بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

 ٢٦ نوێنەری کۆنگرەی ئامریکا خوازیاری سزادانی ئەندام پەرلەمانەکانی کۆماری ئیسلامین

 ٢٦ نوێنەری کۆنگرەی ئامریکا خوازیاری سزادانی ئەندام پەرلەمانەکانی کۆماری ئیسلامین
AvaToday caption
posted onMarch 2, 2023
noبۆچوون

  هەردوو پارتەکانى دیموکرات و کۆماریخوازەکان لە کۆنگرەی ئەمریکا داوایان لە حکوومەتەکەی جۆ بایدن کردووە کە هەموو ئەندامانی پەرلەمانەکەى ئیسلامی لە سەر سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و ئازادیخوازانی ئەم دواییەی ڕاپەرینەکان دژ بە حکوومەت سزا بدەن و بیانخەنە چوارچێوەى گەمارۆکانەوە.

 

لە نامەکەی ئەو ٢٦ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، داوا کراوە لە کۆى ٢٢٩ ئەندام پەرلەمانەى کۆمارى ئیسلامى گەمارۆ بخرێتە سەر ٢٢٧ ئەندام پەرلەمان، واتە بخرێنە هەمان چوارچێوەی یاسایی کە بۆ هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی دانراوە لەسەر کوشتن و ئەشکەنجەدان و ئیعدامکردنی نەیاران و ئازادیخوازان.

ئەم نوێنەرانەی کۆنگرەی ئامریکا لە نامەکەیاندا کە بۆ وەزارەتەکانی دەرەوە و خەزێنەداری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نێردراون، نووسیویانە: کۆماری ئیسلامی ئێران شەرعیەتی دیموکراتیکی نییە و ئەندامانی پەرلەمانى ئەو ڕژێمەش نوێنەری دیموکراتیکی گەلانی ئێران نین.

نامەکە کە لە لایەن سیناتۆری کۆمارییەکان مارکۆ ڕۆبیۆ و نوێنەری کۆمارییەکان کلۆدیا تێنی نووسراوە، ئاماژەیان بەوەش کردووە: "داوا لە ئێوە [ئیدارەی جۆ بایدن] دەکەین هەنگاوى زیاتر هەڵێننەوە -- و هانی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی [واشنتۆن] بدەن کە لەگەڵمان بکەون تا پاڵەپەستۆى زیاتر بخرێتە سەر کۆمارى ئیسلامى لەسەر لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران".