بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

گەرمتربوونى شەڕی بازرگانی ئەمریکا و چین سەرەڕای دانوسانەکانیان

گەرمتربوونى شەڕی بازرگانی ئەمریکا و چین سەرەڕای دانوسانەکانیان
AvaToday caption
posted onMay 11, 2019
noبۆچوون

 

دۆنالد ترامپ بەتەمایە لە گەرمەی کێشەکانی نێوان پەکین و واشنتۆن، گوشارەکان لەسەر چین زیاتر بکات و لەو چوارچێوەدا بڕیاری داوە باجی گومرگی لەسەر هەموو کاڵا چینییەکان زیاد بکات.

 

سەرکۆماری ئەمریکا لەکاتێکدا خولی یازدەیەمی دانوسانە بازرگانییەکانی نێوان واشنتۆن و پەکینى بە بنیاتنەر و ئەرێنی پێناسە کردبوو، کەمێک دواتر بڕیاری زیادکردنی باج لەسەر بەرهەمە چینیەکانى دا. هەواڵدەری فەڕانسە ڕۆژی شەممە ٢١ بانەمەڕ ئامانج لەو هەنگاوەی ترامپی بۆ درووستکردنی گوشارێکی زۆر لەسەر هەموو ئەو بەرهەمانەی لە چینەوە هاوردە دەکرێن، زانیوە. هەر بە پێی ئەو ڕاپۆڕتە ڕاوێژکاری پلەبەرزی چینی "لیوهی" جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەرەڕای بڕیارەکەی ترامپ پەکین لە پڕەنسیپەکانی خۆی لا نادات.

ڕابێرت لایتیزر ڕاوێژکاری پلەبەرزی بازرگانی ئەمریکایی گووتویەتی "دۆناڵد ترامپ خوازیاری دانانی باج لەسەر هەموو ئەو بەرهەمە چینیانەیە کە تا ئێستا باجیان لەسەر زیاد نەکراوە و بە گووتەی ناوبراو مەزەندەی ئەو بەرهەمانە ٣٠٠ ملیار دۆلارە". لە ئەگەری جێبەجێبوونی ئەو بڕیارە شەڕی بازرگانی چین و ئەمریکا بە لوتکەی خۆی دەگات. تا ئێستا بایەخی کاڵا هاوردەکراوەکانی چین کە بەرزبوونەوەی باجەکان گرتوونیەوە زیاتر لە ٢٥٠ ملیار دۆلار بووە.

چین و ئەمریکا

لە نێو ئەو بەرهەمانەدا باجی گومرگی ئەو کاڵایانەی مەزەندەیان ٢٠٠ ملیار دۆلار بووە دوو بەرابەر و نیوە دەبێتەوە و لە ١٠ لەسەدەوە بۆ ٢٥ لەسەد بەرز دەبێتەوە. ئەو زیادبوونە کۆمەڵێک بەرهەمی چینی وەک دەزگا ئەلیکتڕۆنییەکان، ئۆتۆمبێل، پارچەی یەدەگى ئۆتۆمبێل و کەلوپەلى دانیشتنى ناوماڵ دەگرێتەوە. هەواڵدەری فەڕانسە لە زمان ڕابێرت لایتیزر دەڵێ بەرزبوونەوەی باجە گومرگییەکان لە ڕۆژی دوشەممەوە دەست پێ دەکات.

دوای بێ ئەنجامی خولی نوێی دانوسانە بازرگانییەکانی ئەمریکا و چین، دۆنالد ترامپ لە پەیامێکی تویتەریدا نووسی ئەو دانوستانانە بەردەوام دەبن و بە پێی ئەوەی وتووێژەکان چۆن بچێتە پێش زیادکردنی باج لە سەر بەرهەمە هاوردەکراوەکان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەرپەرشتی گرووپی وتووێژکارانی چینی لە نوێترین دانوسانەکانی ئەو وڵاتە و ئەمریکا سەرەڕای بێ ئەنجامى، بەڵام دانوسانەکانی بە ئەرێنی وەسف کرد. لیو هی گوتویەتی "دوو لایەن لەسەر کۆمەڵێک پرس ڕێک کەوتوون، بەڵام دیسان کۆمەڵێک جیاوازی بیروبۆچوون هەیە کە هەندێکیان دەگەڕێتەوە بۆ پڕەنسیپە بنەڕەتییەکانی چین کە نایهەوی سەبارەت بە وان نەرمی بنوێنێت".

 

ئاسەوارەکانی شەڕی بازرگانی چین و ئەمریکا لە سەر ئابووری دونیا

ئەمریکا و چین

شەڕی بازرگانی نێوان دوو ئابووری گەورەی دونیا، کاریگەرى لەسەر هەموو بازاڕەکانی دونیا داناوە و وڵاتانی لەمەڕ کزى گەشەی ئابوری نیگەران کردووە. ئەو کێشانە لە سەردەمی هاتنی ترامپ بۆ کۆشکی سپی دەستی پێ کردووە و لە ساڵی ڕابڕدوودا زیادی کردووە.

ئەمریکا چینی بەوە تاوانبار کردووە کە لە بازرگانی دەرەکی ڕەفتارێکی نادادپەروەرانەی هەبووە و بە تایبەت لە تەرازی بازرگانی ئەرێنی ئەو وڵاتە لە بەرامبەر وڵاتانی دیکەی دونیا گلەیی هەیە. ترامپ بە تازەیی گوتویەتی ئەمریکا ساڵانە لە بازرگانی لەگەڵ چین ٥٠٠ ملیار دۆلار لە دەست دەدات. چین زیادکردنی باج لەسەر بەرهەمەکانی لە لایەن ئەمریکاوە بە کردەوەیەکی هاوشێوە و بە تایبەت سەبارەت بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەمریکا وەڵام داوەتەوە.

ئەو کارەی دەوڵەتی چین دەتوانێ لەسەر دەنگدەرە سوونەتییەکانی کۆمارییەکانى ئەمریکا کاریگەری نەرێنی هەبێ و هەر بۆیە ترامپ ماوەیەک پێش ڕایگەیاندبوو هەڵوەشانەوەی باج لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەمریکا بۆ جووتیارانی ئەمریکا گرنگە و داوای لە پەکین کرد بەو بڕیارەی خۆیدا بچێتەوە.