بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

چاپی بەرهەمی ٤٥ نووسەری کورد له گۆڤارێکی ئاڵمانی

چاپی بەرهەمی ٤٥ نووسەری کرد له گۆڤارێکی ئاڵمانی
گۆڤاری دی هۆرێن، ژمارەیەکی خۆی به تەواوی تەرخانی بەرهەمی ٤٥ نووسەری کورد کردووه. ئەو بەرهەمگەله پێشتر بڵاو نەکراون
گۆڤارێکی ئاڵمانی له هەوڵێکی کەم وێنه و پڕبایەخدا، بۆ ماوەی زۆرتر له یەکساڵ، بەرهەمی ٤٥ نووسەری کوردی هەموو بەشەکانی کوردستانی کۆ کردووەتەوه و له دووتوی تایبەتنامەیەکدا چاپ و بڵاوی دەکاتەوه.
posted onMarch 10, 2024
noبۆچوون

گۆڤاری دی هۆرێن، بەناوبانگترین گۆڤاری بواری ئەدەبیات له ئاڵمان، چاپی ژمارە ٢٩٣ی خۆی بەتەواوی بۆ بەرهەمی ٤٥ نووسەری کورد لە سەرانسەری کوردستان و دەرەوەی وڵات تەرخان کردوە.

بەپێی ڕاپورته بڵاوکراوەکان، هێربێرت شمالشتیگ، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی هانۆڤەر و یەکێک له دۆستان و خەمخورانی گەلی کورد، دوو ساڵی پێش ئەم پێشنیارەی پێشکەشی بەرپرسانی گۆڤاری دی هۆرێن کردووه و ئەوانیش به تێکرا پێشنیارەکەیان پەسەند کردووه.

هێربێرت شمالشتیگ لەم بواره بۆ ڕاگەیاندنەکان دەڵێت: "تاوەکو ئێستا هیچ رۆژنامەیەک یان گۆڤارێکی وێژەیی نەبووە تایبەت بۆ وێژەی کوردی".

ئەم تایبەتنامه به هاوکاری و هەوڵەکانی "تەنگەزار مارینی" هاوڕێی هێربێرت شمالشتیگ دەگاته ئامانجی خۆی. تەنگەزار مارینی هەلبەستڤان و وەرگێڕی کورده که ئەرکی سەرەکی پەیوەندیکرن، کۆکردنەوە و وەرگێڕانی بەرهەمەکانی ئەنجام داوه .

مارینی له وتووێژێک لەگەڵ مێدیاکاندا دەڵێت: "بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی گۆڤارەکه داوایان لێ کردم که تایبەتمەندی مۆزایکی کەلتوری کوردستان لە هەڵبژاردنی بەرهەمەکان ڕچاو بکەم".

گۆڤاری دی هۆرێن، بەناوبانگترین گۆڤاری وێژەیی ئاڵمانه که له ١٩٥٥ چالاکییەکانی دەست پێکردووه و بڕیاری ژمارە ٢٩٣ی ئەو گۆڤاره تایبەت بێت به بەرهەمی ٤٥ نووسەری کورد. ئەم ژمارەیه له ڕۆژی یەکەمی نەورۆزی ٢٧٢٤ی کوردی له ڕێوڕەسمێکی تایبەت، بڵاو بکرێتەوه.

تەنگەزار مارینی سەبارەت به چوونیەتی پێشبردنی ئەم ئەرکه قورسه دەڵێت: "ویستمان ئەو فرەڕەنگییەی کوردستان، تەنیا له چواچێوەی هونەر و سیاسەت بەرتەسک نەکرێت و لایەنەکانی دیکەشی بخەینەڕوو. ئەوە مافی کوردە، مافی نووسەرانی کوردە کە ئاستی نووسینی لای باش بێت. دووەمیش، ئەوەیە کە زاراوەی زۆر لە کوردیدا هەن، بۆیە نابێ، تەنیا لەبەر ئەوەی من کورمانجم، تەنیا گرنگی بە کورمانجی بدەم، زاراوەکانی دیکەش ئەدەبیاتی خۆیان هەیە و مافی خۆیان هەیە. ستراتیژیی ئێمەش بەو جۆرە بوو کە تا بتوانین دادپەروەری لە جوگرافیای کوردستان دا بکەین".

چاپی گۆڤارێکی ئاڵمانی بە تەرکیز لەسەر ئەدەبی کوردی
"دەمانەوێت روونی بکەینەوە کە کورد لە بیرناکەین و بڵێین زمانی کوردی زمانێکی زیندووی جیهانه"

هێربێرت شمالشتیگ، سەرۆکی پێشووی شارەوانی هانۆڤەر، له بەشێکی دیکه له وتەکانی، ئاماژه به گرنگی بابەتەکه دەکات و دەڵێت: "دەمانەوێت روونی بکەینەوە کە کورد لە بیرناکەین و بڵێین زمانی کوردی زمانێکی زیندووی جیهانه و نووسەرێکی زۆریش بەم زمانه دەنووسێن و بەرهەم دەخۆڵقێنن. زۆر پەرتووکی کوردی هەن کە مرۆڤ دەتوانێ و پێویستە پێشنیاز بکات بۆ خوێندن".

دکتۆر کریستۆف هامان، مامۆستای زمان و ئەدەبیاتی ئاڵمانییه له زانکۆی کۆڵن و هەروەها سەرنووسەری گۆڤاری دی هۆرێنه، لەبارەی ئەم تایبەتنامەیەدا دەڵێت: "کاتێک ئەم پرسە لەلایەن بەڕێز شمالشتیگ هاتەپێشەوە یەکسەر گوتمان ئەمە گرنگە. بەڕێز شمالشتیگ هەندێک باسی وێژەی کوردیی لە ئەڵمانیا کرد و گوتی ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کەسی کورد لە ئەڵمانیا دەژین و مرۆڤی کورد زۆر بایەخ بە وێژە دەدەن".

بۆ چاپی ئەم تایبەتنامەیه داوا لە ٨٠ نووسەر کراوه که بەرهەمەکانیان بنێرن بۆ لێژنەی گۆڤاری دی هۆرێن و له کوتاییدا لێژنەش تەنیا بەرهەمی ٤٣ نووسەر پەسند کردووه.

رێککەوتی دەرچوونی ئەم تایبەتنامەیه لەگەڵ نەورۆز هاوکات دەبێت و  لە رۆژی ٢٠ی مارسی ٢٠٢٤ ڕەوانەی بازاڕ دەکرێت و لە ئاهەنگی نەورۆزی کۆمەڵەی کوردی ئەڵمانیاش، لە ١٩ی مارس، له ڕێوڕەسمێک پێشکەشی ئامادەبوان دەکرێت.