بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کازم حەبیب بۆ ئاڤاتودەى: ڕەنگە هێرشى سەربازى کۆمارى ئیسلامی نەڕووخێنێ، بەڵام ڕاپەڕینى گەلەکانى دەیڕووخێنێت

کازم حەبیب بۆ ئاڤاتودەى: ڕەنگە هێرشى سەربازى کۆمارى ئیسلامی نەڕووخێنێ، بەڵا ڕاپەڕینى گەلەکانى دەیڕووخێنێت
AvaToday caption
posted onMay 11, 2019
noبۆچوون

 

لەگەڵ چڕکردنەوەى جموجۆڵە سیاسی و دیپلۆماتییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئێران و ناوچەکە کەوتوونەتە قۆناغێکى دووڵی و ئاسۆیەکی دەربازبوونیان ونە. واشنتۆن لە دواى کشانەوەى لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ٢٠١٥، چەندین سزای بەسەر کۆمارى ئیسلامیدا سەپاند. کازم حەبیب، پسپۆری ئابووری و کۆمەڵناسى، کە یەکێکە لەو کەسایەتیانەى خوێندنەوەى وردی بۆ ڕەوشەکە هەیە و، لە گفتوگۆیەکى لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى پێى وایە "حکومەتى عێراق تەنها ئەوەى لەمێشکە یارمەتی ئێران بدات نەوەک هاریکارى گەلەکەى خۆى بکات".

 

دەقى چاوپێکەوتنەکە:

 

ئاڤاتودەى: ئەمریکا لە گەلاوێژ و گەڵاڕێزانى ساڵى ڕابردوو و بە دوو قۆناغ سزای ئابووری بەسەر کۆمارى ئیسلامی سەپاند، سەرەتا کەرتی بازرگانی و دارایی و پیشەسازی بوو و دووەمیش کە لەوەى پێشوو بەهێزتر بوون، کەرتی وزەو نەوت و سوپاى پاسدارانی گرتەوە، کاریگەرى ئەو سزایانە لەسەر بازاڕ عێراق و ئابوورى عێراق چی دەبێت؟

کازم حەبیب: سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم کە سزا ئابوورییەکان کێشەی جیهان چارەسەر ناکات، بەڵکو کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات، هاوشێوەى جەنگەکان کە کێشەى نێو گەلان چارەسەر ناکەن، بەڵکو ئاڵۆزتر و زیاتریان دەکەن. بۆیە ئابڵووقە جۆرێکە لەجۆرەکانى جەنگی ئابووری و پرسەکان دەشێوێنێت، چونکە کێشەى زیاتر دەخاتەروو.

دواتر؛ گەمارۆى ئابوورى زیان بە کۆمەڵگە و مرۆڤە سادەکان دەگەیێنێت و بێکارى بەهۆى نەبوونى وەبەرهێنان زیاتر و بە هۆى نەبوونى هەناردەکردنى نەوت کاریگەریى نەرێنى لەسەر قووتى هاوڵاتیان دروست دەبێت و ناتوانێت پێداویستییەکانى خۆى دابین بکات، جگە لەوانەش زیانی زیاتر بۆ کەرتەکانى دیکەى ژیان دروست دەکات. گەمارۆى ئابوورى زیان بە بەوەبەرهێنانى پیشەسازی و کشتوکاڵى و پەرەپێدانى ئابووری دەگەیەنێت، پەرەپێدان لەژێر گەمارۆکاندا دەوەستێت، ئەمەش زیانێکە بەئابوورى و کۆمەڵگە، بەڵام بۆ چینى دەسەڵاتدار ئەمە بە پێچەوانەیە چونکە ئەو چینە بەهیچ شێوەیەک برسی نابێت و سەرچاوەى دارایی پێویستى بۆ خواردن و خواردنەوە هەیە و ئەو ڕەوشەکەشى چەسپاوە.

