وەزارەتی پەروەردەی ئێران بۆ یەکەمجار بە فەرمی رایگەیاند، لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباردا، ٢٢ قوتابی و پێنج مامۆستا گیانیان لەدەستداوە.
حوسێن سادقی، سەرۆکی ناوەندی زانیاریی وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا تەواوی ئەو مامۆستا و قوتابییانەی لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا دەستگیر کرابوون ئازاد کراون و هیچ کەسێکیان لە زیندان نەماون. ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە چوار رۆژ پێش ئێستا وەزیری دادی ئێران رایگەیاندبوو، هێشتا ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لە زیندانەکاندا ماونەتەوە.
هاوکات، ئیحسان عەزیمی راد، ئەندامی لێژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، هێشتا ئامارێکی فەرمی لەبارەی کوژراوان و دەستگیرکراوان نەگەیشتووەتە پەرلەمان، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە رێژەی بەشداریی گەنجان و مێرمنداڵان لە ناڕەزایەتییەکاندا زۆر بووە و لە هەندێک پارێزگا گەیشتووەتە 45٪ی کۆی بەشداربووان.
لە بەرامبەردا، ئەنجوومەنی هەماهەنگیی رێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران ئامارەکانی حکوومەت رەتدەکاتەوە و رایگەیاندووە، بەپێی بەدواداچوونەکانی ئەوان، لانیکەم ٢٠٠ قوتابی لە خۆپێشاندانەکاندا کوژراون.