بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

دیار و نادیار چیتر لە حزبەکانى ڕۆژهەڵات باکى نییە... بەڵکو ترسى گەورەى ئاڤاتودەى ـیە!

دیار و نادیار چیتر لە حزبەکانى ڕۆژهەڵات باکى نییە... بەڵکو ترسى گەورەى ئاڤاتودەى ـیە!
AvaToday caption
posted onMay 1, 2020
noبۆچوون

ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى "دیار و نادیار"ى سوپاى پاسداران کە دژ بە حزبە کوردییەکانى ڕۆژهەڵات و کەسایەتییە سیاسییەکان کارى دەکرد و خەریکى دروستکردنى تۆمەتى سیاسى و کۆمەڵایەتى و سێکسى بوو بۆ سەر شۆڕشگێڕان و سەرکردە سیاسییەکانى ئەو حزبانە، کەچى ئێستا باى داوەتەوە سەر تۆى میدیایی ئاڤاتودەى.

 

بە پێى هەواڵى گەیشتوو بە ئاڤاتودەى، ڕاستەوخۆ لە ئیتلاعاتى سوپاوە بە دیار و نادیار گوتراوە کە "زوومى گەورە بخەنە سەر تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى، چونکە ئێستا ئەوان کاریگەرترن لە حزبەکانى ڕۆژهەڵات و بینەریان زۆر زیاترە لە هەموویان".

هەر ئەو سەرچاوە هەواڵییە باسى لەوەش کرد کە ئاڤاتودەى ترسێکى گەورەى لە نێو کۆمارى ئیسلامى دروست کردووە و "ئەم ترسەش تەنیا بۆ ناوچە کوردییەکان نییە بەڵکو لە نێو فارس زمانەکانیش زیاتر ڕۆ چووە و بووەتە دەنگى هەموو ئێرانییەکى ناڕازى لە دەسەڵاتى ئاخوندەکان".

کۆمارى ئیسلامى لە ڕێگەى ئیتلاعات و سوپاى پاسدارانەوە چەندین جار ویستوویەتى دزە بکاتە نێو ئاڤاتودەى و یا زەفەر بە ئەندامەکانى بەرێت، بەڵام وەک لە ئەرشیفى ئاڤاتودەى پارێزراوە، هەموو ئەو پیلانانە پووچەڵ بوونەتەوە.

بە ڕادەستکردنەوەى شەهید مستەفا سەلیمى لە لایەن یەکیەتى نیشتمانییەوە بە کۆمارى ئیسلامى، گلەیی لە سوپا و بەرپرسانى ڕژێم لە کوردستانى ڕۆژهەڵات کراوە کە "ئێمە کارەکەمان بۆ کردن، کەچى ئاڤاتودەى بە دوو سێ مۆبایلەوە ئابڕووى ئێمەیان برد و ئێوەش هیچتان نەکرد"، هەرچەندە سوپاش بە چەند سیناریۆیەک ویستى کەیسەکە و لەقاودانەکە بەلاڕێدا بەرێت، بەڵام بەڵگەکانى ئاڤاتودەى هێندە حاشاهەڵنەگر بوون کە نەکرا دۆخەکە هێور بکرێتەوە و دواى ئەوەش پەرلەمانى کوردستان بە فەرمى بڵاوى کردەوە کە مستەفا سەلیمى هاتووەتە باشوور و لە باشوورەوە ڕادەستى ئێران کراوەتەوە.

خەڵکى بەشەڕەفى کوردستان لەوە تێگەیشتووە کە کێ دەنگى حەقبێژى ئەوانە و کێیە دڵسۆزى ڕۆژهەڵات، بۆیە بوونەتە لایەنگر و دڵسۆزى تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى و لە هەر شوێنێک شتێک هەبێت بە زووترین کات هەواڵەکەى دەگەیێنن.