Skip to main content

ئەسۆشێتد پرێس: خەریکە سیناریۆکانى سەردەمى شا دووبارە دەبنەوە

ئەسۆشێتد پرێس: خەریکە سیناریۆکانى سەردەمى شا دووبارە دەبنەوە
.
فشارەکان کاریگەرى خۆیان هەیە
posted onSeptember 25, 2018
nocomment

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەى ٤٠ ساڵەى سەرهەڵدانى شۆڕش دژى دەسەڵاتى حەمەڕەزا شاى پەهلەوی لە ئێران، خەریکە ئەو وڵاتە ڕووبەرووى هەمان شۆڕش دەبێتەوە کە ئاگرەکەى لە ساڵى ١٩٧٩هەڵگیرساو کۆمارى ئیسلامیی لێ بەرهەم هات.

 

ئاژانسى ئەسۆشێتد پرێسى ئەمەریکى لەبارەى ئەو پرسە ڕاپۆرتێکى بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەى بەوە داوە "سەرکردە ئێرانییەکان ڕووبەرووى فشارێکى ناوخۆیی و دەرەکی بەهێز بوونەتەوە، بە ئاستێک گەیشتۆتە ئەوەى ملکەچی ئیرادەى گەلی ئێرانی بێت و، ڕێگە بە جەماوەرەکەى بدات بە ئاشکرا ڕەخنە لە بەرپرسان بگرن، بۆ ئەوەى پانتاییەک لە ئاسوودەیی و ڕازیبوون ببەخشن". لەو ڕاپۆرتەدا باسى لەوەش کردووە " سنوورى ئەو ئازادییەى بەخشراوە زۆر سنووردارە و، دەسەڵاتدارانى تاران بەردەوامە لە دەستگیرکردنى پارێزەران و چالاکوانان و بە شێوەیەکى نهێنى و خێرا دادگاییان دەکات".

 

ئاژانسە ئەمەریکییەکە لە زارى فائیزە هاشمی چالاکوان و کچی عەلى ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی سەرۆکى پێشووى کۆچکردووى ئێران ڕایگەیاندووە "ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بین، ئەوا ڕەوشەکە زۆر ئاڵۆزتر دەبێت، چونکە گەلى ئێران زۆر ماندوو بووەو، خۆاگرییەکەشى کەمترە لە جاران". گووتیشى "پێم وا نیە زۆرینەى گەلی ئێران ئێستا بیەوێت ڕژێمەکە بگۆڕێت، چونکە مەترسییان لەوە هەیە دواتر چی ڕوو دەدات، بەڵام دەیەوێت داخوازییەکانى بهێنەدی".

ئەسۆشێتد پرێس جەخت لەوە دەکاتەوە "توڕەیی گەلی ئێران بەردەوامە لەزیادبووندایە، بەتایبەت حەسن ڕوحانی سەرۆکى ئێران، ئەمەش مەترسی  لەسەر پێگەى سیاسی دروست کردووە".

 

فشارەکان بەرهەمى خۆى هەیە:

ئەو ڕاپۆرتە کە لە لایەن تۆڕی فۆکس نیوزی ئەمەریکیش بڵاو بووەوە، دووپاتی دەکاتەوە "فشارەکانى سەر ئێران خەریکە بەرهەمى خۆی دەدات، هەرچەندیشە بە شێوەیەکى خاوە، بەڵام کاریگەریی هەیە". هیماشی بەوە کردووە "دەسەڵاتداران درکیان بەبەرزبوونەوەى توڕەییەکان کردووە، بۆیە ڕێکارەکانى سەرکەوتکردنیان تا ڕادەیەک کەمتر کردووەتەوە و، دەستیشى بەدادگاییکردنى تۆمەتبارانى گەندەڵی کردووە و، لە کەناڵە فەرمییەکانى خۆیشى پەخشی دەکرد.

