Ana içeriğe atla

ئیسرائیل دۆخی ئێران هەڵدەسەنگێنێت

ئیسرائیل دۆخی ئێران هەڵدەسەنگێنێت
سوپا لە ئامادەباشیدایە و وەزیری دەرەوەش پشتیوانی لە خۆپێشاندەران دەکات
posted onJanuary 11, 2026
noyorum

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، لە پاش پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێران، ئیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی سوپای ئیسرائیل، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەو وڵاتە ئەنجامداوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل"، سوپای ئیسرائیل ئێستا خۆپێشاندانە دژە حکوومەتییەکانی ئێران وەک "پرسێکی ناوخۆیی" دەبینێت و ڕایگەیاندووە کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئاسایشی ئیسرائیلەوە نییە.

سەرەڕای ئەم هەڵوێستە، سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی هەڕەشەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، لە دۆخی "ئامادەباشی ئۆپەراسیۆنی"دا دەمێننەوە و بۆ هەر وەڵامدانەوەیەکی پێویست ئامادەن. بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل جەخت دەکەنەوە کە لە نزیکەوە چاودێری گۆڕانکارییەکان دەکەن و خۆیان بۆ سیناریۆ جیاوازەکان و گرژییە هەرێمییەکان ئامادە کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، گیدعۆن ساعار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ڕایگەیاند: "ئێمە پشتیوانی لە خەباتی گەلی ئێران بۆ بەدەستهێنانی ئازادی دەکەین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین. ئەوان شایستەی ئازادین و ئێمە هیچ دوژمنایەتییەکمان لەگەڵ گەلی ئێران نییە."

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد کە کێشەی سەرەکیی وڵاتەکەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدایە، نەک خەڵک، و گوتی: "کێشەی جددیی ئێمە لەگەڵ ڕژێمی ئێرانە؛ ئەو ڕژێمەی کە نەک تەنیا بۆ ئیسرائیل، بەڵکوو بۆ ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش، گەورەترین هەناردەکاری تیرۆر و توندڕەوییە."