گەمارۆى ئابوورى  وەک بنەما دژى هەر کەسێک و شتێک بێت، خراپ و هەڵەیە و تاوانێکى قیزەوەنە، و لەسەر بنەماى واقیعیش ئەوەى لە عێراق ڕووی دا، گەمارۆیەکى خراپ و دژى گەل بوو نەوەک دژى دەسەڵات، بۆیە نەیتوانى دەسەڵات بڕووخێنێت، بەڵکو ئەوەى ڕژێمەکەى بەغداى ڕووخاند جەنگ بوو کە ئەنجامەکەشى دروستکردنى ڕژێمێکى دیکە بوو، بۆیە گەمارۆى ئابوورى دژى ئێران، گەمارۆیەکى خراپ و تاوانە وەک خاڵى یەکەم، پاشان ئەو گەمارۆیە تەنها زیان بە ئێران ناگەیێنێت، بەڵکو زیانیشى بۆ وڵاتانى دراوسێ هەیە، چونکە پەیوەندییەک لەنێوان ئێران ـ عێراق و تورکیا ـ عێراق هەیە و ئەم بازنەیەش بەردەوامیی هەیە.

ئێران ئێستا دەیەوێت قەبارەى هەناردەکردنى بۆ عێراق فراوانتر بکات تا دراوى کاشى بیانى زیاتر بەدەست بهێنێت، ئەمەش زیانێکى گەورە بە وەبەرهێنانى عێراقی دەگەیێنێت و تەگەرەشى بۆ دروست دەکات، چونکە لە ڕێگەى بازرگانییەوە پارەى بەغدا بۆ نێوخۆى تاران دەکشێنێتەوە. ئەو پرۆسەیەش کاریگەریى نەرێنى لەسەر جووڵەى بازرگانى عێراق دروست دەکا و ڕێگە نادات هەلی کار بە مەبەستى بەگەڕخستنیان لەنێو بازاڕە ناوخۆییەکان دروست ببێت، بۆیە گەمارۆى ئابوورى چارەسەر نییە بۆ کێشەکان، بەڵکو ئاڵۆزکردنی کێشەکان و دروستکردنى کێشەى نوێیە، بۆیە ئەو گەمارۆیانە زیانیش بە ئابوورى عێراق دەگەیێنن

ئێستا هەندێک دەیانەوێت مامەڵەى بازرگانى نێوان ئێران و عێراق بەرز بکەنەوە بۆ ئەوەى بارگرانى لەسەر شانى کۆمارى ئیسلامی کەم بکەنەوە، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ ئاڵۆزکردنى زیاترى ڕەوشى ناوخۆیی بەغدا و هەڕەشەى دروستکردنى بێکارى و بێبەشبوون و برسیەتى لەنێو کۆمەڵگەى عێراقی، لەهەمان کاتیشدا بازاڕەکانى ناوخۆ نەغرۆى کاڵاى خراپ و مامناوەندی ئێرانى دەبێت، لە سەرووى ئەوانەشەوە ئاستى هەژارى و زەحمەتکێشان باشتر نابێت، ئەوەش کێشەیەکى گەورەیە لەو ئابوورییەى کە بەسەر کۆمارى ئیسلامیدا سەپێنراوە.

دەبێ ئاگاداری ئەوەش بین کە ئەمەریکا هەڕەشەى لەو وڵاتانەش کردووە کە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن. ئەو سزایانەی ئەمەریکاش زیانبەخشن، چونکە ولایەتە یەکگرتووەکان هێشتا کەرستەى زیانگەیاندنى لە جیهاندا لەبەردەستە. لەولاشەوە کاتێک ئێران هەڕەشەى بەستنى گەرووى هورمز دەکات، ئەوە قسەى دەسەڵاتدارانە، چونکە ئەوە گەروویەکى نێودەوڵەتییە و ناتوانن لەو نێوەندە هیچ بکەن، هەر هەنگاوێکیش لەو بوارە بنرێت ئەوا سزاى نێودەوڵەتى نەک تەنها لەلای ئەمەریکییەکان، بەڵکو سەرجەم وڵاتانى جیهان بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێت و ڕەنگە ببێتە هۆى سەرهەڵدانى شەڕ لەو ناوچەیە و هێرشیشی بکرێتە سەر. ئەوەشمان بیر نەچێت، ڕەنگە ئیسرائیل و ئەمەریکا تاڕادەیەک ئەو پرسەیان پێ خۆش بێت، بۆ دەستێوەردان لەو پرسە.

