بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئیسرائیل بناغەى ئێران لە سووریا هەڵدەقەنێت

ئیسرائیل بناغەى ئێران لە سووریا هەڵدەقەنێت
AvaToday caption
posted onApril 1, 2019
noبۆچوون

 

مانگ نییە فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیل هێرشی وێرانکەر نەکەنە سەر موڵگەکانى سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانى ئێران لە سووریا، بەڵام دواى دانپیانانەکەى دۆناڵد ترامپى سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکان بە سەروەرى ئیسرائیل لە بەرزاییەکانى گوڵان کە ساڵى ١٩٦٧ داگیر کراوە، هێزە ئاسمانییەکانى تەلئەبیب هێرشیان کردە سەر مۆڵگەکانى سوپای پاسداران لە حەلەب.

 

عەلى عاتف، توێژەرى کاروبارى ئێران لە شارى جیزەى میسر بە تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى ڕاگەیاند "ئیسرائیل ترسى زۆرى لە پێگەى سەربازی ئێرانى لە سووریا هەیە، پێی وایە ئەو مانەوە سەربازییە لە پاڵ حیزبوڵا لە مەترسییەکى گەورەى ستراتیژییە بۆ بەرژەوەندییەکانى ئیسرائیل". دووپاتیشی کردووەتەوە "ئیسرائیل هیچ ئامادەییەکى ئێرانى لەنزیک سنوورەکەى لەگەڵ سووریا ناوێت".

لەگەڵ سەرهەڵدانى قەیرانەکانى سووریا لەدواى ساڵى ٢٠١١ى زایینى، میلیشیا ئێرانییەکان بەشدارییەکى ڕاستەوخۆی جەنگی ناوخۆیى ئەو وڵاتە کردووە کە ڕووبەرووى شەڕێکى تایفی ناوخۆیی بووەتەوەو، وڵاتى بۆ سەر پارچەیەکى دژ بەیەک دابەش کردووە. لە پاڵ ئێران چەندین وڵاتى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست و نێودەوڵەتیش دەستیان وەرداوەتە نێو ململانێیەکانى سووریا.

گوڵان

عاتف دەشڵێت  "بەم دواییانە ئیسرائیل چالاکییەکانی زیاتر کردووە، چ لەگەڵ ڕووسیا و وڵاتە جیاوازکان، بۆ هەڵکەندنى ڕەگ و ڕیشە و نینۆکى ئێرانە لە سووریا، بەتایبەت پاوانخوازییە سەربازییەکانى تاران لەو وڵاتە". هێماشی بەوە کردووە "ددانپێنانى سەرۆکى ئەمەریکا بە سەروەرى تەلئەبیب بەسەر جۆلان، وەک هەڵکردنى گڵۆپی سەوزە بۆ ئیسرائیل تا بە ئارەزووى خۆى بجووڵێتەوە".

توێژەرە میسرییەکە گووتیشى "ئاسمانى سووریا بەتاڵ بووەو، لەلایەن هێزە سەربازییە ئاسمانییەکانى دەستخەڕۆ کراوە، بۆ ئەوەى هێرشى ئاسمانیی بەردەوام دژى سوپاى قودسی ئێرانى جێگراو لەناوچەکانى ڕژێمى سووریاى دەسەڵات لە دیمەشق بکات". لەماوەى ساڵانى ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیل سەرووى٢٠٠ هێرشى ئاسمانیان دژى موڵگەکانى حیزبوڵاو میلیشیا ئێرانییەکان لە نزیک دیمەشقی و ڕیفی پایتەخت ئەنجام داوە، بەڵام دواى ددانپێنانەکەى ترامپ، فڕۆکە جەنگییەکانى تەلئەبیب بۆ یەکەمجار دەگەنە حەلەب و موڵگە سەربازییەکانى ئێران بۆمباران دەکەن.

ئیسرائیل مەترسییەکى زۆرى لە فراوانبوونى پاوانخوازییەکانى ئێرانە لە سووریا، بەتایبەت لە سنوورى هاوبەشى لەگەڵ سووریا، ئەگەرى ئەوەشى خستۆتە بەرچاو "میلیشیا نزیکەکانى ڕژێمى تاران هەلی نزیکبوونەوە لە سنوورەکانى ئیسرائیل بۆ هێرشکردن بەکار بهێنن".

بەرزاییەکانى گوڵان