بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

بەفربارین بانە و سەقز پەکدەخات؛ ٢٦٠ گوند بێ کارەبان و خوێندن ڕاگیرا

بەفربارین بانە و سەقز پەکدەخات؛ ٢٦٠ گوند بێ کارەبان و خوێندن ڕاگیرا
posted onDecember 29, 2025
noبۆچوون

شەپۆلێکی بەفربارینی چڕ و کڕێوە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بە ژێرخانی کارەبای شارەکانی بانە و سەقز گەیشتووە و هاتوچۆ لە چەندین شاڕێگەی سەرەکی پەکیکەوتووە.
کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای پارێزگای سنە ڕایگەیاند، بەهۆی بارینی بەفری قورس و باهۆز لە ناوچە بەرزاییەکانی بانە و سەقز، تۆڕەکانی گواستنەوەی وزە تووشی زیانی گەورە بوون. بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان: زیاتر لە ٣٠٠ ستوونی کارەبا شکاون. 10 گۆڕەری کارەبا کەوتوونەتە خوارەوە و تێکچوون. کارەبای ٢٠٠ گوند لە سنووری بانە و ٦٠ گوند لە سنووری سەقز پچڕاوە.
بەهۆی بەفربارین و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، دۆخی ڕێگەوبانەکان ئاڵۆزیی تێکەوتووە. ئێستا هاتوچۆ لە ڕێگەکانی (سەقز - مەریوان) و (دیواندەرە - سنە) بەتەواوی ڕاگیراوە.
لە ناو شاری بانەشدا، دانیشتووانی گەڕەکی "تەرخان ئاوا" و چەند ناوچەیەکی دیکە نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە لەوەی لە ڕۆژی یەکشەممەوە ئاو و کارەبایان بڕاوە، هاوکات ڕەخنە لە خاویی پرۆسەی بەفرماڵین لە شەقامە ناوخۆییەکانی شارەکە دەگرن.
وەک هەنگاوێک بۆ پاراستنی گیانی قوتابییان، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی بانە بڕیاریدا بۆ ڕۆژی دووشەممە، دەرگای سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە شار و گوندەکان (بۆ هەردوو کاتی بەیانیان و دوای نیوەڕۆ) دابخات.