بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڕاپۆرت-وتووێژ/ مامۆستا عەلی زەندی، "بۆ دواجاره" ماڵئاوایی له کورد و کوردستانی کرد

مامۆستا عەلی زەندی، "بۆ دواجاره" ماڵئاوایی له کورد و کوردستان کرد
چەند ڕەسم له مامۆستا عەلی زەندی
مامۆستا عەلی زەندی، دوای تێپەڕاندنی ژیانێکی پڕ له ئاوارەیی و نەهامەتی بەڵام پڕ له سەربەرزی و دڵسۆزی و بەرپرسیارەتی بەرامبەر به نیشتمان، کۆچی دوایی کرد.
posted onApril 5, 2024
noبۆچوون

نیمەشەوی هەینی، ١٧ خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی، مامۆستا عەلی زەندی، هۆنەرمەندی نەتەوەیی و گورانیبێژی ئازادیخواز، به هۆی نەخۆشی له کانادا کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا عەلی زەندی، به هۆی بەرپرسیارەتی و هەستی قووڵی لەهەمبەر کورد و کوردستان، هیچ کات حازر نەبوو سەر بۆ داگیرکەر دانوێنێت بۆیه وەکوو هونەرمەندێکی بەرپرس له ژیانێکی قورس و پڕ له ئاوارەیی و نەداری ژیا، تەنیا بەو تاوانه که حازر نەبوو هونەرەکەی جگه له کورد و کوردستان، بەکەس بفرۆشێت.

جێگای ئاماژەیه مامۆستا زەندی له درێژەی خەباتی بۆ ڕزگاری و سەربەرزی نەتەوەکەی، بۆ ماوەیەک پەیوەست به هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەبێت بەڵام دوای ماوەیەکی زۆر کورت واز له چەکداری دێنێت و ڕۆڵی پێشمەرگانەی خۆی له بواری هونەرییەوه درێژه پێدەدات.

مامۆستا عەلی زەندی، "بۆ دواجاره" ماڵئاوایی له کورد و کوردستان کرد
ڕەسمێک له مامۆستا عەلی زەندی 

هەر لەم پەیوەندییه، ئاواتودەی وتووێژێکی تایبەت لەگەل مامۆستا غوڵام فاتحی پێکهناوه تاکو خوێنەرانی ئازیز زۆرتر لەگەڵ ژیانی ئەم هونەرمەنده بەرپرسه و نیشتمانییه ئاشنا ببن.

ماموستا غولام فاتحی که خۆی دەیان سروودی نەتەوەیی تۆمار کردووه و مێژوویەک له خەباتی هونەری دژ به داگیرکەری هەیه، لەبارەی مامۆستا عەلی زەندی دەڵێت: "ئەو  له ساڵی ١٣٣٦ی هەتاوی له یەکێک له گوندەکانی لەیلاخ سەر به پارێزگای سنە له دایک دەبێت و بەداخەوه له تەمەنی ٦٧ سالاندا کۆچی دوایی دەکات. بنەماڵەی مامۆستا عەلی زەندی هەژار و نەدار بوونه بۆیه بۆ مسۆگر کردنی ژیانێکی باشتر له ئاوایی بەرەو شاری سنه کوچ دەکەن. دەبێت بڵێم به هۆی دەستکورتی و دۆخی نالەباری ژیانی زۆر درەنگ چالاکی هونەری خۆی دەستپێدەکات بەڵام بەو حاڵەشه‌وه، ڕەسەن بوونی هونەرەکەی وای پێدەکات له ماوەیەکی کورت ناوبانگێکی باش دەربکات و سەرکەوتوو بێت له بواری هونەرییەوه. دەبێت ئاماژه بکەم مامۆستا عەلی زەندی یەکێک له فۆلکلۆربێژەکانی گەورای کوردستانه که توانیویەتی له فۆلکلۆرەکانی ناوچەی لەیلاخ بۆ دەوڵەمەندتر کردنی هۆنەری کوردی کەڵک وەربگرێت".

مامۆستا غولام فاتحی هەروەها ئاماژه به ژیانی سیاسی ئەو کەڵه هونەرمەنده دەکات و دەڵێت: "مامۆستا عەلی زەندی یەکێک لەو هونەرمەنده شۆڕشگێر و بەرپرسانەیه که فەرمانی کۆماری ئیسلامی بۆ قەدەغه بوونی بەڕێوبردنی کونسێرت و خوێندن له هۆڵ دەشکێنێت و لەسەر سن ئاماده دەبێت و له کونسێرتێکدا گورانی پێشکشی گەلەکی دەکات بۆیه ئەو یەکەمین کەسه له سنه ئەم قەدەغه بوونه دەشکێنێت. دەبێت بڵێم دوای سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامی له ئێران بەڕێوبردنی کونسێرت له ڕۆژهەڵات قەدەغه کرابوو".

مامۆستا غولام فاتحی هەروەها ئاماژه به ژیانی پڕ له مەینەتی و هەژاری ئەو هونەرمەنده دەکات و دەڵێت: " مامۆستا عەلی زەندی، خاوەنی چوار منداڵه، سێ کچ و کوڕێکه. به هۆی دەستکورتی و هەژاری خانوویەکی له خۆی نەبوو بۆیه هەر ساڵێک له گەڕەکێکی سنه دادەنیشت. جارێک چووم بۆ سەردانی له دوکانەکەی له بەرامبەر دوخانیاتی سنه، لەوێ کەله قەنی دەهێنا و دەیشکاند و دەیفروشت، ئەوه نەهامەتی نەتەوەیەکه که هونەرمەندەکەی کەله قەن بشکنێت و بفرۆشێت، ئێستاش که سەردانی سۆشیال میدیا دەکەم دەبینم هەموو خۆیان کردووەته ساحێوی بەڵام که له ڕۆژهەڵات و باشوور بوو له هەژاری و ئاوارەیی و مەینەتی دەژیا".