کازم ١

ئاڤاتودەى: عێراق غاز کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە دەکا، حکومەتی بەغداش فشارێکى لەسەر ئیدارەى کۆشکى سپی دروست کردووە بۆ ئەوەى لێخۆشبوونى بۆ درێژ بکاتەوە. ئەگەرى هەیە واشنتۆن لێخۆشبوون بۆ حکومەتى عێراق درێژ بکاتەوە؟

کازم حەبیب: بەڵێ، ئەگەری هەیە درێژە بە هاوردەکردنى غازی ئێرانى بدرێت، چونکە عێراق، بەڵام ئەمەریکاش هەوڵ دەدات بەغدا بۆ هاوردەکردنى غازی ئێرانى بە دینار مامەڵەى لەگەڵ بکات، ئەمەش ئاڵۆزی بۆ عێراق سووکتر بەڵام بارگرانى بۆ کۆمارى ئیسلامی ئێران دروست دەکات، چونکە ئەو چی لە دینارى عێراقی بکات کە نەتوانێت بیکاتەوە دۆلار، ئەمەش ئاستەنگێکى جددیە بۆ مامەڵەکانیان.

بەبۆچوونى خۆى، ئێمە نەوت و غازی ئێرانى بەنرخێکى زۆر گرانتر دەکڕین، حکومەتى عێراقیش تەنها ئەوەى لەمێشکە یارمەتی ئێران بدات نەوەک هاریکارى گەلەکەى بکات، ئەمەش سیاسەتى حزبە ئیسلامییە تایفی و سیاسەتى حەشدی شەعبی سەر بەئێران لە ڕووی واقیعەوە نەک لە ڕووى یاساییەوە. ئێمە بە هۆى ململانێی ئێرانی و ئەمەریکییەوە لەگۆڕەپانی عێراقەوە دەناڵێنین.

 

ئاڤا تودەى: ئەمەریکا دەتوانێت دەستى ئێران لە عێراق ببڕێت؟ وەزیرێکى پێشووترى نەوتى بەغدا پێى وایە "عێراق تواناى بەرهەمهێنانى غازی نییە" و واشنتۆنیش تۆمەتبار دەکات بەوەى جددی نییە لەپەرەپێدانى ئەو کەرتە. ئاخۆ بەغدا دەتوانێت بە یەکجارى یاخود هەنگاو بە هەنگاو پشت لەغازی ئێران بکات؟

کازم حەبیب: عێراق ناتوانێت پشت بە هاوردەکردنى غاز ببەستێت، هەنگاوەکان دەبێت بەرەو پەرەپێدانى وزەى کارەبایی بن، تەنانەت غازیش دەکرێت پەرەى پێ بدەین.

 

ئاڤاتودەى: بەڵام باسى سێ ساڵی داهاتوو دەکرێت ئەگەر حکومەت بە فیعلی کاری لەسەر بکات؟

کازم حەبیب: کێشە نییە، بەڵام پێویستە دەست پێ بکەین، ئێستا ڕێککەوتنێک لەنێوان حکومەتی عێراقی و کۆمپانیاى سیمینزی ئەڵمانى بۆ وزەى کارەبا هەیە، ئەو ڕێککەوتنەش جۆرێک لە جددیەتى پێوە دیارە، چونکە سیمینز ناوێکە و ئابڕووی هەیە و دەترسێت لەکەدار بێت، بۆیەش ئیشکالیەتێکى گەورە هەیە بەوەى ئێران نایەوێت عێراق وێستگەى کارەبایی دروست بکات و ماوەى ١٦ ساڵە ڕێگرى لەو پرۆژەیە دەکات ئەمەش لەلایەک، لەلایەکەى دیکەش وەزیرەکان و دەوڵەت هەموویان یارمەتی ئێرانیان داوە بۆ ئەوەى تەگەرە بۆ دروستکردنى وێستگەکان و کەرتەکان دیکە دروست بکات. بەتایبەت ملشیا تایفییەکان کە ناسەقامگیرییان لە عێراق دروست کردووە بۆ ئەوەى یارمەتى تاران بدەن، تا هیچ ویستگەیەکى کارەبا و پیشەسازی لە عێراق دروست نەبێت.

