Skip to main content

کۆماری ئیسلامی کۆڕۆنای بۆ پشتیوانی گرووپە تیرۆریستییەکان بەکار هێنا

کۆماری ئیسلامی کۆڕۆنای بۆ پشتیوانی گرووپە تیرۆریستییەکان بەکار هێنا
AvaToday caption
posted onMay 5, 2020
nocomment

ئەنجومەنی ئەمنیەتی نەتەوەیی کۆشکی سپی لە پەیامێکدا بە ئاماژەدان بە هەوڵی وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا بۆ گەمارۆخستنە سەر کۆمپانیایەکی نهێنی سوپای پاسداران و خاوەنەکەی بەهۆی پشتیوانی ماڵی لە تیرۆریزم و قاچاغی چەک، جەختی کردەوە کاری سەرەکی ڕژیمی ئێران پشتیوانی ماڵی لە تیرۆریستانە.

 

ئەنجومەنی ئەمنیەتی نەتەوەیی کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بانەمەڕ بە بلاوکردنەوەی تویتێک گووتی: لە کاتێکدا جیهان سەرگەرمی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنایە، ڕژیمی ئێران و پشتیوانەکانی لە جێگەی گرینگیدان بە سەرمایەگوزاری لە کەرتی تەندرووستی بۆ خەڵکی وڵاتەکەی، کار لەسەر پشتیوانی ماڵی لە تیرۆریستان دەکات.

نووسینگەی کۆنترۆڵی داراییەکانی وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا ڕۆژی هەنی ١٢ بانەمەڕ لە ڕاگەیەندراوێکدا ناوی هاووڵاتیەکی ئێرانی عێراقی بەهۆی پێوەندی لەگەڵ سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسداران خستە لیستی گەمارۆکانەوە.

بەو پێیە کەسێک بەناوی ئەمیر دیانەت کە بە ناوی ئەمیر عەبدولعەزیز جەعفەر ئەلمسجەع دەناسرێتەوە، ماوەیەکی دورودرێژ لەگەڵ بەرپرسانی پلەبەرزی سوپای قودس پێوەندی هەبووە و لە چالاکیەکانی ئەو هێزە بۆ بەدەستهێنانی داهات و قاچاغی چەک بۆ دەرەوەی وڵات دەستی هەبووە.

خەزێنەداری ئەمریکا، کۆمپانیای خزمەتگوزاری کانزایی تەیف کە خاوەنەکەی ئەمیر دیانەتە خستووەتە لیستی گەمارۆکان.

هاوکات ، دادوەری شاری واشنگتۆن لە دژی دیانەت و هاوکارێکی بە هۆی پێشێلکردنی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێران و سپیکردنەوەی پوڵ دۆسیەی تاوانی کردووەتەوە.