مامۆستا عەلی زەندی، "بۆ دواجاره" ماڵئاوایی له کورد و کوردستان کرد
ڕەسمێک له مامۆستا غولام فاتحی هونەرمەندی نەتەوەیی کوردستان 

فاتحی له درێژەدا دەڵێت: "مامۆستا عەلی زەندی هەر له منداڵییەوه هۆگری گورانی وتن بووه بەڵام به هۆی هەژاری بنەماڵەکەی و کۆچکردنیان بۆ شار و خەمی نان، زۆر دێر دەستی به چالاکی هونەری و وگورانی وتن به شێوەی فەرمی کرد. جێگای ئاماژەیه مامۆستا زەندی فێر سازژەنینیش دەبێت و یەکێک له سازژەنه هەرە باشەکانیش بوو. کاتی خۆی له "خانە فرهنگ سنه" کلاسی فێرکاری ئاواز و سازی تاری هەبووه".

فاتحی له درێژەی وتووێژەکەی لەگەڵ ئاواتودەی باس له نەهامەتی و ئاوارەیی و ژیانی دوور له وڵاتی مامۆستا عەلی زەندی دەکات و دەڵێت: "ماوەی نزیک به ده ساڵ ئاواره دەبێت، تەنانەت له شاری سنەش وەکوو ئاواره دەژیت. دواتر ئاوارەی باشووری کوردستان دەبێت و له سلێمانی و هەولێر نیشتەجێ دەبێت. ماوەی ده ساڵ چاوی به بنەماڵەکەی ناکەوێت".

مامۆستا غولام فاتحی ئاماژه به جێگه و پێگەی هونەری مامۆستا زەندی دەکات و دەڵێت: "بڕاستی جێگه و پێگەی له هونەری کوردیدا دیاره بەتایبەت له زیندوو کردنی هۆنەری موسیقایی ناوچەی لەیلاخ، بەڕاستی هونەرمەندێکی دەست ڕەنگین بووه لەو بواره و هەرکەسێک بەدوای ئەو ڕێچکه بکەوێت دەبێت سەداسەد سەردانی بەرهەمەکانی مامۆستا عەلی زەندی بکات. دروسته کەسانێکی دیکه لە سەرچاوەی هونەری موسیقایی ناوچەی لەیلاخ کەڵکیان وەرگرتووه بۆ دەوڵەمەندتر کردنی هونەری کوردستان بەڵام ئەو به شێوەیەکی تەواو زانستی و له سەر ئۆسلوب، بەزم و گورانییەکانی ئەو ناوچەیەی دەگوتەوه".

فاتحی جێگه و پێگەی کۆمەڵایەتی مامۆستا عەلی زەندی بەرز وەسف دەکات و دەڵێت: "تێکەڵاوییەکی تەواوی هەبووه لەگەڵ خەڵک، لەگڵ خەڵک ژیا و تەمەنی خۆی بۆ ئەوان تەرخان کرد، لەگەڵ ئەوەی که دەیتوانی جۆرێکی دیکه بژیت بەڵام قەت بۆ چرکەیەکیش بیری لەوه نەکرد که له ڕێگای گەلەکەی دوور کەوێت. چەندین جار که له نزیکەوه گەیشتوومەته خزمەتی، دیومە که زۆر به گەرمی و بەرپرسانه لەگەڵ خەڵک هەڵسەوکەوت دەکات و ڕێزی خەڵکی زۆر دەگرت، هەروەها خەڵکیش ئەویان زۆر خۆش دەویست و ڕیزیان دەگرت".

له مامۆستا غولام فاتحی لەبارەی بەرهەمەکانی مامۆستا زەندی دەپرسم و دەڵیم کامیان له نێو خەڵک هوگری زۆرتری هەیه: "گورانی مامه کوڕنو و گورانی بۆ دواجاره، له نێو خەڵک زۆرناسراون بەڵام به بڕوای من جوانترین بەرهەمی مامۆستا عەلی زەندی، که لەو دوانەش جوانتره گورانی "وه باوه یاڵ دیم"ه که ئاوازەکەی له سەر ئاوازێکی فۆڵکلۆری ناوچەی لەیلاخ دانراوه و شێعرەکەشی هی "غولامرزا ئەرکەوازی"ه شاعێری گەورای کورده".

فاتحی دەڵێت: "مامۆستا عەلی زەندی بۆ یەکەم جار که ویستی گورانی تۆمار بکات سەردانی خانووی "حوسەین ئامنه" له گەڕەکی "کانی کوزەله" له شاری سنه دەکات. ئێمه "حوسەین ئامنه"مان به "باوه حوسەین" بانگ دەکرد. باوه حوسەین تۆمارگەی هەبوو و هونەرمەندەکانی سنە و دەوروپشتی کۆدەکردەوه و گورانییەکانیانی تۆمار دەکرد. لەم خانوویه بوو که بۆ یەکەم جار مایکێک لەبەردەستی مامۆستا عەلی زەندی دادەنرێت و گورانی خۆی تۆمار دەکات. ئەو گورانییانەش که ئێستا دەیبیستین زۆربەی زۆریان لە خانووی "حوسەین ئامنه" تۆمار کراوه. خاڵێکی دیکه که دەبێت لێره ئاماژەی پێبکەم ئەویه که شێعری زورینەی گورانییەکانی مامۆستا زەندی هی "حامێدی عالیجانه"یه که تێکەڵاوێکی هەورامی لەیلاخیه.

ڕاپۆرت: دالانپەر