بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

هێزە ئەمنییەکانی ئێران هونەرمەندێکی کوردیان لە جوانڕۆ دەستگیر کرد

هێزە ئەمنییەکانی ئێران هونەرمەندێکی کوردیان لە جوانڕۆ دەستگیر کرد
هونەرمەند و گۆرانیبێژ، ئەمیر سوبحانییان لە شاری جوانڕۆ
posted onMay 22, 2026
noبۆچوون

 لە چوارچێوەی شەپۆلێکی نوێی گوشارەکان بۆ سەر چالاکانی کولتووری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هونەرمەند و گۆرانیبێژ، ئەمیر سوبحانییان لە شاری جوانڕۆ دەستگیر کرد و ڕەوانەی زیندانی کرماشانیان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، دەستگیرکردنی سوبحانی ڕۆژی دووشەممە لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی و بەبێ پیشاندانی بڕیاری یاسایی دادگا ئەنجام دراوە. زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو بە بڕیارێکی سەرەتایی بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی کرماشان (دێزڵئاباد) کراوە.

ئەم دەستگیرکردنە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر هونەرمەندانی کورد لە شارە جیاوازەکانی وەک بۆکان ڕووی لە زیادبوون کردووە. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن دەزگا ئەمنییەکان هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ ڕێگریکردن لەو هونەرمەندانەی گۆرانیی نەتەوەیی و نیشتمانی دەڵێن یان بەرهەمەکانیان ڕەخنەیی و سیاسییە.

ئەمیر سوبحانی، کە پێشتریش بەهۆی چالاکییە هونەرییەکانییەوە چەندین جار بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کرابوو و دەستگیر کرابوو، تا ئێستا بە فەرمی تۆمەتەکانی پێنەگەیەندراوە.