 

ئاڤاتودەى: ملشیاکان بوونەتە داردەستى ئێران دژى حکومەتى عێراق و گەل، ئەمە پلانى ئێران بوو بۆ دواى ٢٠١١؟

کازم حەبیب: ئێران ڕۆڵێکى گەورەى لە بنیاتنانى ملشیا تایفییەکان هەبووە، بەتایبەت لە ڕووى پڕچەککردن و پارەدارکردنیان و دابینکردنى کادیرە ئێرانییەکان، ڕژێمى ئێران دامەزراوەیەکى ئاسایشى سیخوڕی و چاوێکى فراوانى لەنێو عێراقدا هەیە، هەروەها ژمارەیەکى زۆرى ئەو ملشیا چەکدارە تایفییانەى هەیە و هەموویان سەر بە ولایەتى فەقێن و ولایەتى فەقێش سەرجەم بڕیارەکانى لەلایەن ئەو گرووپانەوە جێبەجێ دەکات، چونکە وەک فەتوایەکى بڕیاردانە، لەسەر ئەو بنەمایەش ئەو ملشیا شێعە تایفییانە مەترسین بۆ سەر کۆمەڵگە و ئابووریى عێراق، چونکە خزمەتى وڵاتێکى دیکە دەکات نەوەک عێراق.

کازم ٢

ئاڤاتودەى: سیاسییەکان بە ئاشکرا دووپاتی دەکەنەوە بەوەى ئێران توانیویەتى ژمارەیەکى زۆری سەرکردە سوننەکان بۆ بەرەکەى خۆى ڕاکێشێت، ئەمەش لەسەر شکستى ئەمەریکی بووە، پێت وانییە ئەو پرۆسەیە یارییەکى سیاسییە عێراقییەکانە بە ئاراستەى ئێران، چونکە تاران سەرجەم داخوازییەکانى بە بەراورد لەگەڵ واشنتۆن جێبەجێ دەکات؟

 

کازم حەبیب: ئێستا ئێران پێگەیەکى گەورەی لە عێراق داگیر کردووە و من ناوم لێناوە "عێراق بووەتە نیمچە موستەعمەرەیەک"ـى لێهاتووە، ئەمەش ڕاستیە، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە کە بۆچى ئێران شەڕ لەسەر وەرگرتنى پۆستى وەزارەتى ناوخۆ دەکات؟، هۆکارەکەش زۆر سادەیە، ئەویش ئەوەیە؛ بتوانێت کۆنتڕۆڵى سەرجەم دامەزاوەکانى دەوڵەت بکات کە مەترسیدارترین وەزارەتە. ئەم کێشەیە گەورەیە، چونکە ئەوەى دەیانەوێت بۆ پۆستى وەزارەتى ناوخۆ کاندیدی بکەن، سەر بە خۆیانە، بۆیە من بە شێوەیەکى گشتى لە بارەى ڕۆڵى ئێران لەعێراق قسە دەکەم.

کەسەکان دەگۆردرێن و سبەى کەسێکى دیکە دێت، بەڵام ئەوان ئەو پێگەیان دەوێت بۆ ئەوەى ئەو سیاسەتە جێبەجێ بکات کە تاران دەیەوێت، ئەمەش کێشەکەیە.

کۆمارى ئیسلامی ئێران پانتایەکى فراوانى ئابوورى عێراق و بڕیارى ئابوورى کۆنترۆڵ کردووە و هەروەها بڕیاری سیاسی بەغداشی بەدەستەوەیە ئەمەش ئیشکالیەتێکە، مەرجەعیەتى ئایینى دەستەمۆیە و ناتوانێت هیچ بکات، چونکە زۆربەى ئەوانەش لەگەڵ مەرجەعیەتى شێعەکان کۆک نین و لەگەڵ ویلایەتى فەقێ و عەلى خامەنەئین، دەچنە لای و دەستى ماچ دەکەن، ئەمە پێی دەگووترێت ملکەچی هزرى و عەقلیەتى کۆیلەى خزمەتکار، ئێمە بەم کێشەیەوە دەناڵێنین.

جگە لەوانەشتاران ڕۆڵێکى گەورەى هەیە و گووتوومە ئێمە بەدەست وڵاتەوە گیرمان خواردووە، یەکێکیان وڵاتێکى هەرێمی خراپە کە ئێرانە، ئەویتریش دەوڵەتێکى گەورەى خراپە کە ئەمەریکایە، هەردووکیانیش برای یەکترن.

