بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

سوریە ٤٩ ساڵ بەندەری تەرتوس بە کرێ دەداتە  ڕووسیە

سوریە ٤٩ ساڵ بەندەری تەرتوس بە کرێ دەداتە  ڕووسیە
AvaToday caption
posted onApril 21, 2019
noبۆچوون

 

یوری بوریسف، جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕووسیە کە هاوکات لەگەڵ وەفدێکی پلەبەرز سەردانی دیمەشقی کردبوو شەوی ٣١ خاکەلێوە دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتی سوریەی لەمەڕ بەکرێگرتنی بەندەری تەرتوس بە سەرکەوتوو ناوبرد.

 

بە پێی ڕاپۆڕتی هەواڵدەری سپۆتنێک، بوریسێف هیوای خواست کە ڕێککەوتنی بەکرێگرتنی بەندەری تەرتوس بۆ ماوەی ٤٩ ساڵ لە ماوەی حەوتوویەکدا واژوو بکرێت. ئەو بەندەرە لە باشوری ڕۆژئاوای سوریە و لە کەنار دەریای مەدیتەرانە هەڵکەوتووە. ڕووسیە لەو کاتەوە لە سوریە ئامادەیی سەربازی هەیە وەک بنکەی سەرەکی خۆی کەڵکی لە بەندەری تەرتوس وەرگرتووە.

تەرتوس لە دوای لازقیە بە دووهەم بەندەری گەورەی سوریە دەناسرێت و ناوەندی پارێزگایەکە هەر بەو ناوە. هێزی دەریایی ڕووسیە لە سەردەمی شۆڕەویوە لەو بەندەرە بوونی هەبووە. ڕێککەوتنە سەرەتاییەکان بۆ بەکرێگرتنی درێژخانەی تەرتوس دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٧ى زایینى. بە پێی ڕاپۆڕتی هەواڵدەری فەرمی سوریە "سانا"، پەرەگرتنی پەیوەندییە دوو لایەنەکان لە بواری وزە، پیشەسازی و بازرگانی لە بڕگەی گرینگی دانوستانەکانی وەفدی ڕووسیە و بەشار ئەسەد بووە.

یوری بوریسف هیوای خواستووە کە بە بەکرێگرتنی بەندەری تەرتوس پەیوەندی بازرگانی نێوان مۆسکۆ و دیمەشق تێپەڕی قۆناغێکی نوێ دەبێ و ئابوری سوریە خێری زۆری پێ دەگات. ڕووسیە هاوکات لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە گرینگترین پشتیوانی ڕژیمی بەشار ئەسەد دەناسرێت و لە هەستاندنەوەی بەشی زۆری خاکی ئەو وڵاتە لە گرووپە جیاوازەکانی دژبەری دەسەڵات بە تایبەت لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە.

ڕووسیە جگە لە بەندەری تەرتوس کە تەنیا بنکەی هێزی دەریایی مۆسکۆ لە مەدیتەرانەیە بە پێی ئەو ڕێککەوتنانەی کە لەگەڵ دیمەشق کردوویەتی بنکەی ئاسمانی حەمیم لە باشوری ڕۆژهەڵاتی لازقیەی لە ژێر دەست دایە.