Ana içeriğe atla

یەکێتیی ئەورووپا و پەرلەمانتارانی ئیتاڵیا داوای ئازادکردنی نێرگز محەمەدی دەکەن

یەکێتیی ئەورووپا و پەرلەمانتارانی ئیتاڵیا داوای ئازادکردنی نێرگز محەمەدی دەکەن
posted onDecember 31, 2025
noyorum

یەکێتیی ئەورووپا داوا لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات سەرجەم ئەو کەسانە ئازاد بکات کە بەهۆی رەخنەگرتن لە حکومەت دەستگیرکراون، لە سەرووشیانەوە نێرگز محەمەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و دەستگیرکراوانی دیکەی شاری مەشهەد.
رۆژی سێشەممە نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە راگەیێندراوێکدا داوای لە تاران کرد نێرگز محەمەدی و ئەو کەسانەی لە رێوڕەسمی "خەسرەو عەلی کوردی" لە مەشهەد دەستگیرکراون، دەستبەجێ ئازاد بکرێن. لە راگەیێندراوەکەدا نیگەرانیی قووڵ نیشاندراوە بەرامبەر بە "بەکارهێنانی بەرفراوانی دەستگیرکردن" وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی دەنگی رەخنەگران لە ئێران.
لە لایەکی دیکەوە و لە درێژەی گوشارە نێودەوڵەتییەکاندا، رۆژی چوارشەممە چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیرانی ئیتاڵیا داوایان لە حکومەتەکەی جۆرجیا مەلۆنی کرد، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بخاتە گەڕ بۆ ئازادکردنی نێرگز محەمەدی و چالاکڤانانی دیکەی دەستبەسەرکراو.
ئەم گوشارانە لە کاتێکدان، 20 رۆژ بەسەر دەستگیرکردنی نێرگز محەمەدی، سپێدە قولیان و چەند چالاکڤانێکی سیاسی و مەدەنیی دیکە لە شاری مەشهەد تێدەپەڕێت.
هەژماری فەرمیی نێرگز محەمەدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، سەرەڕای ئەوەی داواکاری گشتیی مەشهەد بەڵێنی دابوو نێرگز پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە بکات، بەڵام چوار رۆژە هیچ پەیوەندییەکی ئەنجام نەداوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی خێزانەکەی، نێرگز محەمەدی دوایین جار ئێوارەی 14ی کانوونی یەکەمی 2025 (23ی سەرماوەز)، دوای سێ رۆژ بێسەروشوێنی، تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت قسەی لەگەڵ کردوون و پەیوەندییەکەی پچڕاوە؛ ئەوەش نیگەرانیی لایەنگران و خێزانەکەی سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی ئەو چالاکڤانە قووڵتر کردووە.