Ana içeriğe atla

لیندزی گراهام: رژیمی ئێران بمێنێتەوە کارەسات روودەدات

لیندزی گراهام: رژیمی ئێران بمێنێتەوە کارەسات روودەدات
posted onFebruary 14, 2026
noyorum

لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆماریی ئەمریکا، لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن هۆشدارییەکی تووندی دایە دۆناڵد ترەمپ و رایگەیاند، ئەگەر سەرۆک پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت و رێگە بدات کۆماری ئیسلامیی ئێران بمێنێتەوە، ئەوا "کارەساتێکی گەورە" روودەدات.

گراهام جەختی کردەوە، پاشەکشە لە بەرامبەر تاران بە واتای ئەوە دێت کە جیهان ناتوانێت چیتر پشت بە واشنتن ببەستێت. ئەو گوتی: "ئەمە نیشانی دەدات جیهانی رۆژئاوا تەنیا قسەی بێمانا دەکات؛ تەنیا کارێک بیکەن قسەکردنە و کاتێک پێویست بێت هیچ ناکەن." گراهام ئاماژەی بەوە کرد کە هەر جۆرە هێورکردنەوەیەک یان دواکەوتنی مامەڵەکردن لەگەڵ تاران، ئیعتباری ئەمریکا لەناو دەبات و رژێمی ئێران بوێرتر دەکات.

سیناتۆرە کۆمارییەکە رەخنەی لە سیاسەتی تەنیا "پشتگیریکردنی زارەکی" گرت و گوتی: "ناتوانی بڵێی لە ناڕەزایەتی بەردەوام بن و ئێمە لە پشتتانین، بەڵام لە کۆتاییدا هیچ روونەدات." گراهام راشیگەیاند، چاوەڕوان دەکات ترەمپ لەڕێگەی دیپلۆماسی یان هێزی سەربازییەوە، ئەنجامێک بەدەستبهێنێت کە لەگەڵ لێدوانە توندەکانی پێشتریدا بگونجێت.

لە کۆتایی قسەکانیدا، گراهام جەختی لەسەر رۆڵی چاودێریی یاسادانان کردەوە و رایگەیاند، هەر جۆرە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکرێت، دەبێت رەزامەندیی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکای لەسەر بێت و بەبێ رەزامەندیی ئەوان، هیچ رێککەوتنێک پەسند ناکات.