بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئیڤانى شەشەم بە منداڵى گیراو و بە گەورەیی لە سێدارە درا

ئیڤانى شەشەم بە منداڵى گیراو و بە گەورەیی لە سێدارە درا
AvaToday caption
posted onFebruary 24, 2019
noبۆچوون

 

دواى مردنى پیتەرى گەورە، ئیمپراتۆری ڕووسیا لە شوباتى ١٧٢٥، ئەو وڵاتە ئەو سەردەمە ڕووبەرووى قەیرانى جێنیشین بوویەوە، چونکە ئیمپراتۆرى مردوو هیچ کەسێک دواى کوشتنى تاقە کوڕەکەى و جێنیشینى تەختى پادشایەتى ئەلیکسی پیترۆڤیتچ ساڵى ١٧١٨ نەمابوو بۆ جێگرەوەی.

 

لەسەر ئەو بنەمایەش کاترینى یەکەم، خێزانى پیتەری گەورە جومگەکانى دەسەڵاتى گرتە دەست و، ئیمپراتۆرییەتى ڕووسیای تا مردنى ساڵى ١٧٢٧ بەرێوەبرد، دواى دەسەڵاتەکەى دابەزین بۆ پیتەرى دووهەم، نەوەى پیتەرى گەورەو کوڕی ئەلیکسی بووە ئیمپراتۆر.

بەڵام دەسەڵاتدارێتى پیتەرى دووهەم کە تەمەنى ١١ ساڵ بوو، کاتێک بووە ئیمپراتۆر زۆرى نەخایاند، چونکە لەساڵى ١٧٣٠ بەهۆى تووشبوونى بەنەخۆشى هاوڵە گیان دەستدات و، تەختى دەسەڵاتەکەشى دەچێتە دەست ئانا یوانوڤنا، کچى ئیڤانى پێنجەم، زڕ براى پیتەرى گەورە.

ئانا یوانوڤنا، بۆ ماوەى ١٠ ساڵ دەسەڵاتداریەتى ئیمپراتۆرییەتى ڕووسیا دەکات، بەڵام لەکۆتاییەکانى دەسەڵاتەکەى بڕیارێکى سەیرو چاوەڕوان نەکراو لەمێژووى ئەو وڵاتە دەردەکات. لەناوەڕاستى مانگی تشرینى یەکەمى ١٧٤٠، چەند ڕۆژێک پێش مردنى، ئانا یوانۆڤنا منداڵى ئیڤانى شەشەم کە ئەو کات تەمەنى دوو مانگى تێپەر نەکردبوو دەکاتە جێنیشینى خۆى، چونکە خزمایەتى لەگەڵ دایکى ئەو منداڵە هەبووە، هەروەها دەزگیرانەکەى ئیرنست یۆهان ڤۆن بیرون، دۆقی کۆرلاند وەک چاودێری دەسەڵاتەکە دادەمەزرێنێت.

ئیڤانى شەشەم لە کاتى لەسێدارەدانى

ئیڤانى شەشەم لە کاتى لەسێدارەدانى

 

لە ٢٨ تشرینى یەکەمى ١٧٤٠ ئیڤانى شەشەمى تەمەن دوو مانگ دەسەڵات دەگرێتە دەست و دەبێتە ئیمپراتۆری ڕووسیاو، لەو کاتەوەش ئاڵۆزی و کێشەکان تا مردنى بەردەوامیی دەبێت. لەچەند هەفتەى یەکەمى ڕادەستکردنى دەسەڵات بەئیڤانى شەشەم، ڕووسیا لەلایەن ئانا لیۆبۆلدۆڤنا، دایکى ئیڤان ڕووبەرووى کودەتایەک دەبێتەوەو، ڤۆن بیرۆن لەپۆستى چاودێرى ئیمپراتۆر دوور دەخاتەوەو، خۆى دەچێتەوە جێگەى چاودێرى عەرش.

لەو ماوەیەش بۆ ماوەى یەک ساڵ ئیمپراتۆرە منداڵەکە لەدەسەڵات دەمێنێتەوە. لە ٦ کانوونى یەکەمى ١٧٤١، پیتەربۆرگ کە ئەو کات پایتەختى ئیمپراتۆرییەتى ڕووسیا بووە، ڕووبەرووى کودەتایەکى دیکە دەبێتەوە، ئەم جارە ئیزابێت، کچى پیتەرى گەورە ئەنجامی دەدات و ئیڤانى ئیمپراتۆرو دایکى لەدەسەڵاتى وڵات دوور دەخاتەوەو خۆى دەبێتەوە ئیمپراتۆری وڵات.