 

ئاڤاتودەى: دواى ڕووخانى رژێمی عێراق لە ٢٠٠٣، ئێران وەک منداڵێکى تایبەت مامەڵە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکات، زۆربەى ڕەخنەگرانى دەستێوەردانەکانى تاران بەهۆى بڕیارەکانى ئەمەریکاوە گۆڕاوە، هەموو لایەکێش تێوەگلانى تاران لە قەیرانەکانى ئێران ئاشکرا کردووە، بەڵام ئیدارەى کۆشکی سپی هیچی نەکردووە، پێت وا نییە ڕژێمى ئێران دەیەوێت جارێکى دیکە ببێتە پۆلیسى ناوچەکە؟

کازم حەبیب: پێم وانییە؛ ئیدارەى دۆناڵد ترامپ لەگەڵ ئیسرائیل هاوپەیمانە و دەیەوێت بەرژەوەندییەکانى تەلئەبیب لەناوچەکە جێبەجێ بکات. ئێرانیش دوژمنى ڕاستەقینەى ئیسرائیل نییە، ئەمە قسەى سەرکردەکانە، چونکە ئێران لە ئیسرائیلەوە دوورە و هەر کاتێک لە سووریاوە لێی نزیک ببێتەوە، ئەوا لێی دەدرێت، وەک چۆن ئێستا تاران بەهۆى لێدانەکانى ئیسرائیلەوە دەناڵێنێت و بەرامبەریش ناتوانێت هیچ بکات، نە شەڕی دژى ئیسرائیل و نە هیچی پێ دەکرێت. بەڵکو ئەوانەى دیکە وەک حزبوڵاو هاوشێوەکانى دەجووڵێنێت، خۆشى لە دوورەوە سەیر دەکات. ئێران لەگەڵ ئەمەریکا لە ململانێیە، ئەو دەیەوێت ببێتە جەمسەرێگى گەورە لە هەرێمایەتى، پاشان بەرەو دەرەوە فراوان ببێتەوە، ئەوان بە هیچ شێوەیەک دەستبەردارى هەناردەکردنى شۆڕشی ئێرانى ـ فارسی بۆ جیهان نەبوونە.

هێزە ئاینییەکان دەڵێن ئێمە موسڵمان و ئومەتى ئیسلامین، بەڵام لە هەر وڵاتێک هێزە ئیسلامییەکان بگەنە دەسەڵات دەبنە نەتەوەپەرست و شۆڤێنی، ئەوان لەگەڵ عێراق وەک دوژمن مامەڵە ناکەن، بەڵکو مامەڵەکەیان لەگەڵ عێراق وەک نەتەوەیەکى فارسی باڵادەستە؛ دەڵێن ئێمە دەمانەوێت دەوڵەتى فارسی لە عێراقدا بنیات بنێن، هەروەها ڕۆڵى کیسرا و سەفەوییەکان لە عێراق بگەڕێننەوە.

ئەوان نەتەوەپەرستى شۆفینین بەناوی ئیسلام و بە ناوى شێعەگەرایی، بەڵام لەڕاستیدا ئەوان تا ئێستاش سەفەویین، هاوشێوەى شێعەى عێراقییەکانیش نین کە لەگەڵ ئەواندا جیاوازن.

 

ئاڤاتودەى: پێشبینى دەکەن ئەمەریکا لە ئێران بدات؟

کازم حەبیب: پێموانییە بگاتە ئاستى جەنگ، بەڵام ئەوان دوور نین لەوەى ئەو پرسە بخەنە مێشکیانەوە، ڕەنگە گەورەتر بێت لە هێرشی ئاسمانى وێرانکاری هاوشێوەى ساڵى ١٩٩٨ـەى عێراق، ئاخر ئەوەى بەغدا سادە و بچووک و لە یەک شوێنیش بوو، بەڵام ئەوەى کۆمارى ئیسلامی فراوانتر و ناوچە سەربازییەکانیش دەگرێتەوە.

