دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران گوشارێکی توندیان بۆ سەر کۆچەرییەکانی ناوچەی "دەشتی گەرمسێر" لە پارێزگای کرماشان دەستپێکردووە و فەرمانیان پێکردوون دەستبەجێ زێدی خۆیان چۆڵ بکەن.
بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، هێزە ئەمنییەکان لە شارەکانی قەسری شیرین و گیەڵان هۆشدارییان بە کۆچەرییەکان داوە کە پێویستە لەوەڕگە و شوێنی نیشتەجێبوونیان بەجێبهێڵن. ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی هاوپەیمانییەکی نوێ لەنێوان پێنج حیزبی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (حدکا، کۆمەڵە، پژاک، خەبات و پاک) بۆ یەکخستنی هەماهەنگییە سیاسی و سەربازییەکانیان دژی تاران.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای پاسداران و هێزەکانی بەسیج بوونی خۆیان لە ناوچە سنوورییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە. چاودێران پێیان وایە ئەم چۆڵکردنە زۆرەملێیەی کۆچەرییەکان، پەیوەندیی بە ترسی تاران لە چالاکبوونی هێزە کوردییەکان و پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکانەوە هەیە. تاوەکو ئێستا بەرپرسانی فەرمیی ئێران هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی هۆکاری چۆڵکردنی ئەو ناوچە سنوورییانە نەداوە.