بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڕوانینێک لە فێستیڤاڵەکەی ''ناودارانی کورد''  لە سنە

ڕوانینێک لە فستیڤاڵەکەی ''ناودارانی کورد''  لە سنە
AvaToday caption
posted onJuly 14, 2019
noبۆچوون

شیلان گەیلانی ــ ڕۆژهەڵات

هەر کۆڕ و کۆبوونەوە و فێستیڤاڵێک بیر و هزری مرۆڤەکان دەخاتە گەڕ و لە درز و قڵشەکانیشیدا دەنگ و قووی لێ دەوەشێتەوە. لە لایەنی ئەرێنیدا، هاودڵی و ئاشتیخوازی و پێکەوەژیان دێتە ئاراوە.
بیرمەندانێکیش کە بابەت و داهێنانێکی نوێیان پێ بێت، کلتوورەکەمانی پێ دەوڵەمەندتر دەبێت و مێشکی گەنجەکانیش زاخاو دەدرێتەوە، ئینجا گوێگران و تامەزرۆیانی ئەدەب و هونەر ڕاڤەی خۆیان وەردەگرن و ئاوەزیان بۆ هەڵە و کەموکووڕیەکان دەخەنە جموجۆڵەوە.
بیرۆکەی ناودارانی کورد باسێکی بەرفراوانە و، چەند گەورە پیاگ و ژنە هێژایەک هەوڵیان داوە ناوی ئەو ناودارانە تۆمار بکەن و بە کتێب بڵاوی بکەنەوە؛ لەوانە کتێبی ''ژنانی ناوداری کورد''ەکەی بەندە کە ١٠٠٠ لاپەڕەیە کە زستانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی لە کۆڕی ''ژنانی لێتوێژەری مێژووی ئێران'' لە زانکۆی کوردستان کورتەباسێکم پێشکەش کرد چند مانگ خرایە بەردەست پێداچوونەوەی لێکۆڵەرانی زانکۆی کوردستان لەبۆ لەچاپدانی کتێبەکەم، بەڵام لەبەر باری دارایی و چەند هۆکارێکی دی چاپ نەکرا، ئینجا کردیان بە بیرۆکە و هەوێنێ بۆ فستیڤاڵی ناودارانی کورد و بە ملیار پارەیان بۆی تەرخان کرد. دڵخۆشم کە بوومە هۆی هەڵخڕاندنی ئەم کۆڕە گەورەیە.
ئەم کۆڕە دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ گەنجەکانمان هەتا ناودارانی خۆیان باشتر بناسن و داهاتووی خۆیانی تێدا بدۆزنەوە.

دراوسێکانی وڵاتیشمان لە ڕێگەی میدیا و ڕاگەیاندنەکانەوە، ئاستی زانایی و مێژوویی و ڕەسەنایەتیی کوردیان بۆ دەردەکەوێ. قسە و قسەڵۆک لەسەر ئەم فستیڤاڵە چەندین لاپەڕە لە ئامێز دەگرێت، هیچ کۆڕ و کۆبوونەوەیەکیش بێ کەموکۆڕی نابێت. زۆرکەس دەڵێن مامۆستا مەزهەر لە گۆرانییەکانیدا شیعری سیاسی و نەتەوایەتیی بۆ کوردستان نەگوتووە. ئەدەبیات دەبێ جیاواز لە سیاسەت بێت، بەڵام ئێمەی کورد بە هۆی نایەکسانی و نەبوونی دەسەڵات، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەدەبیاتەکەمان تێکەڵ بە سیاسەت دەبێ. کاک مەزهەر ئەگەر لە سیاسەت بە دوورە مافی خۆیەتی، چونکە ڕیزی نەتەوەکەی بەبێ ئەو تێکەڵاوییە پاراستووە.   
بە کورتی بۆ فستیڤاڵی ساڵانی تر دەبێ ئەم خاڵانە ڕەچاو بکرێت:
•  کوردستان کە مەڵبەندی فەرهەنگ و مۆسیقا و هونەر و ڕۆشنبیرییە لە ئێراندا،  دەبێ هۆڵ و ساڵۆنێکی چوار پێنجهەزار کەسەی بۆ دابین بکرێت کە نەک هەر خێزانی ناوداران و خانەخوێی ئەدەب و هونەری سنە، خەڵکی کلتوورویست و تامەزرۆی ئەدەب و هونەریش بەشدار بن.
•  زانایان و ناودارەکان، خەڵاتەکانیان بۆ کتێبە چاپ‌نەکراوەکان و کەمایەسیەکانی ئەم بوارە تەرخان بکەن.
•  ژینامەی پسپۆڕان لە نامیلکەی گچکەدا بدرێت بە هەموو گەنجەکان.
•  ژنان لەم فستیڤاڵەدا لە پەراوێزدا بوون و پیاوان هەر سالار و نوقڵی کۆڕەکە بوون. ساڵێکی تر ڕێژەی ژنان دەشێ زیاتر بێت.
دڵسۆزان و لایەنگرانی فەرهەنگ و هونەر، لە باتی تانەوتوانج و زمانگەزی بە بیرمەندانی ناودار، ڕەخنەی ڕۆشنبیرانە لە سەریان بنووسن و ڕۆحی ئاوەزخوازی و شانازی و مێژووی نەتەوەکەیان بپارێزن.