
ڕۆژی سێشەممە ١٤ی گەلاوێژ، لە سەردانێکیدا بۆ یەکێک لە گەورەترین بنکەکانی دامەزراندنی سەربازی لە سوپای ئەو وڵاتە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لە "سەرکەوتنە گەورەکانی ئیسرائیل" لە شەڕی دژ بە گرووپە تیرۆریستییە ناوچەییەکان و کۆماری ئیسلامی کرد و جەختی لە درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تا گەیشتن بە تەواوی ئامانجەکان كردەوە.
نەتانیاهۆ بە ئاماژەدان بە هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵای لوبنان، حەماس، حکوومەتی بەشار ئەسەد لە سووریا و کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی:
تا ئێستا سەرکەوتنی گەورەمان بەدەست هێناوە، بەڵام هێشتا ئەرکەکەمان تەواو نەبووە، دەبێت شکستی دوژمن لە غەززە تەواو بێت، هەموو بارمتەکان ئازاد بکرێن، هەروەها دڵنیا بین لەوەی غەززە چیتر نابێتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل.
جەختیشی لەوە کردەوە کە حکوومەت و سەربازانی ئیسرائیل دەستبەرداری هیچ کام لەو ئامانجانە نابن.