وەزارەتی دەرەوەی سوێد و حکوومەتی ئوسترالیا، بەهۆی ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنی و مەترسیی سەرهەڵدانی پێکدادانی سەربازی لە ناوچەکەدا، داوایان لە هاووڵاتییانیان کرد دەستبەجێ ئێران جێبهێڵن و گەشت بۆ ئەو وڵاتە نەکەن.
ماریا ماڵمەر ستێنەرگارد، وەزیری دەرەوەی سوێد، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕایگەیاند، هێشتا گەشتە ئاسمانییەکان و دەروازە سنوورییەکان کراوەن، بۆیە دەبێت هاووڵاتییانی سوێد تاوەکو کات ماوە بڕۆن و چاوەڕێ نەکەن. وەزیری دەرەوە هۆشداریشی دا کە لە ئەگەری خراپتربوونی دۆخەکە، وەزارەتەکەی ناتوانێت هاوکاریی گواستنەوەی ئەو کەسانە بکات کە بڕیار دەدەن لەوێ بمێننەوە.
هاوکات ئوسترالیا هۆشداریی هاوشێوەی بڵاوکردەوە و دۆخی ئەمنیی ئێرانی بە "ناجێگیر" وەسف کرد. کانبێرا ئاماژەی بەوەش کرد، مەترسییەکی زۆر لەسەر هاووڵاتییانی ئوسترالیا و خاوەن ڕەگەزنامە دووانەکان هەیە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەستبەسەر بکرێن.
ئەم هۆشدارییانە لە کاتێکدایە کە پێشتر هەریەکە لە پۆڵەندا، سڕبیا و چەند وڵاتێکی دیکەش داوای هاوشێوەیان لە هاووڵاتییانیان کردبوو؛ ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ چڕبوونەوەی نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان لە ئەگەری روودانی ململانێیەکی سەربازیی بەرفراوان لە نێوان واشنتن و تاران.