Skip to main content

تمەن تووشى داڕمان بووەوە

تمەن تووشى داڕمان بووەوە
لە نێو بازاڕە نافەرمییەکان دۆلارێک بە سەرووى ١٢ هەزارتمەن مامەڵەى پێوە کرا
ئابوورى ئێران بەرەو داتەپینێکى گەورە هەنگاو دەنێت
posted onSeptember 4, 2018
nocomment


بەهۆى پاڵەپەستۆ و گەمارۆ ئابوورییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر ئێران، بەهاى دراوی نیشتیمانى ئەو وڵاتە کە تمەنە، ڕووبەڕووى داڕمانێکى نوێ بووەوە و لە مێژووى خۆیدا نزمترین ئاستى بەهاى بەرامبەر دۆلاری ئەمریکى بەخۆیەوە بینى.

 

بە پێی زانیارییە ئابوورییەکان، بەهاى تمەن بەرامبەر دۆلار لە بازاڕە نافەرمییەکانی ئێران، گەیشتە سەرووى 12 هەزار و پێنج سەد تمەن. لەگەڵ کشانەوەى واشنتۆن لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى تاران و شەش وڵاتى ڕۆژئاوا لە 2015 کە بە بەرجام ناسراوە، بەهاى دراوى نیشتیمانى ئەو وڵاتە دابەزینی بەردەوامى بەخۆیەوە بینى. ئاڵۆزییە ئابووریی و داراییە ناوخۆییەکانیش ئەوەندەى دیکە پاڵەپەستۆیان خستە سەر بەهاى ئەو دراوە.

تاران ل ەدواى رێککەوتنەکەى 2015، ئومێدەوار بوو بتوانێت دووبارە بگەرێتەوە نێو بازاڕە جیهانییەکان و ئاڵوگۆری بازرگانی ئەنجام بدات تا بتوانێت بارە لارەکەى خۆی ڕاست بکاتەوە. لەو نێوەندەشدا حکومەت کۆمەڵێک بەڵێنی چاککردنى باری ژیانی بە خەڵکی دا، بەڵام سەرجەم بەڵێنەکان لە دواى هەڕەشەکان و بڕیارەکانى سەرۆکى ئەمریکا بوونەوە هەڵم، تەنانەت پرسەکە لە ناوخۆی تاران سەری چەندین گەورە بەرپرسى ئابوورى حکومەتی خوارد.

هاووڵاتیانى ئێرانیی ترسیان لەوە هەیە هەناردەکردنى وڵاتەکەیان ڕووبەرووى داتەپینێکى بەهێز ببێتەوە، بە تایبەت لە دواى جێبەجێکردنى قۆناغی دووەمى سزاکانى واشنتۆن کەب ڕیارە لە 5 تشرینى دووهەم دەست پێ بکرێنەوە. لە نێوخۆی ئەو وڵاتەشدا خۆپێشاندان و ناڕەزاییە جەماوەرییەکان دژى گەندەڵى و خراپی ڕەوشى ئابوورى وڵاتەکەیان بەردەوامییان هەیە بەبێ ئەوەى چارەسەرێکى گونجاویان دەست بکەوێت.

جگە لەداڕمانى بەهاى دراوە نیشتیمانیەکەى و خراپی ڕەوشى ئابوورى، ئێران بەهۆى بەرزی رێژەى بێکارى و هەژارییشەوە دەناڵێنێت.