بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئێران دواى سووتاندنى کۆنسولخانەکەى لەبەسڕا ئاژاوەگێڕی دروست کردووە

ئێران دواى سووتاندنى کۆنسولخانەکەى لەبەسڕا ئاژاوەگێڕی دروست کردووە
پێشهاتەکانى بەسڕا لەباشوورى عێراق لەم چەند رۆژەى دواییدا خێراییەکى بەرچاوى بەخۆیەوە بینیوە، بەئاستێک حکومەتى ناوەندی ئەو وڵاتە " حاڵەتى لەناکاوی لەو شارە و پایتەختى عێراق راگەیاندووە".
posted onSeptember 8, 2018
noبۆچوون


پاش سووتاندنى کۆنسولخانەکەى کۆماری ئیسلامى ئێران لەلایەن خۆپێشاندەرانى بەسڕاوە، بەتومەتى پاڵپشتى کردن لەگەندەڵکاران و پیسکردنى ژینگەى شارەکەیانەوە سووتێنرا.

لەسەر ئاستى حکومەتی عێراقدا، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانى ماوەبەسەرچوو بڕیاری گۆڕینى فەرماندەى گشتى ئۆپەراسیۆنى بەسڕا داوە و لەجێگەى ئەو کەسێکى لەنێو دەزگاى هەواڵگری راسپاردووە، ئەرکەکانی ئۆپەراسیۆنى بەسڕا بەرێوە ببات.

 

یەحیا رەسوول، گوتەبێژى ناوەندی راگەیاندنى ئەمنى عێراق لەراگەیەنراوێکدا روونیکردەوە " فەریق رەشید فلیح، جێگەى فەریق روکن جەمیل شەمەری، وەک فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى بەسڕا دەست بەکار دەبێت".

 

ئاماژەى بەوەشداوە " فەرماندەى نوێی ئۆپەراسیۆنەکان هزرێکى هەواڵگری هەیە و ڕەوشەکەى بەسڕاش پێویستی بەکەسایەتیەکى لەو شێوەیە هەیە".

 

فلیح لەدواى دەست بەکار بوونى، دەستى بەراوەدونان و دەستگیرکردنى چالاکوانان و کەسایەتیە دیارەکانى نێو خۆپێشاندەرانى بەسڕا کردووە، کەماوەى دوو مانگە بۆ دابینکردنى خزمەتگوزاری و ئاوی خواردنەوە و چارەسەر کردنى پێسبوونى ژینگەکەیان رژاونەتە سەر شەقام.

 

سەرەڕای بڵاوەپێکردنى ژمارەیەکى زۆرى هێزە ئەمنیەکان لەسەرجەم شەقام و شوێنە سەرەکییەکانى بەسڕا، بەڵام دانیشتووانى ئەو پارێزگایە بۆ داواکردنى مافەکانیان سوورن لەدرێژە دان بەخۆپێشاندان و دەڕبرینی داواکانیان.

 

نەقیب لەعێبی، یەکێک لەچالاکوانەکانى بەسڕا بە (تۆڕی ئاڤا تودەى) راگەیاند " ئەوان باڵەخانەى پارێزگاو ئەنجومەنى پارێزگایان نەسووتاندووە، ئەوە گەندەڵکاران بوون، بۆ ئەوەى رێڕەوی خۆپێشاندانەکان بگۆڕن".

 

ئاماژەى بەوەشداوە " هۆکاری درێژەدان بەخۆپێشاندانەکان، نەبوونى ئاوی خواردنەوە و پیسبوونى ژینگەیە لەلایەن ئێرانەوە، کەهەرچى پاشەڕۆى ژەهراوی هەیە ئاراستەى ئاوی شەت عەرەبی کردووە".

 

گووتیشى " سووتاندنى کۆنسولخانەکەى ئێران لەبەسڕا بەهۆى پاڵپشتى کردنى حزبە گەندەڵکارانی وڵات بووە، لەپاڵ ئەوانەش ئێران 31 رووباری بەئاراستەى شەت عەرەب گرتۆتەوە، ئەمەش بووەتە هۆى توڕە بوونى خەڵکى بەسڕا بەرامبەر سەرپێچیەکانى ئێران دژى عێراق".

 

ئێستاش دەزگا هەواڵگرییەکانى عێراق لیستێکى ئامادە کردووە، بۆ ئەوەى لەماوەى داهاتوو دەست بەدەستگیر کردنى ژمارەیەک کەسایەتى چالاکوان و دیارەکانى نێو خۆپێشاندانەکان بکات.

 

هەر دوابەدواى سووتاندنى کۆنسولخانەکەى ئێران، ژمارەیەک مووشەکى نەناسراو لەنزیک فرۆکەخانەى بەسڕاو قونسڵخانەى ویلایەتە یەکگرتووەکان کەوتۆتە خوارەوە، بەبێ ئەوەى زیانێکى ئەتۆى هەبێت.

 

چەند کاتژمێرێکیش لەپاش هێرشى خۆپێشاندەران بەسەر کۆنسولخانەکەى تاران لەبەسڕا، سێ تەقینەوە لەتەنیشت نەخۆشخانەى سەدر لەناوەڕاستى ئەو شارە روویدا.