هۆکارى ئەو کودەتایەش بەهۆى سیاسەتى دەرەکى چاودێرى عەرشى ئیمپراتۆر بووە کە لەلایەن ئانا لیۆبۆلدۆڤناوە بووە، کە زۆربەى ڕاوێژکارەکانى لەڕەچەڵەکی ئەڵمانى بوونە. دواى کودەتاکەش ئیڤانى شەشەم، ئیمپراتۆرى پێشوو کە ئەوکات تەمەنى دەبێتە ساڵێک و سێ مانگ دەستگیر دەکرێت و، لەبنەماڵەکەى جیا دەکرێتەوەو، لەگرتووخانەیەکى پڕ لەپاسەوانى زیندانی دەکرێت.

لەو ماوەیە ئیزابێتى ئیمپراتۆری نوێ، کەمێک سۆزی بەمنداڵەکە دەبێت، ڕێگە بەزیندوو هێشتنەوەى دەدات، بە مەرجێک لەیەکێک لەگرتووخانە دوور دەستەکان زیندانى بکرێت. لە هەمان کاتیشدا بڕیارى داوە بەپاسەوانانى گرتووخانەکە لەوەى " هەر شۆڕشێک یاخود هەوڵێک بۆ ئازاد کردنى ئیمپراتۆری پێشوو بدرێت، دەستبەجێ ئیڤانى شەشەم لە سێدارە بدەن".

بۆ ماوەى ٢٠ ساڵ دەسەڵاتدارانى ڕووسیا ناسنامەى ڕاستەقینەى ئیڤانی شەشەمى دەشاردەوەو، لەنێو گرتووخانەکان بە بەردەوامى دەیگواستەوەو، بەگیراوى نەناسراوى ژمارە یەک بانگی دەکرد. ئەو منداڵە لەخوێندن بێبەش کرابوون و، تەنانەت تواناى قسەکردنى ڕوون و تەواوى نەبوو، هۆکارەکەش بۆ ئەوە بووە کە ماوەیەکى زۆر بەتەنیا بووەو، تووشى شڵەژانى دەروونى و هەڵسوکەوتى نامۆ بووە، ببووە هاوشێوەى مرۆڤە سەرەتاییەکان.

پیتەرى گەورە ـ ئیمپراتۆرى ڕوسیا

پیتەرى گەورە ـ ئیمپراتۆرى ڕوسیا

 

لە ماوەى گیرانیدا جگە لەپاسەوانەکانى گرتووخانەکەى ڕێگە بەئیڤانى شەشەم نەدراوە هیچ کەسێک ببینێت، بەڵام ماوە ماوە چەند پزیشکێکى دەبینى. لەپاڵ ئیزابێت، پیتەرى سێهەم، ئیمپراتۆری ڕووسیا، جارێک سەردانى ئیڤانى شەشەمى کردووەو، تووشى شۆک بوو لەبینینی ئیمپراتۆرى پێشوو.

دواتر کاترینى دووەم، دواى سەردانى کردنى ئیمپراتۆرى پێشوو، سوور بووە لەوەى دواى ئاشکرا کردنى ناسنامەى ڕاستەقینەى و، هەوڵدان بۆ ڕزگار کردنى پێویستە لەسێدارە بدرێت. لە تەمموزى ١٧٦٤ کۆمەڵێک بەرپرسى گرتووخانە دواى ناسینەوەى ناسنامەى، هەوڵیاندا ئیڤانى شەشەم ڕزگار بکەن و، لەبرى کاترینى دووهەم جێگیری بکەن، بەڵام پاسەوانەکان سوور بوون لەجێبەجێکردنى بڕیارەکەى پێشوویان لە لەسێدارەدانى ئیڤانى شەشەم لەشوێنى زیندانى کردنى، بۆیەش دەستبەجێ بڕیارەکەیان جێبەجێ کردو، ئیڤانى شەشەم لەتەمەنى ٢٣ ساڵى گیان لەدەست دەدات، کەهەموو ژیانى لەگرتووخانەکان بەسەربرد.