هاوکات ڕێگەش بەمیدیا لۆکاڵییەکان دراوە "ڕاپۆرت لەهەندێک پرسی هەستیار بڵاو بکەنەوە، بە تایبەت سەرپێچیکردنى یاساى دراوی بیانى و هاوردەکارى ئامێری مۆبایل". سەرەڕاى ئەو نیمچە کرانەوە سیناریۆییەى تاران بۆ هەڵمژینى توڕەیی خەڵک، لەهەمان کاتدا بڵاوبوونەوەى وێنەى " منداڵانى بەرپرسە باڵاکان کە لەوپەرى خۆشیدا ژیان بەسەر دەبەن لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان توڕەییەکى دیکەی شەقامى کۆمارى ئیسلامییە بەرامبەر دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە".

سارە بازوبەندی توێژەرى پەیمانگەى واشنتۆن بۆ سیاسەتى ڕۆژهەڵاتى ناوین، دەڵێت "چیرۆکى لەو شێوەیە، هیماى بەوە دەدات کە ئێران خەریکە دەچێتە نێو قەیرانێکى مانەوە، دەردەکەوێت بنەماکانى ئیسلامى و پێویستى جێبەجێکردنى دادوەرى بۆ هەمووان، لەلایەن گرووپی نوخبەوە جێبەجێ ناکرێت". سووریشە لەوەى "ئەو درۆ و دووڕوویی کە لە لایەن گرووپی نوخبە و دەوڵەمەندەکانى نێو ئێران پەیڕەو دەکرێت، زۆر ڕوون و ئاشکرایە، بە تایبەت لەپاڵ ئەو ئابڕووچونەى کە ڕۆژانە بڵاو دەبنەوە، ئەمەش تووڕەیی میللی زیاتر کردووە".

 

کۆمەڵگەى ئێران دەگۆرێت:

راپۆرتەکە بە وردى باس لە نیشانەکانى گۆڕینى کۆمەڵایەتى لەشەقامى ئەو وڵاتە دەکات، کە دواجار دەرکەوتن، وەک شێوەى لەبەرکردنى سەرپێچ لە لایەن ئافرەتانى ئێرانى لە شەقامەکانی تاران و، دەرخستنى بەشێکى زیاترى قژەکانیان، هەندێکیان تەنها سەرپۆشەکانیان داوە بە شانیان لەکاتى لێخورینى ئۆتۆمبێل. بەم دواییانەش لە خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانیان ئافرەتان سەرپۆشەکانى وەک ناڕەزاییەک فرێیان دەدا.

تەنانەت پۆلیسی ئەو وڵاتە جەختى لەوە کردۆتەوە " بریاریان داوە ئەو ئافرەتانەى جلوبەرگى ئیسلامى لەبەر ناکەن دەستگیر ناکەن"، بەڵام بڵاوکردنەوەى ڤیدیۆی ڕێگرى لە ئافرەتانى ئێرانى لە شەقامەکان ئەو زانیارییانەى پووچەڵ کردووەتەوە. فائزە هاشمى باسى لەوەش کردووە "تاکە چارەسەر بۆ دڵەراوکێ و فشار ئەنجامدانى ڕاپرسییە بۆ بابەتى سەرپێچی ئافرەتان و چەندین کەیسى دیکە لەنێویاندا پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن". دەشڵێت "جیهان زۆر گۆڕاوە و، خەڵک گەیشتووەتە قۆناغێک هیچ شتێکیان نییە بیدۆرێنن، ئێمە بەڕەچەڵەک لەسەرەتا ترسمان لە گۆڕین هەیە، بەڵام کاتێک گۆڕانکاری ڕوودەدەن، ترسەکان کۆتاییان دێت و ئازاتر دەبن و داواى مافەکانمان بەئازادی زیاتر دەکەین".

هەمان ئەو ڕەوشەى دەسەڵاتدارانى شاه ڕووبەروویان دەبوویەوە لەگەندەڵى و برسێتى و توندوتیژی دەسەڵاتدارانى ئەوساى ئێران، هەمان سیناریۆکانى پێش ڕووداوەکانى ١٩٧٩  لە ٢٠١٨ دووبارە دەبێتەوەو، کۆمارى ئیسلامى خەریکە لەساڵیادی ٤٠ ساڵەى سەرکەوتنى شۆڕشەکەى ڕووبەرووى هەمان چارەنووس دەبێتەوە.