نەخۆشخانەی "ئیبن سینا" لە شاری شنۆ بەدەست کەمیی و نەبوونی ئامێر و پێداویستیی پزیشکییەوە دەناڵێنێت، ئەمەش شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی بەرفراوانی لای هاووڵاتییانی شارەکە دروست کردووە.
سەرەڕای بەڵێنە بەردەوامەکانی بەرپرسانی تەندروستی لە ساڵانی ڕابردوودا، نەخۆشخانەکە هێشتا ناتوانێت سەرەتاییترین خزمەتگوزاریی پزیشکی و تاقیگەیی پێشکەش بکات. هاووڵاتییانی شنۆ دەڵێن، بۆ سادەترین پشکنین یان چارەسەر، ناچارن ڕوو لە شارەکانی ورمێ، نەغەدە و مەهاباد بکەن، ئەمەش تێچوویەکی زۆری گواستنەوە و مەترسیی گیانی بۆ نەخۆشەکان دروست کردووە.
خەڵکی شنۆ داوا دەکەن زانکۆی زانستە پزیشکییەکان ئاوڕێکی جدی لە نەخۆشخانەکە بداتەوە و بە ئامێری مۆدێرن و پزیشکی پسپۆڕ تەیاری بکات. ئەوان جەخت دەکەنەوە کە دەبێت کۆتایی بەم دۆخە بهێندرێت و مافی دانیشتووانی شنۆیە لە شارەکەی خۆیاندا خزمەتگوزاریی تەندروستیی شایستەیان پێ بگات.
نەخۆشخانەی ئیبن سینا تەنیا ناوەندی حکومیی شارەکەیە، پەککەوتنی بەشەکانی تاقیگە و دەستنیشانکردنی نەخۆشی (سۆنار و تیشک) گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر خێزانە کەمداهاتەکان.