بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ددانپیانانى ئەمیرێکى داعش

ددانپیانانى ئەمیرێکى داعش
AvaToday caption
پەیوەندییە دیپلۆکاتیکەکانى داعش و تورکیە
posted onJuly 27, 2019
noبۆچوون

پەیوەندییە بەرفراوان و ئاڵۆزەکانى دەوڵەتى تورکیە و دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام ناسراو بە داعش، هێشتاکە ڕوون نەبووەتەوە کە چەندێک لەم پەیوەندییانە لە بەرامبەر پاڵپشتییە شەخسییەکانى کەسانێک لە خەڵکى تورکیە و یا سەرمایەگوزارى داعش لە ڕێگەى تۆڕە بەربڵاوەکانى لە نێو تورکیە بۆ گواستنەوەى جەنگاوەرە بیانییەکان ویا هاوکارییە پزیشکییەکان، ڕاستەوخۆ یا فەرمى بوونە.

هەر چۆنێک بێت، هەموو دەوڵەتێک پێویستى بە دیپلۆماتگەلێکە تا گفتوگۆ لەسەر ڕێککەوتنە سیاسییەکانى خۆى لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ بکات. وا پێدەچێت داعشیش بەدەر نییە لەم یاسا و چوارچێوەیە. توێژەرانى ناوەندیى "نێونەتەوەیی موتاڵا بناژۆخواز و توندوتیژەکان" لە مانگى ڕێبەندانى ساڵى ٢٠١٩ لە گفتوگۆیەکى پێنج کاتژمێرى لەگەڵ ئەمیرێکى داعش بە ناوى "ئەبوو مەنسوور ئەلمەغریبی"، دەستیان بەم زانیاریانە گەیشتووە.

بە پێى بانگەشەى خۆى، ئەبوو مەنسوور، باڵیۆزى داعش بووە لە تورکیە.

 

 

بەغدا ـ عێراق

ئەبوو مەنسوور ئەلمەغریبی، سێ ساڵى ئەندامیەتى خۆى لە نێو داعش بەم شێوەیە وەسف دەکات:

"کارى من لە ڕەقە، بەدواداچوون بوو بۆ کاروبارە نێونەتەوەییەکان. ئەرکەکەم دروستکردنى پەیوەندى نێوان داعش و میتى تورکیە بوو. ڕاستییەکەى، حیکایەتەکە لەو کاتەوە دەستى پێ کرد کە لە سنوورەکان خەریکى کار بووم".

 

ئەو، بەر لەوەى ببێتە ئەمیر و باڵیۆزى داعش لە تورکیە، دەکەوێتەوە بیرى یەکەمین بەرپرسیاریەتى خۆى لە نێو داعش. ئەبوو مەنسوور کە ئەندازیارێکى ئەلیکترۆنیکى خەڵکى مەراکیشە، لە ساڵى ٢٠١٣ى زایینى دێتە سووریە. ئەو هەروەک زۆرێک لە جەنگاوەرە بیانییەکان، بە هیواى ڕزگارکردنى موسڵمانان لە کۆتوبەندى ڕژێمە دیکتاتۆرەکان و دروستکردنى خەلافەتى ئیسلامى لەسەر بنەماى شەریعەت، دێتە سوریە. ئەو لە کازابلانکاى مەراکیش دێتە ئیستانبوڵى تورکیە و لە سنوورى باشوورى تورکیەوە خۆى دەگەیێنیتە خاکى  سوریە. یەکەمین شوێن کە بۆى دەچێت، ئیدلبە. ڕێک هەمان ئەو کاتەى کە شەڕ لە نێوان گرووپى ئەلنووسرە و داعش دەستى پێ کردبوو. ئەبوو مەنسوور، دەوڵەتى ئیسلامى داعش هەڵدەبژێرێت و داعشیش دەیکاتە بەرپرسى سنوورى سورییە ـ تورکیە. ئەرکەکەى، پاراستنى هاتوچۆى جەنگاوەرە بیانییەکان بوو لە تورکیەوە بۆ سووریە. زۆرێک لەوانیش هەمان ئامانج و خواستى ئەویان هەبوو.

 

ئەبوو مەنسوور، باس لەوە دەکات کە "ئەرکەکەم ئاراستەکردنى چالاکیگەلێک بوو بۆ قبوڵکردنى جەگاوەرە بیانییەکان لە تورکیە". مەبەستى ئەبوو مەنسوور، تۆڕێک بوو لە ئەندامانى داعش لە تورکیە کە ئاسانکارییان بۆ هاتوچۆى جەنگاوەرە بیانییەکان دەکرد لە ئیستەنبوڵەوە بۆ شارە سنوورییەکانى غازى ئەنتاب و ئانتاکیا و ئورفا. ئەبوو مەنسوور دەڵێت "زۆربەیان پارەیان لە داعش وەردەگرت"، بەڵام ئەوان لە ئەندامانى داعش جیا دەکاتەوە، چونکە ئەوان باوەڕیان بە ئامانجەکانى داعش نەبوو.

لەم بارەوە دەڵێت: زۆربەیان لە لای تورکیەوە خەریکى ئەو کارە بوون، ئامانجى سەرەکیشیان پارە بوو. ئەو باسى ئەوەش دەکات کە "زۆر کەس لە تورکیە بەیعەتیان دابووە داعش. ئەندام و گرووپەگەلى داعشى زۆر لە تورکیە هەن، بەڵام هیچ گرووپێکى چەکدارى داعش لە تورکیە چالاک نییە".

 

لە پەیوەندى لەگەڵ جەنگاوەرە بیانییەکان، ئەبوو مەنسوور دەڵێت "ئەوان لە وڵاتانى جیاوازەوە دەهاتن، زۆرینەیان لە وڵاتانى باکوورى ئەفریقاوە دەهاتن." ئەوروپییەکان زۆر نەدەبوونە ئەندامى داعش، بە گشتى نزیکەى ٤ هەزار کەس دەبوون.

ئەو دەڵێت "١٣ هەزار  کەس لە توونس و ٤ هەزار کەس لە مەراکیش هەبوون، جەنگاوەرێکى کەم لە لیبیاوە هاتبوون کە نزیکەى ١٠٠٠ کەسێک دەبوون، چونکە ئەوان خۆیان بەرەیەکى شەڕیشیان هەبوو. ئەم ئامارانە تەنیا تا هى ساڵى ٢٠١٥ـەن. ئەم ژمارانە بە گشتى لەگەڵ زانیارییە کۆکراوەکانى تایبەت بە جەنگاوەرە بیانییەکانى داعش کە لە لایەن وڵاتانەوە ئاشکرا و هەڵگیراونەتەوە، وێک دێنەوە. زۆرینەى جەنگاوەرە بیانییەکان هى تونس بوون. ئەبوو مەنسوور ژمارەکان زۆر بە وردى دەڵێت.

 

لێم پرسى: "کەوایە ڕۆڵى تۆ لە سکرتێرێکى سادى نێو ناوەندى قبوڵکردن و تۆمارکردنى جەنگاوەرە نوێیەکان، زیاتر بوو؟"، چونکە دەمزانى کە ئەو کەسێکى زۆر گرنگ بووە کە بەم شێوەیە دەستى بە زانیاری و ئامارە ورد و گرنگ گەیشتووە.

لەوەوە کە بەهاداریەتى ڕێکخراوەیی بەرزتر بوو لەو شتەى کە دەیگوت، بە بزەیەکەوە گوتى "ئەرکەکەم پاراستنى سنوورەکانى نێوان سوریە و تورکیە و قبوڵکردنى جەنگاوەرە بیانییەکان بوو".

دیار بوو کە ئەو بەرپرسیاریەتییەکى گرنگى هەبوو، لێم پرسى "کەوایە تۆ ئەمیرێکى داعش بووى؟"

ئەبوو مەنسوور بە دڵنیاییەوە گوتى "بەڵێ"، وەک ئەوەى کە پلە ڕێکخراوییەکەى لە نێو داعش ئاشکرا بووە، دڵخۆشە. "لە سەرەتا تەنیا ناوى جەنگاوەرەکانم تۆمار دەکرد، دواتر بوومە چاودێر، بەڵێ بوومە ئەمیر."

 

 

شەڕکەرە بیانییەکانى داعش

لەبارەى ئەو ژنانەى کە لە تورکیەوە دەهاتنە نێو خاکى سوریەش، قسەمان کرد.

ئەبوو مەنسوور گوتى: "ژنە زگورت و بێ مێردەکان ڕاستەوخۆ دەچوونە ڕەقە بۆ ناوەندى ژنانى سینگڵ و بێ مێرد. ژنە مێرددارەکانیش دەچوونە لاى مێردەکانیان".

ئەو گوتى کە ژن و مێردەکان لە میوانخانەکانى داعش دەمانەوە. "ئەوانەى کە بە هەموو ئەندامانى بنەماڵەوە دەهاتن، ماڵێکمان دەدانێ تا مێردەکە ڕاهێنانەکانى خۆى تەواو بکات"، مەبەست لە ڕاهێنان، هەمان فێرکارى و ڕاهێنانى سەربازى و کارکردن بە چەکى داعش و هەروەها "سوودوەرگرتنى ناچارى لە شەریعە" بوو کە لەوێ ئایدۆلۆژیاى تەکفیرى داعش فێرى جەنگاوەرە نوێیەکان دەکرا. ئایدۆلۆژییەک کە بە سوودوەرگرتن لە توندوتیژى دژى لادەر و کافرەکان مەشرووعیەتى دەبەخشییە موسڵمانانى دیکە.

 

ئەبوو مەنسوور باسى چوارچێوە و گرنگى ڕێنماییەکانى قبوڵکردن بۆ چوونە نێو داعش دەکات:

"فۆڕمێک هەبوو کە تیایدا چەندین پرسیار لەبارەى ئەزموون، ئەو وڵاتانەى کە تا ئێستا سەفەرت بۆ کردووە و شتى ترى تێدا لە کەسەکە دەپرسرا. بە باشی وردەکارییەکانم بیر نییە، بەڵام زۆر پاراو بوو. کەسانێک هەبوون کە خوێندەوارى ئەکادیمیکیان هەبوو. ئێمە، بەش و موتاڵا و زمانەکانى ئەوانمان لە فۆڕمەکە تۆمار دەکرد".

بە قسەى ئەبوو مەنسوور، ئەو کەسانە، لەسەر بنەماى کارەکانیان لە نێو ئۆردوگاکان ڕاهێنانیان پێ دەکرا. ئەو دەڵێت "لەم ئۆردوگایانە، کەسانێکى زۆر باوەڕپێکراوى کارگێڕیى داعش بۆ بەکاربردنى ئەم کەسانە هەبوون. ئەگەر کەسێک ئەندازیار بوایە، ئەوا لە هەمان کار دایاندەنایەوە. ئۆفیسێک هەبوو بە ناوى بەڕێوەبەراتیى سەرچاوە ئینسانییەکان و لەسەر بنەماى لێزانى و پشپۆڕى جەنگاوەرەکانیان دابەش دەکرد. هەڵبەت جیاوازیگەلێکیش هەبوون، کەسانێک لە نێو ئێمەدا هەبوون کە دەیانویست شەهید بن".

 

 

جەنگاوەر و شەهادەت

لێم پرسى ئەوانەى دەیانهەویست "شەهید" بن، چییان لێ دەکا؟

وەڵامى دامەوە: "ناوەندێکى تایبەت بۆ ئەم کاروبارە هەبوو". ئەبوو مەنسوور دەڵێت سەرەتا ژمارەى ئەوانەى کە بۆ شەهیدبوون دەهاتنە نێو خەلافەتى ئیسلام، زۆر زۆر بوو، "بەر لە ساڵى ٢٠١٤ و ٢٠١٥ى زایینى، ژمارەیەکى زۆر دەیانویست شەهید بن. نزیکەى ٥٠٠٠ کەس بۆ شەهیدبوون هاتبوونە نێو دەوڵەتى خەلافەتەوە. من ئەوانم نەناردە ناوەندەکەوە". ئاماژەى بۆ شوێنێک کرد کە ئەندامەکانى خۆکوژى (ئینتحارى) تیایدا قەرەنتینە بوو و کەس مافى چوونە ژوورەوەى نەبوو و کەسەکانى ناوەوەى هەڵدەنران بۆ شەهیدبوون.

ئەبوو مەنسوور گوتى "من تەنیا ناویم تۆمار دەکردن و دەمناردنە ئۆردوگاکانى مەشق و ڕاهێنان. لە ڕەقە ناوەندێکیش هەبوو، ناوەندێکى بەڕێوەبردن کە دیارى دەکرد چ کەسێک دەبێت بچێتە ئەو ناوەندەوە. ئیتر ئەوە پەیوەندى بە منەوە نەبوو".

بە قسەى ئەبوو مەنسوور، ژمارەى ئەو کەسانەى کە ئامادەى شەهادەت بوون، بە جێگیربوون و بەرقەرارى خەلافەت، ڕووى لە کەمى کرد، "بە بەرقەرارى ڕەقە، ژمارەى ئەو کەسانەى کە بە دواى شەهادەتەوە بوون، کەمتر بووەوە. دواى ئەوە، ئیتر بۆ ژیان دەهاتن. ژمارەیەکى کەمیش بوون کە دەیانهەویست شەهید بن". بە هەمان وردەکارى و زیرەکى خۆى لە بیرکەوتنەوەى ژمارەى جەنگاوەرە بیانییەکان، گوتى "بەر لە ساڵى ٢٠١٤ى زایینى، ٥٠%ى جەنگاوەرەکان بۆ شەهیدبوون دەهاتن، دواتر ئەم ڕێژەیە کەم بووەوە بۆ ٢٠%".

ئەبوو مەنسوور بیرى دەکەوێتەوە کە "لە ماوەى ساڵانى ٢٠١٤ و ٢٠١٥ى زایینى، نزیکەى ٣٥ هەزار جەنگاوەرى بیانى هاتنە نێو دەوڵەتى خەلافەتى داعشەوە. دواى ئەوە ئیتر ئاگام لێى نەما، بەڵام لەوە دڵنیام کە ساڵ دواى ساڵ کەم دەبوونەوە".

ژمارەیەک دەهێنێتە سەر زمان کە لەگەڵ ژمارەى پسپۆڕ و کارناسەکانى دەوڵەتان وێک دێتەوە کە گریمانەی ئەوەیان کردووە، ٤٠ هەزار جەنگاوەری بیانى چوونەتە نێو سوریەوە و لەوێش چوونەتە نێو داعش.

 

 

 جەنگاوەرانى شانە نهێنى داعش

لە پەیوەندى لەگەڵ ئەوانەى کە لە لایەن دەزگاى سخووڕى و زانیارى داعش بۆ پەروەردە بانگهێشت دەکران و دواتر دەنێردرانەوە بۆ وڵاتەکانى خۆیان بۆ ئەنجامدانى چالاکى تیرۆریستى، ئەبوو مەنسوور گوتى "ئیمە تەنیا وەرماندەگرتن. ئەرکى ئێمە نەبوو کە بۆ گەڕانەوە و کارى وێرانکەر ئامادەیان بکەین. ئەم کارە لە ڕەقە ئەنجام دەدرا".

هەرچەندە نکۆڵى لەم بابەتە ناکات، بەڵام ئەبوو مەنسوور دەڵێت "کەسانێک هەبوون کە جەنگاوەرەکانیان هەڵدەنا تا بگەڕێنەوە و کردەوەى تیرۆریستى ئەنجام بدەن، بەڵام ئەمە ئەرکى ئێمە نەبوو، ئێمە تەنیا وەرماندەگرتن"، لە درێژەى قسەکانیشیدا ئەم ئەمیرە دەستبەسەرەى داعش دەڵێت "هەبوون، بەڵام هەموو ئەوانەى کە گەڕانەوە بۆ وڵاتى خۆیان، لە شانە نووستووەکانى داعش نەبوون. زۆرێکیان وازیان لە داعش هێنا. زۆرێکیان ڕازى نەبوون بەو دۆخەى کە دەوڵەت و خەلافەتى تێدابوو و ڕۆیشتن".

دەکرێت ئەوە لە قسەکانى ئەو هەڵێنجین کە زۆرێک لە ئەندامانى داعش کە گەڕاونەتەوە وڵاتە ئەوروپاییەکانى خۆیان، ڕەنگە بەشێک بن لە شانە نووستووەکانى داعش. ئەبوو مەنسوور لە درێژەى قسەکانیدا باس لەوە دەکات کە "ناوەندى ڕاهێنان، لە حەلەب و ڕەقە بوو. من پاسپۆرتەکانیانم دەدایەوە و ناویانمان تۆمار دەکرد".

 

بوونە باڵیۆزى داعش

ئەبوو مەنسوور بیرى دەکەوێتەوە کە "پاش هێرشى هاوپەیمانان بۆ سەر داعش لە سنوورەکان، چوومە ڕەقە. لە ڕۆژهەڵات و لە ڕەقە دۆخەکە هێور بوو. ئەوکات، ساڵانى ٢٠١٥ و ٢٠١٦ى زایینى بوو". کاتێک کە لە ئەبوو مەنسوورم کە ئاخۆ بریندارەکانى داعش  رێگەیان پێ دەدرا لە سنوورەکانەوە ببرێنە نێو تورکیە، تێگەیشتین کە ئەبوو مەنسوور تەنیا ئەمیرێک نەبووە، بەڵکو دیپلۆماتێکیش بووە.

ئەبوو مەنسوور درێژەى پێ دەدات "ڕێککەوتن لەسەر پاسپۆڕتە سنوورییەکان لە نێوان میتى تورکیە و ناوەندى هەواڵگرى داعش لەمەڕ هەبوو. چاوپێکەوتنى ڕاستەوخۆمان لەگەڵ میتى تورکیە هەبوو. زۆریان لەگەڵ دانیشتین".

کاتێک کە لێم پرسى کێ لە دەوڵەتى تورکیە لەگەڵ ئەندامانى داعش چاوپێکەوتنى دەکرد، وەڵامى دایەوە "گرووپێک بوون، هەندێکیان ئەندامى میت و هەندێکى دیکەیشیان ئەندامى سووپاى تورکیە بوون. تیمگەلێکى سێ تا پێنج کەسى بوون. زۆربەى دانیشتنەکان لە تورکیە ئەنجام دەدرا، لە بنکە سەربازى و یا ئۆفیسە دەوڵەتییەکاندا دەبوو. پەیوەندى بە باسەکانەوە هەبوو. هەندێک جار هەموو حەوتوویەک دانیشتنمان لەگەڵیلن هەبوو، پەیوەست بوو بەو ڕووداوانەى کە ڕوویان دەدا. زۆرێک لە دانیشتنەکان لە شارە سنوورییەکان ئەنجام دەدران. هەندێک لە دانیشتنەکانیش لە ئانکارا و غازى ئەنتاب ئەنجام دەدران."

کاتێک گوتى لە ئەنکارا لەگەڵ بەرپرسانى تورکیە دانیشتنمان هەبوو، خۆسەرى ئەو پیاوەم لە زینى خۆمدا تا پلەى باڵیۆزى باڵا وێنا کرد. ڕێک ئەو بەرپرسیارەیەتییەى کە ئەو هەیبوو، باڵیۆزى بوو. "لە سنوورەکان تێدەپەڕین.. ئەوان ڕێگەى تێپەڕینیان دەدام. بەرپرسانى تورک هەمیشە ئۆتۆمبێل و پاسەوانیان پێ دەدام. گرووپێکى سێ چوار کەسە لە داعشیش لەگەڵم دەکەوتن. من زۆربەى کات، بەرپرسى ئەم شاندە نێردراوانەى گفتوگۆکان بووم".

 

ئەبوو مەنسوور وا پێدەچێت لەگەڵ بەرپرسە باڵاکان لە هەموو لقە ئەمنییەکانى دەوڵەتى تورکیە چاوپێکەوتنى هەبووبێت و لەسەر ڕێککەوتنەکان گفتوگۆى کردبێت. خۆخى لە درێژەى قسەکانیدا دەڵێت "بابەتى بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، بابەتگەلێکى گرنگ بوون. کاتێک کە دەوڵەتێکى نوێ دروست دەبێت و لە خاڵەکانى دیکەى دونیا جیا دەبێتەوە، ڕووداوێکى نوێ ڕوو دەدات. گفتوگۆ ئاسان نەبوو. زۆر درێژەى دەکێشا. هەندێک جار گفتوگۆکان قورس و سەخت دەبوون".

ئەبوو مەنسوور دەڵێت "هێندەش کەسێکى گرنگ نیم"، بە شێوەیەک وەک ئەوەى کە زۆر لەگەڵ ناوونیشانى باڵیۆزیدا کۆک نەبێت. ئەو بانگەشەى ئەوەى دەکرد کە باڵیۆز ناوونیشان نەبوو کە لە خەلافەتەکەدا بەکار بهێنرێت. لەگەڵ ئەوەشدا هەرچەندە درێژە بە قسەکانى دەدات، بۆمان دەردەکەوێت کە دەستڕۆیشتوویی "دیپلۆماتیک"ـبوونى ئەو تەنانەت تا ئاستى خودى سەرکۆمارى تورکیە چووە. "زۆرى نەمابوو چاوم پێى بکەوێت، بەڵام ڕێک نەکەوت. یەکێک لە ئەفسەرەکانى میت گوتى ئەردۆغان دەیهەوێت ڕاستەوخۆ چاوى بە تۆ بکەوێت، بەڵام ئەمە ڕووى نەدا".

ئەبوو مەنسوور باس لەوە دەکات کە "من فەرمانەکانم لە نوێنەرى مەجلسى شووراى داعش کە ناوى محەمەد هودهود بوو و عێراقى بوو، وەردەگرت. نوێنەرانى مەجلیسى شوراى داعش زۆرترین هێز و دەسەڵاتیان هەبوو، ئەوان کۆمیتەیەکى گفتوگۆ و شاندێکیان پێک هێنا".

لە پەیوەندى لەگەڵ ئەبوبەکر بەغدادى، ئەبوو مەنسوور ددانى بەوەدا نا "بۆ ماوەیەکى کەم بینیم". لەو ١٤١ ئەندامە باڵایەى داعش کە تا ئێستا توانیومانە گفتوگۆیان لەگەڵ بکەین، زۆرینەیان ددانیان بەوەدا ناوە کە دیداریان لەگەڵ ئەبوبەکر بەغدادى نەبووە و گوتوویانە کە ڕابەرێکى شاراوە و تەوەلا و ناجێگیر بووە.

 

 

سوودەکانى داعش بۆ تورکیە

لێم پرسى پەیوەندییەکانى تورکیە و داعش، بۆ دابینکردنى ڕەهەندى ماددى و دارایی داعش بوو؟ ئەبوو مەنسوور وەڵامى دایەوە "هیچ ئاڵوگۆڕێکى دراوى لە نێوان ئێمەدا ڕووى نەدا"، ددانى بەوەدا نا "پەیوەندییەکى هاوکارى ـ دیپلۆماسى لە نێو هەردوولاماندا هەبوو کە بە سوودى هەردوو دەوڵەت بوو". بە قسەى ئەبوو مەنسوور، بەرژەوەندییەکە ئەوە بوو کە "ئێمە لە ناوچەیەکى سنووررى بووین و تورکیە دەیهەویست سنوورەکانى خۆى کۆنتڕۆڵ بکات و سەرپەرشتیار و چاودێرى باکوورى سوریە بێت. ئەوان نە تەنیا بۆ کۆنتڕۆڵى ناوچەکانى ژێر دەستى کوردەکان بەرنامەیان هەبوو، بەڵکو خوازیارى هەموو باکوورى سوریە و عێراقیش بوون، هەر لە شارى کەسەبەوە بگرە لە باکووریترین خاڵى سوریە تا مووسڵ".

ئەبوو مەنسوور درێژەى دەداتێ " ئەمە ئایدۆلۆژیای ئیسلامیى ئەردۆغان بوو. ئەوان خوازیارى هەموو ناوچەکانى باکوورى سوریە و عێراق بوون. شاندەکانى تورکیە هەمیشە پێداگرییان لەمە دەکردەوە. دەیانهەویست باکوورى سوریە کۆنتڕۆڵ بکەن، چونکە ئامانجى ئەوان، ئەوە بوو. ئێمە لەبارەى ئەو شتەى کە ئەردۆغان بە شێوەى ئاشکرا دەریدەبڕی، گفتوگۆمان دەکرد نەوەک ئەو شتەى کە بە ڕاستى ئارەزووى لێبوو. ئەم بەشە لە سوریە، بەشێک لە سەرزەوینى ئیمپراتۆریەتى عوسمانى بوو. بەر لە ڕێککەوتننامەى سایکس بیکۆ و شەڕى جیهانى دووەم، حەلەب و موسڵ بەشێک بوون لە ئیمپراتۆریەتى عوسمانى. ڕێککەوتننامەى سایکس بیکۆ کە بە هۆیەوە عوسمانییەکان ئەم ناوچەیەیان لەدەست دا، ١٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا واژوو کرا. لە دانیشتنەکان لەبارەى دووبارە ڕۆنان و دروستکردنەوەى ئیمپراتۆریەتى عوسمانى قسەمان دەکرد. ئەمە ڕوانگەى درێژمەوداى دەوڵەتى تورکیە بوو".

 

ئەبوو مەنسوور ڕوونى کردەوە ئەوەى لە چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ تورکەکان لەسەرى گفتوگۆ و مشتومڕ دەکرا، لە ڕاستیدا ئارەزووى ئەردۆغان بوو، بەڵام لە ڕاستیدا هەمووان لەگەڵى نەبوون، لە درێژەدا لەمەڕ ئامانجەکانى تورکیە لە سوریە دەڵێت "ناتوانم بڵێم کە هەموو تورکیە ئەم ئامانجەى هەبوو، زۆرێک دژى پراکتیزەبوونى ئەم پڕۆژەیە بوون. ئەوان دەیانگوت، هەوڵ دەدەین حیزبی کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) و کوردەکان شکست پێ بهێنین. لە یەکێتى کوردان و ئەگەرى دروستبوونى دەوڵەتێکى کوردى دەترسین، بەڵام کوردەکان تا حەلەب پێشڕەوییان کردبوو".

ئەبوو مەنسوور دەڵێت "لەوەوە کە تورکیە ئەندامى ناتۆ بوو، نەیاندەتوانى ناتۆ لە خۆیان بڕەنجێنن، کەوایە نەیاندەتوانى بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ بچنە نێو پڕۆسەکەشەوە. ئەوان دەیانویست گەلى کورد لەنێو بەرن. بۆ ئەم کارەش پشتیان بە داعش بەست و سوودیان لە دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام وەرگرت".

ئەو باس لەوە دەکات "سوودى ئەوانیش بۆ دەوڵەتى ئیسلامى زۆر بوو، ئەوان پشتیوانى ئێمە بوون. نزیکەى ٣٠٠ کیلۆمەتر سنوورى هاوبەشمان هەبوو. تورکیە بۆ ئێمە دەروازەى هاتنى جەنگاوەر و خۆراک و دەرمان و زۆر شتى دیکە بە ناوى هاوکارى مرۆڤدۆستانە بوو. دەروازەکان بۆ ئێمە هەمیشە کراوە بوون".

 

 

بازرگانى نەوت و چەک

هەرچەندە لەمەڕ هاوردەکردنى چەک لە تورکیەوە، ئەبوو مەنسوور ڕوونى دەکاتەوەو  دەڵێت "کەس ناتوانێت تورکیە تۆمەتبار بکات بە هاوکارى چەکوچۆڵ بۆ داعش، چونکە ئێمە چەکوچۆڵمان لە سەرچاوەگەلى جیاوازەوە دەست دەکەوت. لە ڕاستیدا ئێمە پێویستمان بە چەکوچۆڵى تورکیە نەبوو. شەڕکەرەکانى سوپاى ئازادى تورکیە، چەکەکانى خۆیان بە پاکەتى جگەرە لەگەڵ ئێمە دەگۆڕییەوە. گرووپەیلى مافیایی و قاچاخچییەکى زۆریش هەبوون کە چەکوچۆڵیان دەگەیاندە ئێمە".

ئەبوو مەنسوور دەڵێت "لە سووریە داهاتى نەوتمان بۆ کڕینى چەک و ئەو شتەى کە پێویستمان بوو، بەکار دەهێنا و بەشیشى دەکرد. مانگانە زیاتر لە ١٤ ملیۆن دۆلار داهاتى نەوتیمان هەبوو و نیوەى ئەم مەبلەغەمان بۆ کڕینى چەکوچۆڵ بەکار دەهێنا".

کاتێک کە لەبارەى ژمارەیەکى گەورەى وەک ٧ ملیۆن دۆلار لە مانگێک بۆ کڕینى چەک پرسیارم لێ کرد، ئەو وەڵامى دایەوەى "پارەیەکى زۆر نەبوو، هەندێک جار تورکیە ئۆپەراسیۆنێکى ئەنجام دەدا کە تەنیا بەڕێوەبردنەکەى نزیکەى ١٠ ملیۆن دۆلارى بۆ تورکیە بە دواوە بوو".

کاتێک لەبارەى زانیارى زیاتر لەمەڕ بودجەى گشتیى داعش پرسیارم لێ کرد، ئەبوو مەنسوور گوتى کە ساڵ و نیوێکە زیندانییە و بودجەى گشتیى داعشى بیر نەماوە. لەگەڵ ئەوەشدا وا پێدەچوو کە بە باشى لەبارەیەوە بزانێت، بەڵام نایهەوێت بیدرکێنێت.

 

 

گفتوگۆ بۆ تێپەڕین لە سنوورى تورکیە

"لەگەڵ بەرپرسانى تورک بۆ گواستنەوەى جەنگاوەرە بریندارەکانمان بۆ نەخۆشخانەکانى تورکیە، کەوتینە گفتوگۆ. کارئاسانییەکى زۆریان بۆ کردین، نەیاندەپشکنین و سەیرى پاسپۆرتەکانمان نەدەکرا کە بۆ دەرمانکردن دەچووینە تورکیە. هەمیشە دەروازەیەک ئاوەڵا بوو. بە ئامبوڵانس دەمانتوانى بێ هیچ وەستانێک لە سنوور تێپەڕین. دەروازەیەکى زیادە بۆ چوونە نێو تورکیە هەبوو. پێویستى بە هیچ ناسنامەیەک نەبوو. تەنیا دەبوو پێشتر پێیان بڵەین".

کاتێک کە لێم پرسى چۆن دەچوونە نێو سنوورى تورکیەوە، ئەبوو مەنسوور وەڵامى دایەوە "کاتێک کە جەنگاوەرێکمان بریندار دەبوو، نەخۆشخانەیەک لە سووریە هەبوو و ئەم نەخۆشخانەیە بریندارەکانى بە ئامبوڵانس دەبردە سەر سنوور. ئامبوڵانسگەلێکیش لەوبەرەوە واتە لە تورکیە لە چاوەڕوانى بریندارەکانى ئێمەدا بوون. چەندین پزیشک هەبوون کە ڕقیان لە بەشار ئەسەد بوو. ئەوان جەنگاوەرەکانى ئێمەیان دەرمان دەکرد. میتى تورکیە لە کارەساتەکان ئاگادار دەکرایەوە و ئەوانیش ئامبوڵانیسیان دەهێنایە سەر سنوور. چەندین نەخۆشخانەش لە سەر سنوورەکان هەبوون. ئەوانەى کە پێویستیان بە دەرمانى خێرا بوایە، هەر لەوێ چارەسەر دەکران. میت ئەوانى دیکەشى بۆ شارەکانى دیکەى تورکیە دەنارد. پزیشکی تورکی و سووری زۆر هەبوون کە خوازیار و موشتاقى هاوکاریکردنى ئێمە بوون. ئەگەر کەلووپەلى پێویست لە سنوورەکان نەبوایە، میتى تورکیە بریندارەکانى ئێمەى بۆ شارەکانى دیکەى تورکیە دەنارد".

لێم پرسى کێ پارەى دەرمان و خەرجیى نەخۆشخانەکانى دەدان، بە دەربڕینى ئەوەى کە ئەو لەم بوارەدا زانیارییەکى وەهاى نییە، گوتى "دەوڵەتى ئیسلامى، تێچووى دەرمان و نەخۆشخانەکانى دەدا، بەڵام هەندێک لە نەخۆشخانە دەوڵەتییەکانى تورکیە جەنگاوەرە بریندارەکانى داعشیان بە شێوەى بەلاش چارەسەر دەکرد. تەنیا ئاگام لە ئاگادارکردنەوەى دەروازەکان بۆ بریندارەکانى داعش و بە ئامبوڵانسناردنیان لە لایەن تورکیەوە بووم. ئەمە ڕێککەوتنى نێوان دوو دەوڵەت بوو. من لەسەر ئەم ڕێککەوتننامەیە دەچوومە گفتوگۆوە. ڕێککەوتنگەلێک لەمەڕ تێپەڕینى بریندارەکان، هاتنى دەرمان، ئاو و ئاوى ڕووبارى فوڕات".

 

 

گفتوگۆ لەسەر ئاو

پرسى ئاو بۆ داعش زۆر گرنگ بوو. لە ڕاستیدا داعش تواناى ئەوەى هەبوو سوود لەو ئاوە وەربگرێت بۆ کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانى وزەى کارەبا لە بەنداوەکان، "لەگەڵ تورکیە ڕێککەوتنمان کردبوو کە ڕێگە بدات ٤٠٠ مەترى چوارگۆشە ئاو لە چرکەیەکدا بنێرێتە نێو سووریە. کە ئینقیلابی سوریە ڕووى دا، ئەوان ئاستى ئاوەکەیان بۆ ١٥٠ مترى چوارگۆشە لە چرکەیەکدا کەم کردەوە. پاش گفتوگۆ لە ساڵى ٢٠١٤ى زایینى، ئاستى هاتنى ئاومان گەیاندەوە بە ٤٠٠ مترى چوارگۆشە لە چرکەیەکدا. ئێمە لەو ئاوە سوودمان بۆ وزەى کارەبا و کاروبارەکانى دیکەى ژیان وەردەگرت. ئاوەکە لە سوورییە نەدەمایەوە، دەڕژایە نێو عێراق. گرنگى ئاو زۆر زۆر بوو. نابێت تەنیا لە ڕێگەى بەنداوەکانەوە وزەى کارەبا بەرهەم بهێنین، دەتوانین لە سەرچاوەگەلى دیکەى وەک سووتەمەنیش کەڵک وەربگرین. بەڵام ئاو بۆ کشتوکاڵ گرنگ بوو. سێ بەنداو هەبوون، گەورەترینیان بەنداوى تەبقا بوو. بە ١٥٠ مترى چوارکۆشە ئاو لە چرکەیەک دەکرێت وزەى کارەبا بەرهەم بهێنرێت، بەڵام ئەگەر ئاستى ئاوى گۆلاوەکە بە پێنج مەتر بگات، ژنراتۆرەکان ئیدى کار ناکەن".

 

لە ئەبوو مەنسوورم پرسى لەبەرامبەر ئاودا داعش چى دەدایە تورکیە، ئەویش باسى کرد "کاتێکى زۆر بۆ گفتوگۆ دادەنرا. ئێمە ئەمنیەتمان دەدایە ئەوان، ئەمەش ئیمتیازێکى گەورە بوو. تورکیە ئەمین و جێگیر بوو". مەبەستى ئەبوو مەنسوور ئەوە بوو داعش ڕێککەوتنى کردبوو کە لە نێو تورکیە چالاکى تیرۆریستى ئەنجام نەدات.

"لە گفتوگۆکاندا نەدەکرا بڵەین هێرش ناکەینە سەر تورکیە. ئەم شێوە قسەکردنە تایبەت بە گرووپە خیلافکارەکانە. لە بەرامبەردا دەمانگوت هەوڵ دەدەین تورکیە بەدوور بگرین لە شەڕ. ئێمە دوژمنى تورکیە نین، ئەوان لەم مەبەستەى ئێمە تێدەگەیشتن. چەندین جار گوتمان کە ئێوە نە دوژمنى ئێمەن و نە دۆستى ئێمەشن".

ئەبوو مەنسوور باسى لەوە کرد کە داعش هەم لەگەڵ تورکیە و هەمیش لەگەڵ ڕژێمى بەشدار ئەسەد گفتوگۆى لەسەر کۆنتڕۆڵکردنى بەنداوى تەبقا و سەرچاوەکانى دیکە دەکرد. "لە کۆتاییدا کاتێک کە ڕەقە گەمارۆ درا، هێزی هاوپەیمانەکان هەوڵیان دەدا بەنداوەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، کۆنتڕۆڵێک لە ئارادا نەبوو. هەموو دەروازەکان بەسترابوون و ئاستى ئاوەکە هاتبووە سەرەوە. دەنگۆیەک هەبوو کە ئەگەرى تەقاندنەوەى بەنداوەکە هەیە، بەڵام لە ڕووى تەکنیکییەوە نەدەکرا. بۆ ئەوەى ئەم پرسە چارەسەر بێت، داعش کەوتە دەست و داوێنى ئەندازیارەکانى ڕژێمى بەشار ئەسەد. ئەندازیارەکان بۆ کۆمپانیایەک کە لە بن دەستى ڕژێمەکەى ئەسەد بوو، کاریان دەکرد. کاتێک کە هەوڵیان دا دەروازەکانى بەنداوەکە بکەنەوە، هاوپەیمانان هێرشیان کردنە سەر و لە ڕەقە مردن".

 

 

فرۆشى نەوت

لە پەیوەندى لەگەڵ فرۆشى نەوتى داعش، ئەبوو مەنسوور دەڵێت "زۆربەى نەوتى سوریە بۆ تورکیە هەناردە دەکرا و تەنیا بەشێکى بچووکى بەر ڕژێمەکەى ئەسەد دەکەوت". ئەبوو مەنسوور بانگەشەى ئەوە دەکات، پێویست نەبوو لەسەر ئەم نەوتفرۆشییە لەگەڵ تورکیە ڕێککەوین، "فرۆشى نەوت بە شێوەى ئۆتۆماتیکى جێبەجێ دەبوو".

ئەو باس دەکات و دەڵێت "کوڕەکەى ئەردۆغان لە ڕێگەى نەوتەوە دەوڵەمەند بوو و مامەڵە و سەوداکان لە ڕێگەى چەند تاوبژییەکەوە ئەنجام دەدرا "، بازرگانێکى زۆر لەم کارەدا هەبوون و تورکیە تەنیا بازاڕێک بوو کە دەکرا نەوتەکەى لێ ساغ بکرێتەوە و بفرۆشرێت. ناوبژیوە تورکەکان پارەى نەوتەکەیان دەدا. نەوتێکیش کە دەدرایە ڕژێمى بەشار ئەسەد، یا لە ڕێگەى گواستنەوەى بۆڕى نەوتەوە بوو و یا لە ڕێگەى تانکەرە نەوتهەڵگرەکان. ئەو نەوتەى کە دەوڵەتى ئیسلامی بۆ تورکیەى هەناردە دەکرد، لە لایەن ناوبژیگەلێکەوە وەردەگیرا کە داعش ڕێگەى پێ دابوون. ناوبژیوانەکانى ڕژێمەکەى بەشار ئەسەدیش لە داعش ئیزنى وەرگرتبوو".

 

 

گفتوگۆ بۆ ئازادى دیپلۆمات و سەرباز و هاووڵاتییە تورکەکان

کاتێک کە ئەبوو مەنسوور لەبارەى گفتوگۆى ئازادکردنى دیپلۆماتیک و کرێکارە تورکەکان پاش گرتنى موسڵ، پرسیارمان کرد، ئەویش وەڵامى دایەوە "گفتوگۆکە لە سوریە ئەنجام درا. گرتنى موسڵ لە لایەن داعشەوە و ئەویش گرتنى لە یەک ڕۆژ تەواو پێشبینکراو بوو. ڕۆژگەلێکى زۆرى برد، بەڵام بە گومانم دەوڵەتى تورکیە بە باڵیۆزى خۆى لە موسڵ گوتبووى کە موسڵ جێ نەهێڵن. ئەودەم شۆفێرى زۆرێک لە بارهەڵگرە تورکەکان، لە موسڵ بوون. مەترسییان لەسەر نەبوو، بەڵام گفتوگۆ بۆ ئازادکردنیان هەر هەبوو. داعشیش خواستى خۆى هەبوو. پێویستى بە کات هەبوو".

ئەبوو مەنسوور باس لەوە دەکات "بۆ ئازادکردنى فەرمانبەرانى کوسنوڵگەرییەکەیان، داواى پارەمان نەکرد، ئێمە خوازیارى ئازادى زیندانییەکانى خۆمان بووین. میت ناوى ئەوانى لابوو. نزیکەى ٥٠٠ زیندانى ئێمە کە لە زیندانەکانى تورکیە بوون، ئازاد کران و گەڕانەوە بۆ نێو دەوڵەتى ئیسلامى و ئێمەیش هى ئەوانمان ئازاد کرد".

لە پەیوەندى لەگەڵ سەربازە تورکییەکانى زیارتگەکەى سلێمان شا کە تورکیە ڕێگەپێدراو بوو لە نێو خاکى سوریە بیپارێزن و داعش لە ساڵى ٢٠١٤ى زایینى گرتى، ئەبوو مەنسوور دەڵێت "تورکیە ٤٥ پاسەوانى هەبوو کە هەر ٦ مانگ جارێک ئاڵوگۆڕیان پێ دەکرا. ئەوان کاتێک کە ئەرتەشى ئازادى سوریە شکستى خوارد، گۆڕدران. تورکیە وەهاى نیشان دا کە ئەم گڵکۆیەى ئازاد کردووە، بەڵام لە ڕاستیدا پاسەوانەکانى گۆڕی. ئەودەم بە دواى شەڕەوە نەبووین لەگەڵ تورکیە. کارى ئێمەى قورستر دەکرد، بۆیە پاراستنى گڵکۆکەمان دایەوە دەستى خۆیان".

 

 

یارى دوالیزمیانەى تورکیە بەرامبەر ڕۆژئاوا

بە پێى قسەکانى ئەبوو مەنسوور، لە ساڵى ٢٠١٤ى زایینی، تورکیە ویستوویەتى یارى دوالیزمیانە لەگەڵ ڕۆژئاوا ئەنجام بدات: بەم شێوەیە ڕێگەى هاتنەژوورەوەى جەنگاوەرە بیانییەکانى بە تورکیە دەدا و لە هەمان کاتیشدا وا نیشانى دەدا کە هەنگاوى بۆ بەرگرتن لەم کارە گرتووەتە بەر. ئەبوو مەنسوور باس لەوە دەکات کە "تورکیە دەیهەویست هاتنى جەنگاوەرە بیانییەکان بۆ تورکیە و گواستنەوەیان بۆ سوریە ئاسان بکات، ئەوان تەنیا دەیانهەویست ئیشراف و سەرپەرەشتى ئەم کارە بکەن، ئەوەیکە چۆن و چ کاتێک دێن و دەڕۆنە نێو سوریە. لە ڕاستیدا گفتوگۆکەرە تورکەکان دەیانگوت دەبێت شێوەى چوونە نێو سوریە بگۆڕین. بۆ نمونە لەبرى ئەوەى کە بە گرووپ بێنە نێو خاکى سوریە، پێویستە بە تەکى و یەک بە یەک بن. لە خاڵى سنوورى تایبەتەوە، تێپەڕن. بێ چەک بێن. بێ ڕیشى درێژ. هەرچەندى دەکرێت دەبێت تیپەڕینى ئەو جەنگاوەرانەتان لە سنوورەکان بە شاراوەیی بمێنیتەوە".

"بۆ نمونە، ئەوروپییەکان سەرنجى ڕیشى درێژیان دەدا، بۆیە دەبوو شەوان لە سنوورەکانەوە تێپەڕن، نەدەبوون هەروەک خەڵکى دیکە و بە شێوەى گرووپ تێپەڕن. جەنگاوەرە ئەوروپییەکان ئەگەر لەگەڵ سورییەکان تێکەڵ دەبوون، دەیانتوانى بێ سەرنجى ئەوانى تر بێنە نێو سوریە، عەرەبەکان بە ئاسانى دەیانتوانى هاتوچۆ بکەن".

لە ئەبوو مەنسوورمان نەپرسى کە پاسپۆڕتى ساختەى سووریتان دەدایە ئەوروپییە بەڕەچەڵەک عەرەبەکان یان نا، بەڵام زانیمان کە ئەندامانى دیکەى داعش کە گفتوگۆمان لەگەڵ کردبوون، بە پاسپۆڕتى ساختەى سورییەوە کە داعش لە ئەستەنبوڵ دروستى کردبوون، هاتبوونە نێو سوریە. ڕەنگە ئەمانە هەمان ئەو ئەوروپییە بەڕەچەڵەک عەرەبانە بووبن کە ئەبوو مەنسوور بانگەشەى دەکرد بە شێوەى ئاسایی و لە دەروازەکانەوە و بە شێوەى فەرمى دەچوونە نێو سوریە.

ئەبوو مەنسوور باسى لەوە کرد "لە ساڵى ٢٠١٤ى زایینى، داعش چەند خاڵێکى سنوورى فەرمى لە ژێر چاودێرى میتى تورکیە کردەوە کە کەسانى ئێمە بە ئاسانى دەیانتوانى هاتوچۆى پێدا بکەن، بەڵام هاتنە نێو سوریە لە گەڕانەوە بۆ تورکیە ئاسانتر بوو. تورکیە جووڵەکانى دەخستە ژێر چاودێرییەوە".

بۆ ئەوانەى کە نەیاندەتوانى بە شێوەى یاسایی بێنە نێو سوریە، ئەبوو مەنسوور دەڵێت "ڕێگەى تایبەت هەبوو کە قاچاخچییەکان سوودیان لێ وەردەگرتن تا جەنگاوەرەکانى داعشى لێوە بێننە نێو سوریە. ئەم قاچاخچییانە پارەیان لە دەوڵەتى ئیسلامى وەردەگرت". ئەو ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەو قاچاخچییانەى بۆ چەندین ساڵ ئەم کارەیان دەکرد "لە لایەن میتى تورکیەوە دانرابوون". داعش هیچ بڕواى بەم کەسانە نەبوو، چونکە ئەوان کاریان بۆ پارە دەکرد. "قاچاخچى وەک بازرگانە، کەسێک کە تاکسى هەیە. پارەیان پێ دەدان، بەڵام هیچ بڕوایان پێى نەبوون. ئەوان بە گشتى کەسانێکى وەفادار نەبوون. ڕەنگە لایەنگرى ڕژێمەکەى ئەسەدیش بووبێتن".

