگەیاند، لە شاری "کویەشت" ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان (بەسیج) بە ناوی "ئەمیرحیسام خودایاری فەر"ی تەمەن ٢١ ساڵ، لە کاتی پێکدادانەکاندا کوژراوە. هەروەها ١٣ پۆلیس و بەسیجیش بریندار بوون.
لە شاری "فەسا"، خۆپێشاندەران هێرشیان کردووەتە سەر بینای قایمقامیەت. هێزە ئەمنییەکان چەکی "شاتگان"یان بەکارهێناوە و بەرپرسانی دادوەری دەستگیرکردنی چوار کەس و برینداربوونی سێ پۆلیسیان ڕاگەیاندووە.
خوێندکاران لە زانکۆکانی "شەهید بەهەشتی" لە تاران، "سەنعەت" لە ئەسفەهان و "فێردەوسی" لە مەشهەد گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و دروشمی توندیان دژی سیاسەتە ئابووری و سیاسییەکان بەرز کردەوە.
لە هەمەدان لەگەڵ دابەزینی پلەی گەرما بۆ ٢ پلە ژێر سفر، هێزە ئەمنییەکان ئۆتۆمبێلی ئاوفڕێنیان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەران بەکارهێناوە.