بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

مەزڵووم عەبدی لە میونشن لەگەڵ رۆبیۆ و ماکرۆن کۆبووەوە؛ پرسی کورد و داهاتووی سووریا تاوتوێ کران

هرانا: لە خۆپێشاندانەکانی ئێراندا زیاتر لە 7 هەزار کەس کوژراون
posted onFebruary 13, 2026
noبۆچوون

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا، زنجیرەیەک دیداری دیپلۆماسیی باڵای لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا و فەرەنسا ئەنجام دا. لەم کۆبوونەوانەدا داهاتووی سیاسیی کورد و گەرەنتییکردنی مافەکانیان لە دەستووری داهاتووی سووریادا تەوەری سەرەکی بوون.

مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی دیپلۆماسیی ئیدارەی خۆسەر، لەگەڵ مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە. لە دیدارەکەدا کە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریاش ئامادە بوو، گفتوگۆ لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق کرا. عەبدی رایگەیاند: "کۆبوونەوەیەکی ئەرێنیمان هەبوو و لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان باسی گەرەنتیی مافی کوردمان کردووە، ئەوانیش نزیکبوونەوەی باشیان هەیە."

لە لایەکی دیکەوە، شاندی هەسەدە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا کۆبوونەوە. ماکرۆن ستایشی رۆڵی هەسەدەی کرد لە تێکشکاندنی تیرۆر و دووپاتی کردەوە کە پاریس وەک هاوبەشێکی سەرەکی بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە. فەرەنسا پشتگیریی خۆی بۆ رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا نیشان دا، کە ئامانج لێی تێکەڵکردنی دامەزراوەکان و سەقامگیریی ته‌واوە.

سەبارەت بە دۆخی مەیدانی لە رۆژئاوای کوردستان و کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای هەبوونی هەندێک کێشە، بەڵام ئاگربەست بەردەوامە. بڕیارە رۆژی شەممە شاندی کوردی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکە لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپا ئەنجام بدەن، بە مەبەستی بەدەستهێنانی پشتگیریی نێودەوڵەتیی زیاتر بۆ پاراستنی مافە نەتەوەییەکانی کورد لە سووریا.

هرانا: لە خۆپێشاندانەکانی ئێراندا زیاتر لە 7 هەزار کەس کوژراون