 

 

باڵیۆزى داعش لە ئەنکەرە

ئەبوو مەنسوور بەبیرى دێتەوە کە " گفتوگۆکانى ئێمە جارێک لە تورکیە ئەنجام دەدران و جارێکى تریش لە نێو خاکى سووریە و بەم شێوەیە درێژەیان پێ دەدرا. لە زۆربەى شارە سنوورییەکانى نێزیک لە خاڵە سنوورییەکانەوە بوون". هەرچەندە لە ساڵى ٢٠١٦ى زایینى، داوا ئەبوو مەنسوور کرا کە بچێتە ئەنکارا و چەند حەوتوو لەوێ بمێنێتەوە.. "داوایان لە ئێمە کرد ماوەیەک لە تورکیە بمێنیننەوە، ڕەنگە بۆ چاوپێکەوتن بووبێت لەگەڵ ئەردۆغان. ئەودەم لە ساڵى ٢٠١٦ى زایینى و بەر لە هێرشى سەربازى بۆ منبج بوو لە نێو مانگەکانى جۆزەردان و خەرمانان (جوون و سپتەمبەر). تورکیە دەیهەوست پاڵپشتى خۆى بۆ داعش بوەستێنێت. من چوومە ئەنکارا".

 

لەناکاو بە وێناکردنى ئەوەى کە ڕەنگە هاوکات لە هۆتێلێکى ئەنکارا بووبێتین، ترسام. بە ترسێکەوە کە هەموو وجودمى داگیر کردبوو، لێم پرسى کە لە کوێ نیشتەجێ بوویت "هۆتێلێک میوانى تایبەتى هەبوو. میوانخانەیەکى میتى تورکیە بوو. وابزانم لە بنکەى سەرەکى میتى تورکیە بووم و یا لە ماڵێکى ئەمیندا. حەوتوویەک لەوێ مامەوە". هێشتا بە ترسى بیرکردنەوە لەوەى کە ڕەنگە داعشییەک بە ئاراستە و نێزیکى مندا تێپەڕیبێت، لێم پرسى هاتوچۆت بە نێو شاردا دەکرد ، گووتى "ئەگەر لەوانم داوا دەکرد کە بچمە دەرەوە، ڕێگرییان نەدەکرد. من لەژێر چاودێرى ئەواندا بووم . ئەوان دوایان لێ دەکردم کە بۆ پشوو حەوتوویەک زیاتر بمێنمەوە".

 

 

گفتوگۆ بۆ ناوچەى پارێزراو

ئەبوو مەنسوور دەڵێت "هەوراز و نشێوى زۆر لە پەیوندى لەگەڵ تورکیە هەبوو. جیابوونەوە لە نێو خۆى داعش هەبوو کە دژایەتى یەکتریان دەکرد. پاش کەوتنى منبج، گۆڕانکارى زۆر ڕوویان دا و جیاوازى نێوخۆیی و گێرمەوکێشەى زۆر لە نێو داعش دروست بوون. تورکیە داواى لە ئێمە کرد ناوچەیەکى پارێزراو و جیاکراوە لە نێوان تورکیە و سوریە وەک ناوچەیەکى ئەمین دروست بکەین. ئەوان خوازیارى ١٠ کیلۆمەتر بوون بۆ نیشتەجێکردنى سوورییەکان کە دەبێت لە ژێر کۆنتڕۆڵى تورکیەشدا بێت".

تورکیە، داعشى وەک هەڕەشەیەک دەبینى، بۆیە لەژێر چاودێری خۆیدا داینابوو، "تورکیە دەیهەویست داعش ١٠ کیلۆمەتر لە سنوورەکانى تورکیە دوور بکەوێتەوە تا هەڕەشە نەبێت بۆ سەرى. دەیهەویست ئەم ١٠ کیلۆمەترە لە ژێر کۆنتڕۆڵى خۆیدا بێت. ئەم ناوچە پارێزراو و جیاکراوەیش ١٠ کیلۆمەتر پان و ٦٠ کیلۆمەتر درێژ بوو".

 

هێرشەکانى داعش لە تورکیە

لێم پرسى چۆن پەیوندى نێوان داعش و تورکیە خراپ بوو (داعش هێرشى کردە سەر فڕۆکەخانە و دیسکۆی شەوانەى ڕینا و چەند هێرشێکی لە شەقامەکانى ئیستانبوڵ و ئەنکارا ئەنجام دا)؟ ئەبوو مەنسوور وەڵامى دایەوە "بۆمبدانانەوەکە لە تورکیە سیاسى نەبوو. ئەودەم لە تورکیە بووم و وامدەزانى من لەگەڵ ئەوان لە پەیوندیدام. کاتێک کە هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەى ئیستانبوڵ، من لە غازى عەنتاب بووم. کاتێک کە ئەم ڕووداوە ڕووى دا، ئەوان وایانزانى لە لایەن لایەنێکى سیاسیى داعشەوە بەرنامەڕێژى بۆ کراوە، بەڵام لەگەڵ مەنتق و ژیریدا وێک نەدەهاتەوە، ئێمە لەوێ بین و هێرشیش بکەینە سەریان".

ئەبوو مەنسوور باسى لەوە کرد کە "هێرشەکان لە ڕەقەوە ئاراستە دەکران، لقى دەرەوەى ڕێکخراوى زانیارى و سیخوڕی داعش فەرمانى دابوو. وابزانم کەسانێک لە میتى تورکیەش لە نێویاندا بوون. دەمزانى کە هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەکە لە بەرژەوەندى داعشدا نییە، ئەمانە گرووپەیلى تورکیەیی داعش بوون کە خوازیارى هێرش بوون و یا ڕەنگە لە ژێر کاریگەریی کەسانێکیشدا بووبن کە دژى پەیوەندى نێوان دەوڵەتى تورکیە و دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام بوون. بەڕاستى ژیرانە نەبوو، بەدەر لەوەیش لەو فڕۆکەخانەیە جەنگاوەرەکانى ئێمە دادەبەزین و لێوەى دەهاتنە نێو سوریە. فەرمانى هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەکە لەلایەن بەکرێگیراوەکانى میتى نێو داعشەوە ئەنجام درا، بەڵام باڵى سیاسیى ئێمە هیچ دەستى تێدا نەبوو. ئەوان نیاندەویست ئەردۆغان لەنێو بەرن، تەنیا دەیانویست ڕوانگەى ئەو سەبارەت بە سوریە بگۆڕن. ئەوان لە ئەردۆغانیان دەویست تا سوود لە سووپاکەى وەرگرێت بۆ هێرشکردنە سەر سوریە و سەر داعش. هێرشى فڕۆکەخانەکە بەهانەیەکى باش بوو بۆ ئەوەى ئەردۆغان هێرش بکاتە سەر داعش".

 

ئەبوو مەنسوور پێداگرى دەکاتەوە لەوەى کە "ئەمە تیۆریی پیلان نییە"، بە ئێمەى گوت کاتێک کە لە زیندانى یەکینەکانى پاراستنى گەلى کورد (یەپەگە) لە سوریە دەستبەسەر بوو، بەر لەوەى بێتە عێراق، بیستبووى کە "دەوڵەتى تورکیە ٤٠ کەسى لە ڕەقە بردووەتە دەرەوە، هەموویان ئەندامى میتى تورکیە بوونە".

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو شتەى ئەبوو مەنسوور بیستبووى، دەکرا حەقیقەتى هەبێت، ئەمەش بەو مانایە نییە کە ئەم ئەندامانەى میت هاوکارى داعش بوونە. ڕەنگە تورکیە بە هۆیانەوە سوودى لە ناسینى کەسەکانى داعش وەرگرتبێت. ئەبوو مەنسوور پێدادەگرێتەوە کە تورکیە و ئەردۆغان بە "بەرزەفڕییە ئیسلامی"ـیەکانى خۆیان، لە پشتى پەردەوە هاوکارى داعشیان دەکرد و بە ئێمەیان دەگوت کە "ئەگەر سەیرى مێژووى ئەردۆغان بکەن، ئەو لە ساڵى ١٩٨٣ تا ١٩٨٧ى زایینى لە ئەفغانستان جیهادى کردووە".

