ناوەندی ئاماری ئێران نوێترین راپۆرتی هەڵاوسانی بڵاو کردەوە و بەپێی راپۆرتەکە نرخی کاڵا و کەلوپەل بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هەڵکشاون ئەمەش دوای جێبەجێکردنی سیاسەتی لادانی "دۆلاری پاڵپشتیکراو" دێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئاستی گشتیی نرخەکان تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا بە ڕێژەی 7.9% بەرز بووەتەوە، کە ئەمە بەرزترین ئاستی هەڵاوسانی مانگانەیە لە سێ ساڵ و نیوی ڕابردوودا.
هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ: نرخەکان بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو 60% بەرز بوونەتەوە، ئەمەش لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا بێوێنە بووە.
هەڵاوسانی ساڵانە: ڕێژەی فەرمیی هەڵاوسان گەیشتووەتە 44.6%، کە بەرزترین ئاستە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا.
سەرەتای ئەم مانگە، حکومەتەکەی مەسعوود پزیشکیان بڕیاری دا تەرخانکردنی دۆلاری پاڵپشتیکراو (دۆلاری 28,500 تمەنی) بۆ کەرەستەی وەک "خۆراکی ئاژەڵ و پەین" ڕابگرێت. حکومەت دەڵێت ئەم هەنگاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕانتخۆرییە و لە بەرامبەریدا مانگانە بڕی یەک ملیۆن تمەن "کالابەرگ" (پسوولەی کڕینی خۆراک) بۆ 80 ملیۆن هاووڵاتی دابین دەکات.
ڕاستەوخۆ دوای بڕیارەکە، نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک "ڕۆنی ڕوەکی، مریشک و هێلکە" بە شێوەیەکی خێرا بەرز بوونەوە. هاوکات دابەزینی بەردەوامی بەهای تمەن و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، بوونەتە هۆی گرانبوونی ئەو کاڵایانەی کە کەرەستەی خاویان لە دەرەوەی وڵات هاوردە دەکرێت.