Skip to main content

ئەمەریکا یاساى سزادان بۆ پاشکۆکانى کۆمارى ئیسلامى لە ناوچەکە دەردەکات

ئەمەریکا یاساى سزادان بۆ پاشکۆکانى کۆمارى ئیسلامى لە ناوچەکە دەردەکات
"ئێران ناوەندە نێزیک و سەر بە ئەمریکییەکانى لە عێراق خستووەتە مەترسییەوە"
ئەم یاسایە بۆ سنووردارکردنى دەسەڵاتى کۆمارى ئیسلامییە لە عێراق
posted onSeptember 13, 2018
nocomment

 

یاریدەدەری ئەنجوومەنى پیرانى ویلایەتە یەکگرتووەکان رایگەیاند "ئەندامە کۆمارییەکانى ئەو ئەنجوومەنە بەنیازن پرۆژە یاساییەک بخەنەڕوو بۆ سنووردارکردنى دەسەڵاتى کۆمارى ئیسلامی لە عێراق".

 

ڕوونیشی کردەوە "ئەو پرۆژە یاسایە وەک مەترسییەکى ئەمریکایە بۆ پەرەسەندنى دەسەڵاتى پاوانخوازی تاران و، ئەنجامدانى هێرشى چەکدارای لە لایەن گرووپە نزیکەکانى ئەو وڵاتە، لە ناوخۆى عێراق دژى بەرژەوەندی و کەسایەتییەکانى واشنتۆن".

پرۆژە یاساکە کە بابەتى سزایی لە خۆ گرتووە، بەسەر ئەو گرووپانە دەسەپێنرێت کە لە لایەن تارانەوە کۆنترۆڵ کراوە، هاوکات وەزیرى دەرەوە پابەند دەکرێت بەوەى لیستى ناوى سەرجەم گرووپە چەکدارەکانى عێراق بڵاو بکاتەوە کە لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێران پارەدار دەکرێت. ئەو جمووجۆڵەى واشنتۆن لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزی و قەیرانەکانى بەسرە گەیشتە ئاستێک، خۆپێشاندەران دژى نەبوونى خزمەتگوزاری و گەندەڵی بارەگاى سەرجەم میلیشیاکانى شارەکەیان و دەستتێوەردانى کۆمارى ئیسلامى سووتاند. تەنها بەوەش نەوەستان، بەهۆى پاڵپشتیکردنى گەندەڵکاران و پیسکردنى ژینگەى شارەکەیان، خۆپێشاندەران هێرشیان کردە سەر کونسوڵخانەى ئێران لەو شارەو سووتاندیان.

بەڵام چەند کاتژمێرێک دواى ڕووداوى سووتاندنەکان، لە لایەن میلیشیا چەکدارەکانەوە کە گومانیان لە عەسائیبولئەهلی حەق نزیک لە تاران کردووە، سێ مووشەک ئاراستەى فڕۆکەخانەى بەسرە و کونسوڵخانەى ئەمریکا لەو شارە کران. پاش رۆژێکیش باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا درایە بەر مووشەک، بە بێ ئەوەى هیچ زیانێکى گیانى و ماددی لێبکەوێتەوە. واشنتۆن چەندین جار هۆشداریی داوەتە تاران و ئەو گرووپە چەکدارانە، لە ئەنجامدانى هێرش دژى ئەمریکییەکان و بەرژەوەندییەکانى لە عێراق.

لە لایەکی دیکەشەوە فەرماندەى ناوەندی ئەمریکا لە کوەیت لەگەڵ سوپاسالاری وڵاتانى ئەنجوومەنى هاریکاری کەنداو و ئوردن و میسر کۆ بووەوە و ئاشکرای کردووە کە ئەو هەڕەشە ئەمنیانەى لە ناوچەکە ڕوو دەدەن، لە کردەوەکانى تارانن، کە لە رێگەى پاڵپشتیکردنى رێکخراوە تووندڕەوەکان کار لەسەر لەناسەقامگیری ناوچەکە دەکات . جۆزێف فۆتیل فەرماندەى فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا گووتیشى "پێم وایە ئەو کۆبوونەوەیە بۆ ئاسایشى وڵاتەکانمان پێویستە، ئێمە لەبەردەم دوو هەڕەشەى ئەمنى بەردەوامین لە ناوچەکە".

ئەم دوو هەڕەشەیەش بریتین لە:

یەکەمیان: چالاکییە بەردەوامەکانى ئێران لە ناسەقامگیری ناوچەکە و، رێکخراوە توندڕەوەکان

دووەمیان: گرنگییەکى هەنووکەییە، توانا و بەرژەوەندییە ئەمنییەکانیان تێکەڵ بکەنەوە، بۆ ئەوەى بەرەنگاری سەرجەم ئەگەرەکان ببنەوە.

فەرماندەى ناوەندی ئەمەریکاش دووپاتی کردەوە "بە هیچ شێوەیەک دەستبەردارى ناوچەکە نابێت"، ئەمەش لە کاتێکدایە لە ماوەى رابردوو واشنتۆن بە ڕوونى هۆشداری داوەتە تاران لە هەر ئەگەرێکى هێرشدا، بەوەى بەخێرایی و بە تووندی وەڵام دەدرێتەوە.