 

 

ئارەزووە بەباچووەکانى دەوڵەتى ئیسلامى

سەفەرى ئەبوو مەنسوور لە مەراکیشەوە دەستى پێ کرد، ئەودەمەى کە لاو بووە و ڕووداوەکانى یانزەى سپتەمبەرى بینیوە. لە ناکاو هەستى کرد ئەگەر لەگەڵ ئەوان (ئیسلامییە بناژۆخوازەکان) نەبێت، دژى ئەوانە. موسڵمانان لە دونیا دەبێت یەک بگرن و بەرگرى و خەبات بکەن دژى دیکتاتۆ و هێزەکانى دونیا وەک هاوپەیمانى بە سەرۆکایەتى ئەمریکا کە هێرش دەکەنە سەر وڵاتانى دیکە. "پاش ئەوەى کە بیستم جۆرج بۆش لە هێرشى سەر عێراق گوتوویەتى یا دەبێت لەگەڵ ئێمە بن یا دوژمنى ئێمەن، بە دواى ئەوانەوە بووم کە بەرگرى لە مافى موسڵمانان دەکەن".

 

 ئەبوو مەنسوور بەدواى چالاکییەکانى ڕابەرانى ئەلقاعیدە لە عێراق دەکەوێت (وەک ئەبوو مەسعەب زەرقاوى) و لە ڕێگەى ئەنتەرنێتەوە فێرى وانە جیهادییەکان دەبێت. ئەو دەڵێت "هێرشکردنە سەر عێراق، دڵى هەموو موسڵمانێکى زیاتر لە ئەفغانستان ئازار دەدا. ئەودەم خەریکى ئامادەکردنى خۆمان بووین. دەمانزانى کە لەگەڵ کەسانێکى زۆر زیرەک دەجەنگین، دەبێت ئامادەیی تەواومان هەبێت. گرووپەیلێک کە لە مەراکیش بەرگرییان دەکرد، پاش دەستپێکى چالاکییەک دەستبەسەر دەکران. ئەمەش بووە هۆى ئەوەى کە زۆر هۆشیار بم و تا هەڵکەوتنى دەرفەتى لەبار سەبر بگرم".

ئەبوو مەنسوور تا ساڵى ٢٠١٣ى زایینى سەبر دەگرێت تا دێتە ئەو قەناعەتەى کە کاتى دروستبوونى دەوڵەتى ئیسلامى لە سوریە کاتێکى گونجاوە. باس لەوە دەکات "ئێمە بە دواى پاراستنى ناسنامەى موسڵمانانەوە بووین و تا بۆ ئەنجامدانى فەرزییە دینییەکانى خۆمان ئازاد بین. کەس بە دواى شەڕەوە نەبوو، مەیلێک بۆ کوشتن و تۆڵەکردنەوە نەبوو، ئامانجەکە تەنیا ئازادبوون بوو لە دەستى دیکتاتۆرەکان. من چەکم بۆ پاراستن بەکار دەهێنا، بۆ ئەو شتەى کە بە زۆری دەستى بەسەردا گیرابوو بە زۆری ئازاد بکرێتەوە. هەموو ئەم دەوڵەتانەى کە ناچاربووین ملکەچیان بین، هیچیان هەڵبژاردنى ئێمە نەبوون".

 

 

ئێستا کە لە زیندانە، کاتێکى باشى لەبەردەستە تا بیر لە دەرفەتى دروستبوونى دەوڵەتى ئیسلامى بکاتەوە و ئەوەى کە ئاخۆ ئەگەر داعش ئەم ئارەزووى پارکتیزە کردبا، چ دەبوو.

 

ئەبوو مەنسوور ددانى پێدا دەنێت "ئەوڕۆ زۆر ماندووم. حەقیقەت شتێکى دیکەیە. زۆرێک لە ئەندامانى داعش نەخوێنەوارن. هەندێکیان بە هۆکارى تایبەت هاتوونەتە نێو داعشەوە، ئەوەى کە چۆن لە دەورى یەکترى کۆبوونەتەوە و  کێ ئەوانى کۆ کردووەتەوە تا ئەم دەوڵەتە دروست بکەن، کەمێک سەیرە". بە غەمێک لە چاوانیدا بیرى دەکەوێتەوە "کاتێک کە هاتین تا موسڵمانان لە دەستى سەرەڕۆیی دەوڵەتى سوریە ڕزگار بکەین و ئارەزووى داعش بەدی بهێنین، ڕووبەڕووى دۆخێک بووینەوە کە سەرمان سووڕما. کەسانێکى زۆر لە داعش هەبوون دیکتاتۆر بوون. هەندێک کات هەستم بە کارت یا کاغەزێک دەکرد کە سووتاوە. هەوڵمان دەدا ئەسەد لابەرین و کەسێکى لەو خراپتر بخەینەوە جێگەى".

 

"کارگەلێک کە دژى خەڵکى سوریە ئەنجاممان دا، زۆر خوێناوى و توندوتیژ بوون. خەڵکى ژێر کۆنتڕۆڵى دەستى دەوڵەتى ئیسلامى گرنگییان بە سیستەمى پەروەردە نەدەدا. ئەوان تەنیا دەیانهەویست نەوت هەڵێنجن و کارى لەم شێوەیە بکەن. بەم شێوەیە، ڕژێمى ئەسەدیش ئاژانسێکى زۆر توند و ئەمنیەتى هەبوو، بەڵام داعش لەو خراپتر بوو، مەبەستم دەزگاى سیخووڕى و زانیارییەکانى داعش بوو. ئەوان خەڵکیان دابەش کردبووە سەر دوو بەرە، جەنگاوەران و مەدەنییەکان (ناجەنگاوەران)، کە جیاوازییەکى زۆریان لە نێوان ئەم دوو توێژە دادەنا".

 

"لە ڕەقە لاشەى زۆر پەرش و بڵاو ببوونەوە و مەیدان و شەقامەکان پڕ بوون لە لاشەى هەڵواسراو و لەسێدارەدراو. بە کارەبا ئەشکەنجەو  ئازاریان دەدان. کەسانى باش نەبوون. دەیانویست سوود لە هەڵکەوتەو شوێنى خۆیان وەربگرن. هەر کامەیان لە ئارەزووى گەیشتنە پلە و پایەیەک لە دەسەڵات بوون".

 

بەڵام ئەبوو مەنسوورى ئەمیرى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام بانگەشەى ئەوە دەکات "بە دواى هێز و دەسەڵات و پلە و پایەوە نەبووم". ڕەنگە ڕاست بڵێت. سەردەمێک وەک باڵیۆزى داعش ڕۆڵى گێڕاوە، ئێستا کە لە زیندانى عێراق بەند کراوە هیچ دەسەڵاتێکى نییە و چاوەڕوانى جێبەجێکردنى حوکمى لەسێدارەدانەکەیەتى. ئەرەزووەکانى ئەو بە تەواوى بەبا چووە.

 

 

سوپاس بۆ..

ـ دامەزراوە دژە تیرۆریستییەکانى عێراق

ـ هاوکارانى ناوندى موتاڵا بناژۆخوازییە توندتیژییەکان لە عێراق

کە ئەم لێکۆڵینەوەیان بۆ پڕۆژەى گێڕانەوە دژە داعشییە ئەنجام دا.

 

 

 

 

١٨ ڕەشەممەى (مارس)  ٢٠١٩

سەرچاوە:

هۆم لاند سکویریتى (تودەى ئەمریکا)

 

https://www.hstoday.us/subject-matter-areas/terrorism-study/the-isis-ambassador-to-turkey/