 

ئاڤاتودەى: ئەگەر ئەوە ڕووی دا، ئاماژەکانى سەرهەڵدانى جەنگ چین؟

کازم حەبیب: کەى ڕۆڵى ئێران لە عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن بەرز بووەوە، ئاخر تا ئێستاش نەگەیشتووەتە ئەو قۆناغە، لەبەر ئەوەى ڕژێمى ئێران تا ئێستاش نەیتوانیوە هەموو شتێک بەسەر عێراقدا بسەپێنێت، بۆیە پێشتر گووتم عێراق نیمچە موستەعمەرەیە.

 

ئاڤاتودەى: کەواتە عێراق لەبەردەم قۆناغی موستەعمەرەیەکى تەواودایە؟

کازم حەبیب: ئومێدەوارم نەگەینە ئەو قۆناغە و بتوانین لێی هەڵێین.

کازم ٣

ئاڤاتودەى: گریمان ئەمەریکا لە ئێرانى دا، ئەنجامەکانى چ دەبێت؟

کازم حەبیب: ئەنجامەکانى نەرێنى دەبێت، ڕەنگە ڕژێمەکە نەڕووخێنێت، بەڵام لاوازی بکات. ئێستاش لاوازە و ئەگەری ئەوەش هەیە کاریگەرییەکەى لە عێراق لاوازتر بێت. بە لاوازبوونى ئێران پێگەشى لەنێو عێراق لاوازتر دەبێت، بەڵام هێزە دیموکراتى و پێشکەوتنخوازە هۆشیارییەکەى عێراق دەبێت بەرامبەر ئەو لاوازی و دەستێوەردانەى ئێران بجووڵێنەوە.

بیرشت نەچێت، هێرشی ئاسمانى نایڕووخێنێت، وەک ئەوەى لەگەڵ ڕژێمى سەدام حوسێن ڕووی دا. لەهەمان کاتیشدا شەڕى زەمینى ڕوو نادات، لاوازبوونى ڕژێم بە ماناى ئەوە دێت کە هێزە ناوخۆییەکان ئەو وڵاتە دژى ڕژێم بجوڵێنرێن، پێویستە هێزێکى ڕێکخراوى بەهێزى دیموکرات وەک چۆن لە ساڵى ١٩٧٩ خومەینى ماندووبوون و شۆڕشی لێ دزین، بجوڵێنرێن. ئەگەر شتێکی وا لەئێران رووبدات و لە بەرژەوەندی ئێران و عێراق و ناوچەکە دەبێت. چونکە رژێمى ئێستای ئێران مەترسیدارە و کار لەسەر هەناردەکردنى شۆڕشی ئێرانى ـ فارسی دەکات.

 

ئاڤاتودەى: ئەگەر کۆمارى ئیسلامى ئێستا هیچى لێ نەهات، پێشبینى دەکەن، لە ماوەى چوار بۆ پێنج ساڵى داهاتوو، ئۆپەراسیۆنێکى سەربازی لە ئێران ڕوو بدات؟

کازم حەبیب: ڕەنگە هێزە ناوخۆییەکان بجوڵێن، وەک هێزە کوردی و ئازەرییەکان و ئەوانى دیکە، ئەمەش ئەگەرێکە. لەماوەى ڕابردووش ڕووی داوە، بەڵام ئەمانە نابنە هۆى ڕووخانى رژێم، مەگەر ڕاپەرنێکى جەماوەرى گشتى نەبێت کە بتوانێت ڕژێم بڕووخێنێت.

 

ئاڤاتودەى: لەگەڵ تووندبوونى سزاکان، برسێتى دروست دەبێت؟

کازم حەبیب: سزاکانى سەر ئێران دامەزراوەکانى دەوڵەت هاوشێوەى عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام نایڕووخێنێت ئەگەر کۆمەڵگە لەگەڵى نەکەوێت، بۆیە برسێتى و بێبەشبوون ڕەنگە ببنە هۆکارێک بۆ سەرهەڵدانى راپەرین، بەڵام بەشێوەیەکى گشتى زۆر کات برسێتى پاڵ بە خەڵکەوە دەنێت بەرەو ئەوەى کە لە ئاییندا قوڵ ببنەوە و ڕوو لە خورافە و پەڕجوو و شتى هیچوپووچ بکەن.